ختوکەدانی هزری ساختەی گۆڕانکاری و چاکسازی

چیا عەباس
گۆرانخوازە رەسەنەکان کە لە سەرەتای دروستبونی گۆڕان ئارەزومەندانە و خۆبەخش و بە ماندوبونێکی زۆر و لە گیرفانی خۆیان کاریان بۆ بزوتنەوەکە کردوە، دوای وەفاتی کاک نەوشیئروان و بەلارێدا بردنی بزوتنەوەکە لەسەر دەستی فیگەرە باڵادەستەکان بەسەر موقەدەراتی بزوتنەوەکەدا بەشێکی بەرچا لێیان لە کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە دورکەوتنەوە، نەک دورکەوتنەوە لە هزری گۆرانکاری، ئەو کەسایەتی و گروپانە ئێستا مافی رەوای خۆیانە بۆچون و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم رۆژە رەشەی گۆڕانی تێکەوتوە بڵێن و بکەن و راشیبگەیەنن.

ئەو هەڵسوراوە رەسەنانە باوەری توندیان لا دروستبوبو کە بزافی کوردایەتی لە باشور پێویستی بە تێرامان و شێوازی نوێی رێکخراوەیی و سیاسەت هەیە، سەردەمی حزبی کلاسیکی و سیاسەتی کەنارگیری و خۆماتدان کاریگەریان زۆر کاڵبونەتەوە، ئەوەشی بەدەست کەوتوە بەردەوام لەژێر هەرەشەی ناوخۆ و دەرەکیدایە، زیادە بۆ ئەمەش لە سەردەمی حوکمرانی خۆماڵیشەوە بەشیکی بەرچاوی شەر و نەهامەتی و دەردەسەری و گەندەڵی و تێكشکاندنی بەها و تەونی کۆمەڵایەتیش ئاکامەکانی ئەو نەریتە سیاسی و حزبیەن.

کاک نەوشیروان تاکە سەرکردەی کورد بو کە رێبازی نوێی گۆرانکاری سەردەمانەی دارشت و رابەرایەتی دەکرد، درێغیشی نەکرد لەوەی پێی کراوە.

بەهۆی نەخۆشی سەختی خٶی و دژایەتی بەردەوامی پارتی بۆی و خۆپەرستی و دو فاقەیی یەکێتی و متمانە نەکردن بەبەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی یەکێتی لە غیابی مام جلال بەهۆی نەخۆشیەوە گەیشتبوە ئەو باوەرەی بژاردەکانی بەردەمی بۆ قۆناغی دوای خۆی لە یەک ئەگەردا دەبینی.

کاک نەوشیروان پێش وەفاتی گومانی جدی هەبو لەوەی ئەوانەی دوای خۆی هزری  رەسەنی گۆڕان و کارنامەکەی وەک خۆیان بپارێزن و گەشەی پێ بکەن، بۆیە لەو سات و ئانانەدا هەڵەیەکی گەورەی کرد بە گوێ نەگرتن لەو پێشنیازەی چەندینجار خراوەتە بەرچاوی، ئەویش: بەتەنیشت دەسەڵاتی هەندێ لە هاوکارەکانی لە کوردستان سەرکردایەتیەکی سێبەری باوەرپێکراو بۆ گۆڕان دروست بکات، پێموایە هۆکاری سەرەکی بۆ رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازە گیرسانەوەی بو لە دوا قۆناغی ژیاندا و باوەری بەوە نەبو کە تاقمێک لە هاوکارەکانی پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بکەن بەڵکو دژیشی کاردەکەن و بەمەش دۆخی ناوخۆی گۆڕان زیاتر دەشڵەقێت. 

ئەم هەڵوێستەی مایەی سەرسورمان بو چونکە کاک نەوشیروان راشکاوانە هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ ئەو چەند کەسانە لە هاوکارەکانی کردبو، تێیاندا بو هەرەشەی کردبو گەر پۆست و پلەیەکی شیاوی نەداتێ دەگەرێتەوە بۆ ناو یەکێتی و یەکێکی تریان دەیگوت گەر مام جلال مەرحەبایەکی جدی لێبکات چی داوە لە نەوشیروان مستەفا و ئەو مناڵەورتکەی لە دەوری خۆی کۆیکردونەتەوە، یەکێکی تریش هەر لە سەردەمی ریفۆرمەوە سیخوری بۆ دەسەڵادارانی یەکێتی دەکرد، یەكێکی تریش لە سەردەمی گۆڕان ئەمریکیەکان بە بەڵگە ودۆکیۆمێنت گەندەڵبونیان سەلماندبو، تاقمێکی تریش، نەک دوا کەسەکان، ئەوەندە زەوتی موڵکی گشتیان کردبو کە مرۆڤێکی چاوچنۆکی بێ ئەمەک وەک زەوتکەرەکان لیکی بۆ نرخەکانی دەرشت. ئەم کەس و تاقمانە ئێستا نوێنەر و سەرکردەی گۆڕانن. 

راستەوخۆ دوای وەفاتی بە چەند کاتژمێرێکی کەم ئەو کەسانە دروستی هەڵسەنگاندنەکانی کاک نەوشیروان بۆیان سەلماند، لەو ساتەوەش تا ئەم چرکەیە لە غیابی مەرجەعێکی بەئەمەک و راستگۆ و بەئیرادە و لە سایەی تێكشکاندنی تەواوی پرەنسیپە رێكخراوەییەکانی گۆڕان ئەو تاقمە تا دێت چاوچنۆکانە بەردەوامن لە خەستترکردنی ئەو خەسڵەتانەیان، زیادە بۆ ئەمەش چەند کەسانێکی تر کە لە لوتکەی دەسەڵاتی گۆڕاندا نەبون، تایبەت چەند ئەندامێکی پێشوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی و پاڕیزگاری گۆڕان و کەسایەتی پشت پەردە ئەوەندە دزی و فزی و درۆیان کردوە کە لە ناوەندە سیاسی و حوکمرانیەکاندا مەلەفی تایبەتیان بۆ کراونەتەوە و لای گۆرانخوازە رەسەنەکانیش نەفرەتیان لێکراوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشێکی داواکاریەکانی تاقمەکەی گۆڕان بە جورعە و ناوبەناو جێبەجێدەکەن تا پیشانی خەڵکی بدەن ئەمانیش هیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ خۆیاندا نیە، تاقمەکەی گۆڕانیش ختوکەی ئەم سیاسەتە دەدەن.

هەرچٶنێک بێت دەڵێن نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە، گۆڕانی ئێستا و لە بەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگ بۆ خۆیان زەنەقیان لە شکستێکی تر چوە و پەلەقاژەیانە، گۆڕان بە راست و چەپدا فرکەفرکیەتی، لە پارتیەوە بۆ یەکێتی لە شێخ لاهورەوە بۆ قوباد تالەبانی، لە رێکەوتنی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بە ئیسلامیەکانیشەوە بۆ کەنارگیرکردنیان و ساختەکردن لێیان، لە چرینەوەی دروشمی پوچەڵیان بۆ گۆرانکاری بۆ دامەزراندنی بە جوملەی دواکەوتوەکانیان لە لایەن رەحمەت و شەفاعەتی پارتیەوە، لە هات و هاواریان بۆ چاکسازی لە حوکمرانیدا بۆ پارانەوە لە پارتی تا چەند بەرپرس و کەسانی تەکەتولەکانیان بێشەرمانە و حەیابەرانە بەپلەی بەرزی ساختەکاری خانەنشین بکرێن و چەند کاری قێزەوەنی تر کە لای هاوڵاتیان زانراون. ئایا ئەمە ئەو بەها و پرەنسیپانە بون کە دامەزرێنەری گۆڕان فێری کردن؟ یاخود ئەمانە گەندەڵی و کاسەلێس کردنن؟

لای ئەم تاقمە خۆسەپێنەرە سێ سوچەی ناو گۆڕان گۆرانکاری مانای گەرانەوەیە بۆ دواوە، بۆ ئەو سەردەمەی لە ناو یەکێتیدا پاشایانە لفیان لە هەمو شتێک دەدا، ئێستا بۆ دەسەڵات و دەسکەوتە نارەواکانی جارانیان لە  ناو یەکێتیدا گریان گرتوە، بەشێک نایشارنەوە و راشکاوانە دەڵێن گەورەترین هەڵەی سیاسی ژیانیان وازهێنان بو لە یەکێتی، پێموایە گەورەترینی هەڵەی ژیانی سیاسیان خۆ لکاندن بو بە گۆڕانەوە تا لە سایەیدا بچێک لە پیساییەکانی خۆیان بسرنەوە. ئەم قسانە لە سەریان زادەی هیچ خواست و نیەتێکی شەخسی نین، هەموی بەچەندین بەڵگە سەلمێنراون کە بەشێکیان بڵاوکراونەتەوە، باسکردنیان خەمخۆریشە بۆ رزگارکردنی هزری گۆران و چاکسازی لە دەستی ئەم تاقمە.

ئەوان دەتوانن بە گەنجینەی مێژو، ناوی گۆڕان و سەدەقەی سیاسی ئەم هێز و ئەو هێز چەند کورسیەکی قاچ براو بە دەستبهێنن، بەڵام هیچکات ناتوانن نوێنەرایەتی هزری گۆڕان و پرەنسیپەکانی رێبازی کاک نەوشیروان بن.

پێم سەیرە بەشێک لە خانەوادەی کاک نەوشیروان تەپڵی شایی هەڵبژاردن بۆ لادەر و تێکدەرانی مێژوی باوکیان لێدەدەن، لە گەڵ ئەوەشدا بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئایندە چاوەروان دەکرێت میللەت جارێکی تر داغی ئەم تاقمە خۆسەپینەرە بەسەر گۆڕاندا بکات، پێویستە خەڵک دەنگ بدەن بەڵام بە کاندیدی دڵسۆز و پاک و لێهاتو، بایکۆت لە قازانجی سێ هێزی حوکمرانیە چونکە لە بازنەکان لە غیابی دەنگی بەرەی نارازی ئەوەندەیان هەیە چەند ژمارەیەکی کورسیان بۆ دابین بکەن، باوەریش بکەن لە بەغدا هەر وەک دەیان ساڵی رابوردو سەرقاڵی پۆست و پارە و گەندەڵی دەبن و دەستیان بۆ رەحمەت و شەفاعەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا پان دەکەنەوە. مردەم ئەوەندە گەمژە نین لەوە تێنەگەن. 

شوکر هۆشیارە مەحوی تێدەگا دونیا خەراباتە
کە بەدمەستی بکا ئەهلی خەرابەی بۆچی لێدەگرم

25/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر