لە دوا ساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا چی ڕوودەدات؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەرەوە دوا کاتژمێرەکانی کۆتایی دەچێت، دەبێت سەرلەبەیانی رۆژی 14ی مانگ لە تەواوی تورکیا دەنگدەران بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بدەن.

دوای هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا و گۆڕینی سیستەمی وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەیەکەوە ئەنجام دەدرێن، سەرۆک کۆمار و ٦٠٠ ئەندامی پەرلەمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ متمانەیان پێدەدرێت.

لە دوێنی پێنجشەمەوە 2023/5/11، واتا سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن، ململانێ و رکابەریەکان لە سازدانی میتینگ و سەردانی مەیدانیەوە گۆڕدراوە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی درووستکراو و شکاندنی یەکتری بە تۆمەتی جۆراو جۆر.

 یەکەم قوربانی ئەم شەڕەش کاندیدی سەرۆکایەتی و سەرۆکی پارتی مەملەکەت موحەڕەم ئینجە بوو، ئەوەیش بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە گوایە لەگەڵ ئافرەتێکی پۆڕن دەرکەوتووە، ئەگەرچی زۆربە پێیان وایە ئەو ڤیدیۆیە درووستکراوە و ئامانج لێی لەکەدارکردنی ئەو کاندیدەی سەرۆکایەتیە.

موحەڕەم ئینجە، کە لە هەڵبژاردنی 2018ی سەرۆکایەتی تورکیا رکابەڕێکی سەرسەختی ئەردۆگان بووە، لەسەر لیستی پارتی گەلی کۆماری (GHP)، وە توانی لە هەڵبژاردنەدا %30.6  بەدەست بهێنێت و لەبەرامبەر %52.6  ی دەنگەکانی ئەردۆگان بدۆڕێت، بەڵام ئێستا بەرگەی شەڕی ڤیدیۆکانی ناگرێت  و سێ رۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن لە کێبڕکێ سەرۆکایەتی پاشەکەشە دەکات.

دوای ئەو ڤیدیۆیە ئەو جارەیان ڤیدیۆیەکی کەمال کلجدرا ئۆغلوو دزەی پێکراوە،  کە لە هەمان ڤیدیۆدا لەگەڵ موراد قەرەیەلان سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکەوێت.

شایانی باسە، پێش بانگەشەی هەلبژاردنیش لە تورکیا شەڕەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و بەڵگەنامەکان هەبووە، سەردەستی گروپێکی مافیای تورکیا سدات بیکر چەندین بەڵگەنامەی لەسەر خودی رەجەب تەیب ئەردۆگان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بڵاوکردەوە، پێشتر سدات هەڕەشەی ئەوەشی لە ئەردۆگان کردبوو کە لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵگەی دیکە لە دژی  بڵاودەکاتەوە.

چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بێدەنگکردنی سدات بیکەر سەرۆک کۆماری تورکیا سەرانی ئیماراتی کرد،  لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێکەوتنی کرد تا بلۆکی سەرجەم ئەکاونتەکانی سدات بیکەر بکەن، تا نەتوانێت هەڕەشەکانی بکات بە کردار.
ئەو مۆدیلە لە شەڕی یەکتر شکاندن ڕەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە روسیایان تۆمەتبار دەکرد کە لە پشتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان بووە بە قازانجی دۆناڵد ترەمپ دژ بە کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن.

بۆیە ئەمڕۆ کەمال کلیجدار ئۆغلوو، کاندیدی سەرەکی بەرەی میللەت هاوپەیمانی شەش قۆڵی ئۆپزسیۆن کە لە هەمان کاتدا بەرەی رەنج و ئازادیش بە سەرۆکایەتی پارتی چەپی سەوز پشتیوانی لێدەکات، هۆشداری دایە وڵاتی روسیا بەوەی نابێت لە هەڵبژاردنی تورکیا بە قازانجی هاوپەیمانیەتی کۆمار (  MHP،  AKP) دەستوەردان بکات.

زۆربەی ناوەندەکانی راپرسی باس لە پاشەکشەی دەنگەکانی ئەردۆگان و هاوپەیمانیەتی دەسەڵات دەکەن، بۆیە بۆ راستکردنەوەی باری لاریان پێشبینی سیناریۆی جیاجیان  لێدەکرێت، بەزمی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیش بەشێکە لەو شەڕە نەفسیە کە گومانی زۆر دەکرێت دەستی دەسەڵاتی لە پشت بێت.

13/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر