تروسکاییەک بۆ ژیان

بەهرۆز رەحیم
لە دڵەوە بەخیلی‌و حەسودی بەو یەكێتیانە ئەبەم كە سەر بە باڵی هیرۆخانن‌و بەو خانمە دەڵێن ژنە پۆڵاینەكەی یەكێتی‌و شاناز خانیش بە فریاد رەسی یەكێتی دەزانن، حەزم ئەكرد لە فەیسبوك‌و لە مناقەشەكانما كاك قوبادم بە مامی بچوك، ناوزەند بكردایە.

حەزم ئەكرد، سەر بە باڵی ناوەندی بڕیار بوومایەو لە وەسفی كاك كۆسرەتدا بمنوسیایە" شێرەكەی شاخ‌و ئەندازیاری ئاوەدانی دوای راپەڕین". هەموو رۆژێكیش وێنەیەكی كاك بەرهەمم لە فەیسبوك دابنایە‌و بم نوسیایە، پیاوە سادەكەی شارو خۆشەویستی خاك‌و خەڵك.

حەزم ئەكرد، وەك ئەو گۆرانخوازانە بوومایە كە ئێستاش هیوایان بە گەرانەوەی كاك نەوشیروان هەیە، یان وەك جاران بڕ لە هیوا بومایەو قەناعەتم وا بوایە بەس گۆڕان دەتوانێت گۆڕانی ریشەیی بكات‌و دەسەڵاتی بنەماڵەیی كۆتایی پێ‌ بێنێ‌، هەروەها رەسمی خۆم لەگەڵ نماو چیای كاك نەوشیروان دابنایەو بمونسویایە ئەمانە ئەو مرۆڤانەن كە دەتوانن وەك باوكیان پاك‌و بێگەردو سادە بن .

لە دڵەوە بەخیلی و حەسودی بەو كەسانە ئەبەم كە پارتین‌و بە كاك مەسعود‌و كاك مەسرور ئەڵێن ئەندازیاری ئارامی‌و بەكاك نێچیریش ئەڵێن پاشای ئاوەدانی، چەند حەزم ئەكرد لە فەیسبوكەكەم بمنوسیایە هاتنی كاك شێخ ئەدهەم بۆ سلێمانی مایەی خێرو بەرەكەتە.

حەزم ئەكرد، ئەندامێكی گوێ لە مستی یەكگرتوو بوومایە‌و بە گەرانەوەی مامۆستا سەڵاحەدین شاگەشكە‌و پڕ لە هیوا بومایە، لە فەیسبوك، بم نوسیایە گەرانەوەی مامۆستا، یەكگرتوو دەكاتەوە، بەخاوەن ئیرادەوسەنگی خۆی یان هەموو رۆژێك وێنەی حاجی كاروانم پۆست بكردایە و بمونوسیایە، بەس ئەم راستگۆ بوو لەگەڵ دەنگدەرو خوای خۆی.

پڕ بەدڵ حەزم ئەكرد ئەندامێكی حسك بومایەو لە فەیسبوك بەو پەڕی قەناعەتەوە لە ژێر وێنەیەكی كاكە حەمە بمنوسیایە : هەر كاتێك كاكە حەمە ئەچێتە بەرەكانی شەڕ داعش كونە مشكیان لێ‌ ئەبێت بە قەیسەری.

حەزم ئەكرد ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی بومایەو هەموو شەوێك بەو هیوایەوە بخەوتمایە كە بەیانی هەستم لە خەو مامۆستا عەلی باپیر بۆتە ئەمیری هەرێمی كوردستان‌و د.عەبدولواحیدیش بۆتە وەزیری تەندروستی ئەو ئەمارەتە.

لە كۆتایدا حەزم ئەكرد سەلەفیەكی ریشپان بومایەو بەهانەم بۆ قسەكانی مامۆستا عەبدول لەتیف بهێنایەتەوە بمنوسایە چاوان خانم حەلاڵی خۆیەتی، یان هەموو رۆژێكی جومعان بۆ گوێگرتن لە وتارەكانی مەلا فاتیح شارستێنی لە سلێمانی‌و پیرەمەگروونەوە بچومایە بۆ شاری هەولێر.

زۆر خۆشە ئینسان لەم هەرێمی كوردستانە نیشتەجێ‌ بێت‌و هیوایەك یان تروسكایەكی هەبێت بۆ ژیان‌و ئایندەی خۆی مناڵەكانی.


18/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر