لە خەمی چیدا بین ؟

چیا عەباس

بەرێز دکتۆر بورهان یاسین لە ٢٧/٢/٢٠٢٣ وێستگەیەکی تری لە هەوڵەکانی بۆ سارێژکردنی زامەکان بڵاوکردۆتەوە. وێرای بەرزنرخاندنی هەوڵە بەردەوامەکانی لە سارێژکردنی ئەو زامانەی کە بەرێزی وەک خەمێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و گۆرانکاری لەئەستۆی گرتوە، بە پێویستیشی دەزانم وەک دو هەڵسوراوی دێرینی سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێی هەوڵەکان و دەرئەنجامەکان و دەرهاوێشتەکانی بکەین بەمەبەستی گەیشتن بەو وێستگانەی کە هەڵسواراوە نارازیەکان لە ناو گۆڕان و لە دەرەوەشی خاڵی هاوبەش دارێژن و ئەوەش بکەن بە سەرەتایەک بۆ نزیکبونەوە لە ئامانجە هاوبەشەکان.
بۆ خۆم ئاشنام بە بۆچون و هەوڵەکانی دکتۆر بورهان لە سەرەتاوە تا ئەم چرکەیەش، لەو پرۆسەیەدا لێکتێگەیشتن هەبوە و هاوکاتیش پێکدادان، لێکتێگەیشتن لە بەشێکی ئامانجەکان و پێکدادان لە هەڵسەنگاندن و شێواز و ئامرازی گەیشتن بە ئامانجەکان، زۆر بە سروشتی و ئاسایی دەبینم ئەو جۆرە جیاوازیانە هەبن.
پێشەکی بە پێویستی دەزانم بەرێزی بە ئاگا بهێنمەوە چەندین هەڵسوراوی گۆڕان، بە بەندەشەوە، هەر ئەو سەردەمەی کاک نەوشیروان لە ژیاندا بو و چالاکانە کارەکانی بەرێدەکرد رەزامەندی و پشتگیری خۆی دەربری بۆ دروستکردنی مینبەری گۆڕان هەر کاتێک لادان و پێشیلکردنی پرەنسیپەکانی گۆرانکاری بەرچاو کەوتن. سەرجەم هەڵسوراوەکانی گۆڕان بە ئاگا لەو پرسە لە ژیاندا ماون و هەروەهاش دەقی ئەو پەیامەی کاک نەوشیروان رەزامەندی لەسەر کردوە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لە ناوەرۆکی دەکەم کە لە بەرواری ٢٢ ئەپریل ٢٠١٥ پەسندکراوە.:
روانگای گۆڕان سه‌کۆیه‌کی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ بۆ چاودێریکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی کار و ره‌فتاری هه‌ڵسوراوانی گۆڕان له‌ ناو بزوتنه‌وه‌که‌ و له‌ پەرله‌مان و حوکمرانیدا. 
روانگای گۆڕان هه‌ڵقوڵاوی به‌رنامه‌ و رۆحی ره‌سه‌نی گۆرانه و پابه‌نده‌ به‌ هێڵه‌ گشتیه‌کانی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی کاری بزوتنه‌وه‌که، له‌و روانگایه‌وه خۆی به‌ قه‌ڵغانێکی بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌زانێت و بوێرانه‌ هه‌ڵه‌ و لادان و پابه‌ند نه‌بونی هه‌ڵسوراوان ئاشکرا ده‌کات،. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م روانگایه‌‌ رێگریکردنه‌ له‌ خراپ به‌کارهێنانی پێگه‌ و ده‌سه‌ڵات و لادان و جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌رکه‌کان ده‌رهه‌ق به‌ بزوتنه‌وه‌که و به‌رنامه‌که‌ی.
پاش کۆچی دوایی بە ماوەی نزیک ساڵ ونیوێک ( لە١٨ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨) دەیان هەڵسوراوی گۆڕان لە شاری لاها لە هۆڵەندا لە کۆبونەوەیەکی دو رۆژیدا گەیشتنە ئەو باوەرەی کە سەرکردایەتی گۆڕان لە هێڵە گشتیەکان و پرەنسیپەکانی هزری گۆرانکار لایان داوە، بە پرۆژەیەکی تێروتەسەلی گشتگیر پرۆگۆران مان دروستکرد و لە هەمان ساتیشدا رێکخەری گشتی نوێی بزوتنەوەکەمان بە پەیامێک ئاگادار کردەوە کە مەبەست لە پرۆگۆڕان دژایەتیکردنی گۆڕان یاخود بەدیلێک بۆی نیە. پرۆژەکەمان بۆ خانەی راپەراندن و هەر دو جڤات نارد. لەم نوسینەدا دواتر بەوردی دەگەرێمەوە بۆ ئەم بابەتە.
بەرێز دکتۆر لە کۆی گشتی هەوڵەکانی بە وردی خاڵی لەسەر مەبستەکان داناوە، لە گەڵ روداو و گۆرانکاریەکان ئەپدەیتی کردونەتەوە، بۆ خۆم بە دیاردەیەکی واقعبی دەیبینیم، هەرچۆنێک بێت دوا دەقی پرۆژەکەی جەخت لە سەر چوار خاڵی سەرەکی دەکاتەوە:
١- ئاشتەوایی٢- بوژاندنەوەی پانتایی چاکسازیخوازی و گۆرانکاری
٣- گۆرانکاری ریشەیی لە پانتایی سیاسیدا٤- سارێژکردنی زامەکان
کەسێکێ دڵسۆز نادۆزیتەوە ناکۆک بێت لە گەڵ هیچ خاڵێک لەم ئامانجانە، لە گەڵ ئەوەشدا تەنها ئاماژەدان پێیان و باسکردنێکی سادەیی نابنە دینامۆی بەدەستهێنانیان.
ئاشتەوایی
ئەم دەستەواژەیە زیاتر سیمای کۆمەڵایەتی دەبەخشێت، لە ژیانی رێکخراوەیی و سیاسەتدا کاتێک پێرەوی دیموکراسیەت بکرێت یەکسانی لە ماف و ئەرکەکانی زۆرینە و کەمینە دارێژەری بەهێزی زەمینەی بەیەکەوە کارکردن و تەواوکردنی یەکترە، بە پێچەوانەوە " ئاشتەوایی" دەبێتە خەونێکی خەیاڵاوی.
ئەزمونەکان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی گۆڕان تەواو پێچەوانەی " ئاشتەوایی" دەسەلمێنن.
کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ بەندە و چەند هەڵسوراوێکی دێرینی دڵسۆزی گۆڕان پرۆ گۆڕانمان دروستکرد و پرۆژەیەکی تێروتەسەل کەسەرجەم تەورەکانی لە خۆگرتبو پێشکەش بە گۆڕان کرا، دەسەڵاتدارانی گۆڕان نەک وەڵامیشیان نەدایەوە، بەڵکو بێرێزیەکی ئێجگار قورسیان بەرامبەرمان کرد کاتێک گوتیان: دەبن بە پارتی، دەبن بە یەکێتی یا شتێکی تر منەتتان نەبێت. بەوەشەوە نەوەستان دو بەرپرسی دو لە گەورەترین ئەنجومەنکانی گۆران یان لە ئەوروپا کە لە گەڵ پرۆگۆران بون سرکرد، بەرپرسانی ئەنجومەنی سویسرا و هۆڵەندا، بێجگە لە چەندین جۆری تری سزادان. ئەمە لە کاتێکدا بێدەنگ بون لە چەندین گەندەڵی و نارەوایی بەرچاویان لە ناو گۆراندا.
ئەم زامە سەختانە هەروا بە خەمێکی سادەیی سارێژ ناکرێن و " ئاشتەوایی" لە گەڵ ئەم ئەقڵیەتە تەنها و تەنها بە رێکردنی چەندین هەنگاوی زۆر جدی دەست پێدەکات.
سیاسەت ئاوێنەی فکر و ئیرادەیە و ئەقڵیەت و نیەتیش کەرەستە سەرەکیەکانی ئەو هاوکێشەێەن، ئەمە لە ناو گۆرانی ئێستادا نەبەدی کراوە و نە چاوەروانی دەرکەوتنیشی دەکرێت بۆیە " ئاشتەوایی" دەستەواژەیەکی خەیاڵپڵاویە.
هەمان شت لە گەڵ کورەکانی کاک نەوشیروانیش سەلـمێندراوە، کە ئەوەی بە خەیاڵی، تایبەت، چیای کورە بچوکیدا نایەت " ئاشتەواییە"، بێگومان چەندین جار ئەمەشمان تاقیکردۆتەوە. لەدەستی دەستی پێکردن و زیگزاگ رۆیشتن هیچی ئەوتۆی لێ نەبینراوە.
بوژاندنەوەی پانتایی چاکسازی و گۆرانکاری:
دکتۆر بورهان لە باسکردنی پرۆژەکەیدا وا پیشانی دەدات کە ئەو یەکەم پرۆژەی پێشکەش کردوە، بازدانێک بەسەر چەندین هەوڵی هەڵسوراوە دێرینەکانی گۆڕان. لە سەرەتادا چەند هەڵسوراوێکی شایستەی متمانەی کاک نەوشیروان پرۆژەی هەستانەوەی گۆڕان یان پێشکەش کرد، بەندەشی تێدا بو، دەسەڵاتدارانی گۆران بە دەرکردن و شێوازی زۆر تاکرەوانە و دور لە هەمو نەریتێکی دیموکراسی و نیەتی چاکسازی مامەڵەیان لە گەڵ بەشیک لێیان کرد.
وەک پێشتر باسم لە سەرهەڵدانی پرۆگۆڕان کرد لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨. دەسەڵاتدارانی گۆران زۆر بێدەنگ بون و چەندین جار داوای وەڵاممان لێکرد، لە بەرد نقە هاتوە لەو دەسەلاتە نەهاتوە، دواتر بە تۆمەت بەخشین و رەفتاری نارەوا و سرکردنی دو بەرپرسی دو گەورەتریی ئەنجومەنی گۆڕان لە هۆڵەندا و سویسرا ( بەرێزان رەنج تاهر ئەفەندی و هەوراز جمال رەفعەت) وەڵامیان داینەوە. تۆ بڵێیت بەرێز دکتۆر بورهان لەم روداوانە بێئاگابوبێت و ئێستا خۆی بەیەکەم دەستپێشخەر بۆ چاکسازی ناو ماڵی گۆڕان نمایش دەکات و وا پێشانی دەدات سەدان هەڵسوراو و دەیان گروپی نارازی هەڵسوراوان سەرقاڵی کوتینەوەی ئاسنی سار دون. مەخابن ئەمە لەدکتۆر بورهان چاوەروان نەدەکرا بەو ئەقڵیەتە و سرینەوەی هەڵسوراوانی تر و هەڵمەتە بەردەوامەکانیان خۆی و پرۆژەکەی  وەک سەرقافڵەی هزری گۆرانکاری نمایش بکات.
لەو باوەرەداملە کاتی خۆیدا و لەسەرجەم قۆناغەکانی ئەو ساڵانەی بەرێزیمان لە ورد و دروشتی هەنگاوەکان ئاگادار کردۆتەوە، بە هەر هۆکارێک بێت نقەی لێوە نەهاتوە. کاتێکیش بۆچونێکمان راگەیاندبێت بە دڵی نەبوە نارەوا و توند رەدی داوینەتەوە. 
دوای ئەوەی پرۆگۆڕان لە گۆرانکاری و چاکسازی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بێئومێد بو، بریارمان دا هیچ پەیوەندیەکی رێکخراوەیی و فەرمیمان لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەمێنێت، لە گەڵ گۆڕان و لە گەڵ خۆشمان و لە گەڵ گۆرانخوازە نارازیەکانیش راستگۆ بوین، خۆمان لە سایەی سێبەری گۆڕان یاخود کورەکانی کاک نەوشیروان نەشاردۆتەوە و خەریکی پرۆژەو پرۆژەسازی نەبوین لە گەڵیاندا، لە دو ریانەکدا رێگای خۆمان گرتە بەر تا ئەوانتوشی سەریەشە نەکەین و هەم خۆشمان بەدوای سەرابدا رانەکەین.
رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ) تاکە هەڵمەت و پرۆژەی سەربەخۆیە کە خاوەنی کارنامەیەکی چروپر و دیدگای رونی بێ پێچ وپەنایە بۆ هزری گۆرانکاری، گرتبونەوەیەکی ئارەزومەندانەی سەرجەم ئەو بەرێزانەیە کە باوەریان بەوە هەیە دەبێت هاوڵاتی، نەک حزب و رێکخراو و کەسایەتی و ....تاد، بریاردەر بن لە ئایندەی خۆیان لە هەمو بوارێکدا. پێم سەیرە دکتۆر بورهان نەک بازی بەسەر ئەمەدا داوە بەڵکو بەخەیاڵی خۆی هەر بونیشی نەبوە، بۆیە خۆی وەک فریادرەسێک بۆ ئاواتێکی خەیاڵاوی نمایش دەکات.
ئەوەی بەرێزی هەوڵی بۆ دەدات پینەوپەرۆکردنی شیتاڵێکە ئەوەندە کەڵکی نەماوە، بەرگریکردنە  لە کەیسێکی دۆراو کە تەنها تەواو کاڵبونەوەی زیاتر هاژوهوژ دەکات، چونکە مەحاڵە بتوانێت گیانی بەبەردا بکاتەوە. دەشبو لەو هەوڵەیدا خاڵی لەسەر سەرجەم وشەکان دابنایە نەک تەنها ئەوانەی لە فەرهەمنگی ئەودا شوێنیان کراوەتەوە.
هیچ حزبێکی، تایبەت دەسەڵاتدارەکان لە کوردستان، مەحاڵە بتوانن چاکسازی لە ناو خۆیاندا بکەن، کاک نەوشیروان لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا چەندینجار رایگەیاندوە کە چاکسازی لەو جۆرە حزبانەدا مەحاڵە بە گۆڕانیشەوە، دەیگوت کوردستان پێویستی بە تسونامیەکی سیاسیە کە بە خۆشمەوە بمان کاتە چیرۆکەکانی مێژو.
بەکورتی دەڵیم تەنها کشانەوە لە حکومەت نابێتە " صک الغفران "، لەم ساتەدا ئەم خاڵانەی باسم کردون بە کافی دەزانم، بێگومان لە ئایندەدا قسەی تریشمان دەبێت.


03/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر