١٩٨٧/٥/١٩ رۆژی شکۆ و جوامێری ڕواندزیەکانە

هیوا سه‌ید سه‌لیم


لە نێو گەرمەی شاڵاوەکانی ئەنفال و لە هەرەتی بەهێزی سوپای داگیرکەری بەعسدا، لە کاتێکدا کە ئەو سوپایە لە دۆڵی ئاکۆیانی مەکۆی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دمی دەشکێت، لە خۆشی ئەو شکستە سەربازیە هاوڵاتیانی گەڕەکی ناوڕەزان لە کاتی گەڕانەوەی سوپا دۆڕاوەکەی بەعس لە شەڕگەکان، منداڵان بە چەپڵە و ژنان بە هەلهەلە لێدەدا پێشوازی لە سوپا شکستخواردووەکەی بەعس دەکەن. 
شایانی باسە، دانیشتوانی گەڕەکی ناوڕەزان کە ساڵانێک بوو پێشمەرگە و ڕێکخستنە نەهێنیەکان شەوانە ناوی گەڕەکەکەیان دەکردە گەڕەکی "شەهید سەید سەلیم" و بەرۆژیش پیاوانی رژێم ئەو ناوەیان دەسڕیەوە لە شوێنی ناوی (حی سەدام) دەنووسرا، ئەو هەڵوێستەیان و خۆشحاڵیان بە شکستی سوپای ئەنفال وایکرد رقی بەعەسیەکان بگاتە ئاستێک بیر لە چاوشکاندنی ئەو خەڵکە تێکۆشەر بکەنەوە ئەویش بە تێکدانان  رووخاندنی چەند ماڵێک لە گەڕەکی ناوڕەزان.
رۆژی دوای شکستە سەربازیەکە واتا 19/5/1987، کاتێک بەعسیەکان دەست دەبەن بۆ تێکدانی خانووێک چەکدارێکی بە هەڵوێست دەست بۆ چەک دەبات و تەقە بە ئاڕاستەی شۆفەڵەکە دەکات، ئەو تەقەیە دەبێت چەغماغەی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێک کە ئەنجامەکەی ئازادکرنی تەواوی شاری ڕواندز دەبێت لە دەست سوپای داگیرکەری بەعس، لە رۆژەدا ڕواندز لە دەستی بەعسیەکان ئازد دەبێت. 
جێگای ئاماژە پێدانە کە ڕاپەڕینی19/5/1987، بە خوێنی ئاڵی شەهیدان (موحەمەد زیندین، موحەمەد سەبری، ئازاد عەزیز شاکر، موحەمەد حوسێن فریاد) نەخشێندر،لەگەڵ شەهیدبوونی ئەو پۆڵە شەهیدە هاوڵاتیەکی بەتەمەن بەناوی قادر سەرانەیی لە خەرەندی ڕواندز هەردەدێرێت و گیان لەدەست دەدات کە ئێستاش گۆرەکەی لە نێو ئەشکەوتێکی ناو خەرەندە.
لە تۆڵەی ئەو راپەڕینە مێژوویە و بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی ڕواندز و خەڵکە تێکۆشەرەکەی دۆڵی ئاکۆیان بەعسیەکان رۆژی ٢٥/٦/١٩٨٨، گەورەترین هێرشی دەکەنەوە سەر ڕواندز و لە ئۆپڕاسیۆنێکی ڕەشبگیری فراواندا زیاتر لە سەد کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە دەستگیر دەکەن، ٢١ کەسیش کە لە ڕاپەرینەکە ڕۆلیان هەبووە،  بە بڕیاری ژمارە ٢٨٢٣ دادگای سەرۆکایەتی شۆڕش (مجلس قیادە الپورە  ) بە غیابی سزا دەدرێن.
شایانی باسە، دوا بەدوای ئەو ڕەشبگیریە و بە دەسیسەی کەسانێکی خائین 13 کەس لە گیراوەکان جیادەکرێنەوە و دوای ئەوەی ئەوانی دیکە ئازاددەکرێن ئەو سیانزە کەسە لە لایەن دائیرەی ئەمنی هەولێر دوای ئەشکەنجەدانی زۆر هەر هەموویان شەهید دەکرێن، بەبێ ئەوەی کە کەسوکاریان هیچ زانیاریەکیان  پێبدرێت.
دوای ڕووخانی رژێمی سەدام و لە ساڵی 2004 لە شاری ڕواندز دەستەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی ئەو شەهیدانە و کۆکردنەوەی بەلگەنامەی پێویست بۆ جولاندنی دۆسیەی ئەنفالکردنی هاوڵاتیانی ڕواندز لەو 13 شەهید و ئانفالکراوانی دیکە پێکهات، ئەو دەستەیە کە لە ژێر ناوی "دەستەی داکۆکی لە ئەنافلکراوانی ڕواندز"کاری کرد، ئەویش بە کۆکردنەوەی چەندین بەڵگەنامەی سەردەمی بەعس توانی لە دادگایی باڵای تاوانەکانی ئەنفال  کە لە بەغدا دژ بە سەرانی رژێمی بەعس پێکهاتبوو دۆسیەیەک بە ناوی "کۆمەڵکووژی ڕواندز" بکاتەوە. جگە لەوەش لە لایەن دەستەکەوە  توانرا شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی 13 شەهیدەکەی ڕواندز بدۆزێتەوە.
لە ئیستادا کە 36 ساڵ بەسەر ڕاپەرێنی شاری ڕواندز تێدەپەڕێت دەبوو ئەو رۆژە بکرێتە رۆژێک کە لەو شارەدا دەیان چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام بدرێت.
شایانی باسە، چەند ساڵێک بە دەستپێشخەری دەستەی داکۆکی لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ڕواندز و هاوڕێیانی کتێب لە ڕواندز ئەو یادە پڕ شکۆیە یاد دەکرایەوە، بەڵام مخابن بە هۆی داتاشینی رۆژێکی دیکە وەک رۆژی ڕواندز ئێستا کەمتر باس لەو یادە مەزنە دەکرێت،  کە بەراستی 19/5/1987، رۆژی شکۆ و جوامێری ڕواندزیەکان و خەڵکە تیکۆشەرەکەی دۆڵ ئاکۆیانە، بەسەرجەم گوندەکانی دەوروبەری ڕواندز.








20/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر