بەراوردکردنێکی وردی نێوان دەسەڵاتی سەردەمی سەدام و دوای نەمانی چەندین راستیمان بۆ بەرجەستە دەکات. وێرای ئەوەی سەدام دکتاتۆرێکی درندە و خوێنرێژ بوە لە گەڵ کورد و هێزە نارازیەکانی عێراق، بەڵام ناشێت ئەم بەشەی مێژو بکرێتە پاساوێک بۆ چاوپۆشین لە هەڵوێست و رەفتاری دەسەڵاتدارانی دوای نەمانی.
سەدام و پرسی کورد
سەدام و دەست و پێوەندەکەی گەورەترین و درەندترین تاوانیان دژ بە کورد کردوە، سەدام شۆرشی کوردی بە مەترسی زانیوە لەسەر دەوڵەتی عێراق و رژێمەکەی، رێکەوتنی جەزائیر لە گەڵ شای ئێران ئەم راستیانە دەسەلمێنێت.
دوای شکستی شۆرشی ئەیلول سەدام هەوڵێکی زۆری دا بەرگری کورد لە عێراق لە رەگ و ریشەدا هەڵتەکێنێت. کاتێک بەرگری کورد بەرپابوەوە و تەشەنەی کرد سەدام هەمو رێگایەکی گرتەبەر بۆ دامرکاندنەوەی، گەیشتە ئاستی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، ئەمانە بەشێکی گرنگی راستیەکانی ئەو مێژوەن.
لەگەڵ ئەمانەشدا سەرکردایەتی سیاسی کورد لە سەردەمی راپەرین و کۆرەوەکە واقعبینانە کەوتە گفتوگۆ لە گەڵ سەدام، گەلێک هۆکاری ناوخۆ و دەرەکی رێگربون لە گەیشتن بە ئاکامێکی گونجاو.
جاران - بەرەی شیعە و کورد
دەسەڵاتدارانی عێراق لە دوای سەدام بەسەر چەند هێزێکی شیعەی جیاجیا دابەش بوبون و زۆربەیان کارئاسانی و هاریکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ دەکرا، ستەمکاری و درندەیی رژێمی سەدام ئەمانی و هەوادارانیشیانی گرتبوەوە.
ئەم هێزانە و سەرکردە ناودارەکانیان شیعە بون و بەسەر نەجف و قومدا دابەش بوبون، لە مەقامی یەکەمدا دژایەتی نێوان سەدام و ئەمان لە رەگ و ریشەی مەزهەبیدا هەڵقوڵا بو، لەگەڵ ئەوەشدا کەمینەیەکی ناودار لێێان پشتیوانی پرسی رەوای کوردیان لە عێراق دەکرد. دوای سەرکەوتنی ئیمام خومەینی و ئەو مەجزەرانەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کوردی رۆژهەڵات ئەنجامیان دا دەنگی پرۆتێستی جدی هێزە شیعەکانی عێراق کە لە ئێران جێگیربوبون نەبیسترا.
ئەم دوفاقەییە دەیسەلمێنێت کە پشتگیرییان بۆ کورد لە عێراق مەبەستی سیاسیان لە پشتەوە بوە و بە ئامرازێکی گرنگیان بۆ روخاندنی سەدام بینیوە.
کاتێک بەشێکی باشوری کوردستان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانەوە دوای راپەرینە مەزنەکەی کورد لە ١٩٩١ و کۆرەوەکە دەپارێزرا هێزە سیاسیەکانی شیعەی عێراق لەو کەش و هەوایە زۆر سودمەندبون. زۆربەی کۆبونەوە و چالاکیەکانی بەناو
" موعارەزەی عێراق" کە شیعەکان ژمارەیەکی گرنگ بون تێیدا لە هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچون، هاوکاتیش کوردستان بنکەیەکی گونجاو بو بۆ پەیوەندیکانیان و چەندین چالاکی سیاسی و سەربازیان.
چەند مانگێک پێش روخاندنی سەدام لەسەر داوا و فشاری ئەمریکا و بەریتانیا کۆنگرەیەکی بەرفراوانی " موعارەزەی عێراقی " لە لەندەن سازکرا، لە رۆژانی ١٤ و ١٥ دیسمبەری ٢٠٠٢ کۆنگرەکە بەرێوەچو، نزیکەی بیست هێزی سیاسی عێراقی بەشداربون، دیارترین هێزە عێراقیەکان ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی لە عێراق، کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی، بزوتنەوەی وفاق، حزبی دەعوە و بەرەی تورکمانی. سوننەکان بە نوێنەرایەتی ئایاد عەلاوی و احمد چەلەبی – کە شیعە بو و پێوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتە عەرەبیە سوننەکان و ئەمریکا هەبو- بەشداربون، زیادە بۆ ئەمەش چەند کەسایەتیەکی سیاسی عێراقیش بەشداربون. نێردەی ئیدارەی ئەمریکاش زاڵمای خلیل زادە بو. ئەوەی مابو بەرەی کوردی بو، لەوانە پارتی، یەکێتی، پارتی کۆمینیستی کوردستان-عێراق و پارتی سۆشیالیستی کوردستان، هەر دو سەرکردەی پارتی و یەکێتیش بەشداربون.
شیعەکان چاویان لە پشکی شێر بریبو. هێمنانە کاریان بۆ پشکی خۆیان دوای سەدام دەکرد، بەرەی کورد متمانە و چاوەروانی چەسپاو و یەکگرتویان بە پەیمان و تێرامانی شیعەکان و ئەمریکا بۆ قۆناغی دوای سەدام نەبو.
مسعود بارزانی تەحەفوزی هەبو و گومانیشی لە وەعدەکانی بەرەی شیعە هەبو. هەرچۆنێک بێت لە ژێری فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دۆکیۆمێنتی کۆتایی کۆنگرەکە پەسند کرا.
لە کۆنگرەکە لیژنەی بەدوداچون و هەماهەنگی پێكهێنرا کە زیاتر لە٦٠ ئەندام بو،
٢٦ نوێنەری هێزە ئیسلامیەکان، کوردەکان بە ١٠ نوێنەر بەشدار بون.
تێكچونی لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان کورد و بەرەی شیعە لەم کۆنگرەیەوە تۆختر بو، با بەوردی سەیری چەند دەقێکی بەیانی کۆتایی بکەین.
لە بەیانی کۆتایی کۆنگرەکەدا چەندین دەستەواژەی بریقەدار و رۆتین بەکارهێنراون، کاتێک مرۆڤێکی بێئاگا بیخوێنێتەوە چاوەروان دەکات ئەم هیزانە عێراق دەکەن بە بەهەشتێکی سەر زەمین، وەک : بەرقەرارکردنی دیموکراسیەت، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی، فرەحزبی، نەهێشتنی سەرجەم ئەو ئیجرائاتانەی کە رژێم لە ١٩٦٨ گرتبوینە بەر بۆ گۆرینی دیموگرافی کوردستان.
بەمەبەستی بەدیهێنانی تەواوی یەکسانی بۆ هەمو هاوڵاتیان و پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی کۆنگرە رێز لە گەلی کوردستان و ئیرادەی ئازادی بۆ بژاردەکردنی شێوازێکی گونجاو بۆ شەراکەت لە گەڵ رۆڵەکانی یەک نیشتمان دەگرێت، کۆنگرە فیدراڵیەت بەشێوەیەکی گونجاو دەزانێت کە پشتی پێ ببەسترێت بۆ چارەی کێشەی کورد لە چوارچێوەی دەزگا دەستوریەکانی عێراقدا پاش کۆتاییهێنان بە رژێمی سەدام. لەم بوارەدا کۆنگرە جەختیکردەوە لە یەکگرتویی عێراق و پێکەوە ژیانی نەتەوەکانی لەسەر بنەمای " الاتحاد الاختیاري"..... " وشدد الاجتماع على تلبية المطامح المشروعة والعادلة لشعب كردستان وتصفية جميع مظاهر الاضطهاد والقمع على أساس المبدأ القانوني الدولي الذي يقر حقه في تقرير المصير وتأكيد روح الأخوة والاتحاد والشراكة في الوطن" . ئەم دەقانە ئەوسات ئومێدبەخش بون، سیاسەتمەدارانی کورد بێ ئاگا نەبون لە پێکهاتە و سروشتی هێزەکانی تری دژ بە سەدام، تایبەت شیعەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی زانیاریەکان پێداگریان نەکرد لە دابینکردنی زەماناتی پتەو بۆ جێبەجێکردنی ئەو وەعدانە، چاویان لە عیراقی دوای سەدام بو بێئەوەی قوڵایی نیەت و هاوکێشەکان و ئایندە دروست بخوێننەوە.
چەند هێز و کەسایەتی لە کۆنگرەکە کشانەوە چونکە پێێان وابو کۆنگرەکە لە ژێر هەیمەنەی عێراقیدا نیە. بەرچاوترین هێز کشایەوە حزبی دەعوە بو. هەرچۆنێک بێت کۆنگرەکەی لەندەن ئەو ئەرکەی پێی راسپێردرابو جێبیەجێ کرد.
نێردەی سەرۆک بوشی کور، زاڵمای خلیل زادە لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند کە ئەمریکا
پشتگیری ئایندەیەکی دیموکراسی لە عێراق دەکات، گوتیشێ: " گەلی عیراق دەبینێت کە ئەمریکا هاوپشتیوانیان دەبێت بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر و ئەمریکا سەدامێکی تری لە عێراق ناوێت". دواتر دەرکەوت ئەم لێدوانە بۆ رازیکردنی ئەتیافە جیاکانی عێراق بو تا ببنە بەشێک لە ئەجێندای ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
دوای روخاندنی سەدام
پاش روخاندنی رژێمی سەدام سەرکردە شیعەکان لە مەنفا گەرانەوە بۆ عێراق، بەرەزامەندی ئەمریکا پشکی شێری دەسەڵاتێان پێدرا، وەک بەشێک لە سیاسەتی ئیحتواکردنی شیعەکان. دواتر عباس شابندەر بیرمەندی دێرینی شیعەکان دەڵێت: ئێمە گۆشە و پەروەردە کرابوین دەوڵەتێکی ئیسلامی لە عیراق دروست بکەین، کاتێک هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانمان لە عیراق بینی بریارمان دا بۆ کاتێک واز لەو خەونە رەسەنەمان بهێنین و پشتگیری دەوڵەتی سێکتاریزم بکەین. ( کۆتایی لێدوانەکە)
لێرەوە دەردسەری و نەهامەتیەکان سەریان هەڵدا، پاش نەمانی سەدام عێراقیەکان چاوەروان بون لە سیستەمی حوکمرانی و سیاسی نوێدا گۆرانکاری ببینن و شتێک لە وەعدەکانی ئەمریکا، وەک دیموکراسیەت و خۆشگوزەرانی، چێژ بکەن، کەچی لە بری ئەوانە خوێن و شەرەف و سامانی عیراق حەڵاڵ کران لە لایەن ئەوانەی لە کۆنگرەی لەندەن بەڵێنی درۆیان دا. هاوکات لە بری نیشتمانپەروەری و دیموکراسیەت و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی، تایفی، مەرجەعی ئاینی، دەسەڵاتی عەشایری و میلیشیاکان و فەرمانرەواییەکی ناوەندی بونە ئەمری واقع.
ئەم گروپە تازە دەسەڵاتدارانە لە نێو توێکڵە رەقەکانی مێژویاندا پەنگیان خواردبو، تینوی تۆڵەکردنەوە و دەست بەسەراگرتنی هەمو شتێک بون، زەوتکردنی بەشێکی زۆری زەوی و زاری عێراق بە خاکێ کوردستانیشەوە، گەندەڵی و دزی ئاستێکی بێئەندازەیان پێکا. سەرکردە شێعەکان لە مالیکی و سەدر و عەمار و عبدالمهدی و شەهرستانی و عامری و خەزعەلی و عەبادی و.... تاد بونە گەندەڵچیە مەزنەکانی نیشتمان و پاشەکشەشیان لە بەڵێنەکانیان لە میساقی کۆنگرەی لەندەن کرد.
دوای لە سێدارەدانی سەدام لە ٣٠ دیسەمبەری ٢٠٠٦ یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کە لە جێبەجێکردنی حوکمەکەدا بە ناوی ئەنجومەنەکە ئامادە دەبێت سەردانی هۆڵەندای کرد، باڵیۆزی عێراق لە هۆڵەندا کە کوردێکی خەمخۆرە کۆرێکی بۆ سازکرد، زیاتر لە سەد کەس ئامادە بون.
لە درێژەی باسکردنی پرۆسەی لە سێدارەدانی سەدام گوتی: ئەو رۆژە دەنگۆیەکی بەهێز لە بەغدا هەبو کە گوایە ئەمریکیەکان پلانیان هەیە سەدام لە زیندان بفرێنن و بیبەن. هەر ئێوارەی هەمان رۆژ چەند سەرکردەیەکی شیعە بە نوری مالیکیشەوە بەپەلە ریکارە یاساییەکانیان پێشێلکرد و سزای لە سێدارەدای سەدام یان بە پەلەکروزێ جێبەجێ کرد ( کۆتایی قسەکانی ئەو بەرێزە).
دواتر چەند سەرچاوەیەکی جیاواز کە هەڵسەنگاندنەکانیان بەفەرمی نەسەلمێنراوە باسیان لەوە کرد کە ئەمریکا لە نیەتی شیعەکان لە عێراق تێگەیشتبو کە دەیانەوێت عێراق بکەن بە پاشکۆیەکی ئێران و بەرەیەک دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست بکەن. بۆیە ئەمریکا پێویستی بە سەدام هەبو تا دژیان بەکاری بهێنێت.
هەرچۆنێک بێت ئیستا هێدی هێدی راستی ئەو هەڵسەنگاندنەی ١٧ ساڵ لەمەوپێش دەردەکەوێت. دەبینین تا دێت بەرەنگاربونەوە سەربازیەکانی نێوان دەسەڵاتی بەغدا، تایبەت هێزە میلیشیا بەفەرمی کراوەکان ( حەشدی شەعبی-شیعە) و ئەمریکا هێدی هێدی رو لە گرژی زیاتر دەکەن، ئاکامەکانیشی پابەندە بە گەڵێک هاوکێشەی سەختی ناوچەکەوە. بەپێێ چەند سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو، خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسانی وڵاتەکەی راسپاردوە خۆیان لە بەرەنگاربونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دور رابگرن، هاوکات عێراقیشیان کردوە بە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربونەوە.
هەرچەندە سەرکردەکانی کورد لەم هاوکێشەیەدا بەگشتی و لە ناچاریەوە پێێان باش بو دەست لەو هاوکێشەیە وەرنەدەن، بەڵام وەک کورد گوتویەتی: بەتەنیشت ئاگردانەوە بیت پریشکی ئاگرت هەر بەر دەکەوێت، بۆیە دەبینین کوردیش بۆتە ئامانجێکی ئەو میلیشیا شیعانەی کە دەسەڵاتی رەهایان هەیە.
هێزە سیاسیەکانی کورد، تایبەت پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بۆ پۆستی سەرۆکێکی کورد بۆ کۆمار لەبەردەمی دۆست و دوژمندا کەوتنە گیانی یەکتر، ئەوەی کردیان ئاویان کردە ئاشی نەیار و ناحەزانی کوردەوە. هەر بۆیەش داشی بەرەی دەسەڵاتدار لە بەغدا بەسەر کوردا زاڵە و هەر چرکەیەک نوقرچێکمان لێدەگرن، هەر ساتێک لە لێواری قەبر نزیکیان دەکەنەوە و بە تێرامانێکی ساختەی بەزەییەوە برێک دانەوێڵەمان بۆ رۆ دەکەن. ئەمانە لە مێژودا هەر وایان کردوە، نەک لە گەڵ نەیارانیان بەڵکو لە گەڵ ئیمام و هەوادارەکانیشیان.
کورد و دەسەڵاتی بەغدا دوای سەدام
وێرای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراق دوای سەدام بەهێزترین و رێکخراوترین هێزی گۆرەپانی عیراق بو، بەڵام ئەجێندایەکی چەسپاو و رون و یەگرتویی نەبو، بەشانازیەوە بانگەشەیان دەکرد بەوەی دەبنە کۆڵەکەی دروستکردنەوەی عێراقێکی نوێ لە کاتێکدا عێراق وێرانە و بێ خاوەن بو، بەجۆرێک بەشان و باڵی چەمکی سازانیان هەڵدەدا وەک ئەوەی هەنگوینیان لە دارێکی کلۆردا دۆزیبێتەوە. ئەمانە ئاماژە زەقەکان کاڵی تێرامانی سیاسی وناچاری و چاوچنۆکین. بەواتایەکی تر وتاری کوردی لە زەلکاوی عێراقدا چەقی بەستبو. دواتر دەرکەوت ئەم پەیامە خەونی شاعیران بو. لەسایەی ئەم وتارە ناواقعیە یەکەمجار سوننە زۆر لاواز و کەنارگیر کران، دواتر سەرەی کوردیش هات.
دوای ئەم روداوانە و بە هاوکاری میحوەری شیعە لە ناوچەکە دەسەڵاتێکی رەهای شیعە لە عێراق دروستبو. ئێران لەسەرجەم سنورەکانی ترەوە گەمارۆ دراوە، تەنها دەروازەی بۆ سوریا و کەنداو و لوبنان و یەمەن دەسەڵاتی شیعەکانی عێراقە.
مام جلال لەم واقعە تێگەیشتبو و موداراتی دەکرد. مسعود بارزانیش تێگەیشتبو بەڵام بەخواستی خۆی بوایە موراعاتی نەدەکرد.
لە ئەزمونەکانی دواتری کورد لە گەڵ دەسەڵاتی شیعە لە عێراق سەلمێندرا کورد ناچاربو یا رازی و بێدەنگ بێت بەرامبەر ئەجێندای دەسەڵاتی شیعە و ئێران لە عێراق یاخود لە پرۆسەی سیاسی عیراق بکشێتەوە.
لە غیابی وتارێکی یەکگرتوی کورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغەکە تادەهات دەسەڵاتی بەرەی شیعە بەهێزتر دەبو، دەسەڵاتی کوردیش باجێ هەڵەکانی دەدا، چونکە خۆی لەم واقعە غافڵ کردبو و چاویان بریبوە دەسکەوت و پارە و پۆست و دەسەڵاتی بنەماڵە و رازیکردنی ئەم و ئەو، بەغداش بۆ ئەمانە بێ دڵی نەدەکردن.
لەنیوەی دوەمی ساڵی ٢٠٠٧ ەوە ناکۆکی قوڵ و قەیرانی گەورە لە نێوان کورد لەلایەک و حکوومەتی نوری مالیکی لەلاکەی تر سەریان هەڵدا. زۆربەی سیاسەتمەدارانی کورد گەیشتبونە ئەو قەناعەتە کە دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا کورد وەک برا بچوکێک لەسێبەری خۆیدا دەبینێ.
مالیکی هەوڵی جدی دەدا بۆ پەراوێزخستنی داخوازیەکانی کورد، وەک پشتگوێخستنی یاداشتنامەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ چاکسازی لە کابینەکەی. هاوکاتیش ویستی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە پەلاماری سەربازیی کوردستان بدات، بەڵام سەرهەڵدانی داعش ئەو خواستەی پوچەڵ کرد.
نوری مالکی کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ بە رۆژنامەی (الشرق الاوسط) راگەیاند:
(عێراق وڵاتێکی عەرەبییە و نابێت لە دەوروبەرە عەرەبییەکەی داببڕێت). ئەم لێدوانە راستەوخۆ دژی کورد و هەرەشەیەکی ئاشکرا بو لە سیستمی فیدراڵیزم.
مەخابن بەرامبەر ئەم دۆخە زۆربەی لایەنە کوردیەکان هێندە لاواز بون، بۆیە دەسەڵاتی شیعە لە حوکمرانیدا زۆر بەئاسانی گرفت و کێشەیان بۆ کورد و هەرێمی کوردستان دروست دەکرد، ئەو کێشانە لە چەندین بواری گرنگدا دەخولانەوە، وەک: دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140،
خاڵێکی هەستیاری تر کێشە دروستکردن بۆ دەرماڵەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. دەسەڵاتی بەغدا بەردەوام دژایەتی گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کردوە. مەبەستی سەرەکی لاوازکردنی کوردە لە روی ئابوریەوە تا رو لەوان بکەن وەک ئێستا رودەدات.
خاڵێکی گرنگی تر هەوڵدانی بەردەوامی دەسەڵاتی بەغدادە لە کەمکردنەوەی رێژەی بودجەی کوردستان. ئەم هەوڵانە ئێستاش بەخەستی بەردەوامە کاتێک دەبینین هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زۆر کەمبوە و لێکترازانێکی هەستیار نێوان دو لایەنی سەرەکی حوکمرانی هەرێم لەم پرسەدا بەڕچاوە، دەسەڵاتی بەغدا ئەم واقعە بەکاردەهێنن بۆ قوڵبونەوەی زیاتری کێشەکانی نێو ماڵی کورد.
بە کوردی و کورتی وەک بەرێزێک نوسیەتی: هاوپەیمانەکانی دوێنێمان نەیارە سەرسەختەکانی ئەمڕۆن، بەڵێنەکانی دوێنێ پێماندرابو ئەمڕۆ پێچەوانەکەی بەسەرماندا فەرز دەکرێت!!
لەرۆژی ٢٢ ی تەموزی ٢٠٠٧ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای بایکۆتکردنی فراکسیۆنی کوردی، بریاری ٢٤ ی پەسەند کرد، ناوەرۆکی ئەم بریارە دژی خواستە سیاسییەکانی کورد بو و مەبەستێکی تریش دابرینی کەرکوک بو لە کوردستان. بەماوەیەکی کورت پێش ئەم بریارە سەردانی ئۆرۆدگان بۆ بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ مالیکی زەمینە خۆشکەرێکی گرنگ بو بۆ دارشتن و دەرچونی ئەم بریارە.
لەو ساتەوەی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق دلنیابو لە باشبونی دۆخی ئاسایش لە عێراق خەریکن بۆ سەپاندنی هەیمەنەی حوکمرانی و سیاسی و ئابوری و سەربازیان، تایبەت دوای دروستکردنی حەشدەکانی شیعە، بەکوردی و کورتی مەبەستیانە وەک پێش خۆیان عێراق بەرەو دەسەڵاتێکی ناوەندی توند ببەن، بۆ ئەو مەبەستەش دادگای باڵای فیدراڵی وەک تەزبیحی نێو پەنجەکانیان بەکار دەهێنن.
دەسەڵاتی بەغدا بەم کارانە نەوەستاوە، ماوەیەک لە لوتکەی دەسەڵاتەوە هەوڵێکی زۆری چروپڕیان دا لە گەڵ چەند سەرۆک خێل و کۆنە جاش و کۆیلەی کورد ئەنجومەنەکانی ئیسناد دروست بکەن، کە بەباوەری کورد جۆرێکی نوێیە لە جاشایەتی و جەختیش کرا لەوەی ئەوانەی دەچنە ریزەکانی ئیسنادەوە خائینن.
دەسەڵاتی بەغدا هەوڵێکی زۆریشی دا بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی بەمەبەستی زیادکردنی دەسەڵاتیان و کەمکردنەوەی دەستکەوتەکانی کورد.
لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە سێپتمبەری ٢٠١٧ دەسەڵاتی عێراق بەهاریکاری وڵاتانی دراوسێ حەملەیەکی خەستی توند و تۆڵیان بەرێکرد، لە ئاکامەکانی داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری باشوری کوردستان کە دانیشتوانانیان نزیکەی نیوەی خاکی کوردستان پێکدەهێنن.
قسەیەک کە دوا قسە نیە
پاش بیست ساڵ لە دەسەڵاتی رەهای شیعە لە حوکمرانی بەغدا ئەوەی ئێستا دەبینرێت پەیرەوکردنی حوکمرانی توندی ناوەندی، گەمارۆدان و بەرتەسککردنی دەسەڵاتە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان، داگیرکردنی نیوەی خاکی باشور، گەمەکردنی سیاسی بە قوت و داهاتی هاوڵاتیانی هەرێم، بەردانی میلیشیاکانیان لە گیانی کورد و نەیارەکانیان و گەیشتۆتە ئاستێکیش بەردەوام بە درۆن و ئیسنادی دەرەکی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە ژێر رەحمەتی خواستە شۆڤێنی و پیسەکانیانەوە.
ئەم کارانە و زۆری تریش بۆ شکاندنی برسیەتی و تینویەتی مەرامە شۆڤێنیی و مەزهەب گەراییەکانیانە.