سەرۆک بۆ بیان بینێ؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
 لە هەرێمی کوردستاندا، لایەن و گروپ و کەسانێک هەن لە ناو سۆشیالمیدیا هەر جارەو خەڵکی بە بەزمێک سەرقاڵ دەکەن، زۆربەی جار بە پلان بابەتێک فڕێدەدرێتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕیکلام و سپۆنسەری بۆ دەکەن، ئەویش بەو مەبەستەی کە زوومی خەڵک لەسەر قەیرانە جدییەکان لاچێت و، خەلکی بە پرسە لاوەکیەکانەوە سەرقاڵ بێ. 
رۆژێک بابەتی کچە مۆدیلەکان دەکرێتە رۆژەڤ، رۆژێکی دیکە داخستنی مەیخانەوە و دیسکۆکان، هەروەها بەزمی جێندەر هەمیشە شەڕی مشک و پشیلەی سەلەفیەکان و دەستەبژێری کۆمەڵگایە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک، پرسی مووچە و پارەکەی بەغدا، بابەتێکی حازبەدەستی هەمیشەی ئەو پلانە بەردەوامەیە کە هەڵایی سۆشیالمیدیای پێ گەرم دەکرێت.
وەک دەزانرێت، خەڵک کوردستان  قەیرانی ژیان و خزمەتگوزاریان هەیە، هاوینان قەیرانی  ئاو و کارەبا، زستانان کەمی و گرانی سووتەمەنی بەرۆکی دەگرێت، گەندەڵی زۆر و، نادادی لە حوکمڕانی، نەبوونی هەلی کار و، دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە چەند ساڵی رابردوو، پاشەکەوتی مووچە و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە، گرفتی دیکەن کە هەمیشە باری سەرشانی خەڵک قورس دەکەن. ئەمە وێرای قەیرانە سیاییەکان، ناکۆکی و دووبەرەکیە حزبییەکان.
 هەموو ئەمانەوە زۆرێک لە پرسی دیکەش، هاوڵاتیانی لە بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵات بێئومێد کردووە، تەنانەت وای لێهاتووە کە خەڵک متمانەی بە زۆربەی هێزەکانی دیکەش نەمێنێ. لە چەند ساڵی ئەزموونی دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردی،  بە بەرنامە خەڵک و هاوڵاتی بێ ئیرادە کراون، بۆ نموونە کەم وایە هاوڵاتیان بابەتی ڕەخنە ئامێز بخوێنەوە، کەچی دیمەنێکی تیک تۆک، پۆستێکی فێسبووک، سناپێک لە سۆشیالمیدیا دەتوانن دونیا بهەژێنن.
هەفتەی ڕابردوو دیمەنی پێشوازیکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و،  کەسە نزیکەکانی بەرپرسان لە عەلی عادل، یوتوبەری عەرەب لە سۆشیال میدیا دونیای پڕکرد، لە بەرامبەر ئەو هەواڵەی کە لە بڵاوکرایەوە، هەندێک لە ئەندامانی سەر بەدەسەڵات هاواریان لێهەڵسا، هونەرمەندانی سەر بە ئەوان ڕەخنەیان گرت. جێگای باسە،  زۆربەی ڕەخنەکان بەو ئاڕاستەیە بوون،  کە بۆچی سەرۆکی هەرێم ئامادەی تێدایە یوتوبەری عەرەب ببینێ، بەڵام ئەوان نابینێ؟!
شایانی باسە، ئەوانەی داوایانکردووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک یوتوبەرە عەرەبەکە پێشوازیان لێبکات، نە جێگای مەترسیین بۆ ئەو دەسەڵاتە نە لە خەمی پرسی گشتی دان، بۆیە دڵنیاین ببینرێن جگە لە پرسی تایبەت بە خۆیان جورئەت ناکەن قسەیەکی دیکە بکەن، هەر بۆیە دەبینین کە ئەوان نیگەران نین لەوەی بەرپرسان خەڵک نابینن و، دەرگایی کۆشکەکانیان بە ڕووی خەڵکی کوردستان داخراوە،  بگرە خوازیارن چی بۆ عەلی عادل کراوە بۆ ئەوانیش بکرێ.
لە هەرێمی کوردستان خەڵکانێکی کەم لە چین و توێژەکانی نزیک لە دەسەڵات، لە نموونەی بەشێکی نووسەران، هونەرمەندان، تەنانەت کەسانی ناو سۆشیالمیدیاش،  فێر کراون زوو زوو دەمیان شیرین بکڕێ، بەداخەوە ئەو بەرپرسان و هیزەکانی سەر بە دەسەڵاتن ئەو جۆرە کەسانەیان فێری ئەو بەزمە کردووە، بۆیە کاتێک لێیان دەگیرێتەوە و، بەرپرسان  نایانبینن هاواریان لێهەڵدەستی و ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن.
دواجار دەڵێین، ئەو بەزمەش بەسەر دەچێ و تەواو دەبێ، بەڵام دەبێ بزانین کە دەیان سیناریۆی دیکەی لەو شێوەیە بەڕێوەیە، لە لای بەرپرسان ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خەڵک لە ژێر باندۆری ئەو مۆرفینە بمێنێتەوە کە ناو ناوە لە رێگەی سۆشیالمیدیا لێیدەدرێ.
هەرکە زانیتان و بیستتان،   کە ئەوانەی لەسەر پرسی لاوەکی نووزەیەک دەکەن،  لە لایەن دەستەڵاتداران بەکەم شتێک ڕازیکران،  بۆیە پرسی عەلی عادل کۆتایی پێدێت و ئەمانەش بێ دەنگ دەکرێن.
بۆیە با سەرۆک ئەوانە نە بینێت، بە دیتنی ئەوانە هێندەی دیکە ڕەخنەی خەلکی لە بەرامبەریان زیاتر دەبێت، چونکە ئەوانە  مووشەخۆری ناو کۆمەڵگان و، رەخنەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیانە و،لە لای خەڵکی دیکە فلسێکی سووتاو ناهێنێت.




13/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر