کورد و هەڵبژاردنی ١١ی ٩ لە سوید

سامان وەستا بەکر

سەرەتا ئێرە کوردستان نیە تا بوترێ دەنگدان هیچ شتێک ناگۆڕێ بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆر شت گۆڕانکاری بەسەرایەت، بەتایبەت ئەوبەشەی سیاسەت کە پەیوەستە بە خەڵکانێکەوە کە بەڕەچەڵک سویدی نین.

ئەوەی گرنگە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە کوردی-سویدی لەڕێی دەنگنـــــــــــــــــەدان بە پارتی سۆسیال دیموکراتەوە پەیامێک بۆ ئەو حیزبە بنێرێت بەرامبەر ئەوەی کە بەئەندام بوونی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ لەسەر ناساندنی کورد بە تیرۆرست و قۆڵبەست کردن و رادەست کردنی چالاکوان و سیاسی کورد بە ئەردۆگان و تورکیا کراوە.

ڕاستە سیاسەتی پارتە ڕاستەکان زۆر دژوارە بەرامبەر خەڵکی بێگانە، بەڵام بیرمان نەچێ پارتی سۆسیال دیموکرات ساڵانێکە نەک پارتێکی چەپ نیە، بەڵکو ناوەندیشی بەجێهێشتووە و نزیکیشە لەدرگای چوونە ژوورەوەی بەرەی ڕاست.

هیچ پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات، ئەگەر دەنگ بە سۆسیال دیموکراتی نەیرێت ئەوا بەرەی ڕاست و دژە بێگانە حکومەت پێک ئەهێنن، چونکە ئەتوانی دەنگ بۆ پارتی (چەپ، سەوز و سێنتەر) (Vänster partiet, Miljö partiet & Center partiet) بێت.
ئەگەر دەنگی ئەو سێ پارتەی لای سەرەوە زۆربێت ئەوا هەر سۆسیال دیموکراتەکان حکومەت پێکئەهێنن، بەڵام ئەوکاتە زۆربەی مەرج و داواکاری ئەو سێ پارتە لە حکومەتا ڕەنگئەیاتەوە، کە بە سێ پارتی هاوڕێی بێگانەو و خەڵکانی بەڕەچەڵەک سویدی نەبوو ناسراون.
پارتی چەپ "Vänster partiet" زۆر پێداگری ئەکات لەسەر ئەوەی کە، بوون بەئەندام بوونی سوید لە ناتۆ لەسەر حسابی کورد نەبێ، ئەمڕۆ Hanna Gunnarsson (V) قسەکەری سیاسەتی بەرگری پارتی چەپ (V) ڕژدی لەسەر ئەوە کردەوە و ئەڵێ ئێمە "بەترسێکی زۆرەوە سەیری ئەوە ئەکەین کە کورد چەن نیگەرانن لە سوید لەسەر ئەو پرسە".

هەروەک چۆن Maria Ferm لە پارتی سەوز MP ئەڵێ "سوید ئەبێ پارێزگاری لە دیموکراتی بوونی خۆی بکات لەلایەن ئەردۆگانەوە هەڵنەسوڕێنرێ".

بەبۆچوونی بەندە سۆسیال دیموکراتەکان تەنها چاوەڕێی ئەم هەڵبژاردنەن تا دەنگەکانیان کەم نەکات، دوای هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ کۆی مەرجەکانی ئەردۆگان گیرا "قبوڵ”ئەکەن، تا ئەردۆگان واژۆ لەسەر ئەندام بوونی سوید لە ناتۆ بکات، کە ئەوەش لەسەر ڕادەستکردنی چالاکوان و سیاسەتوانی کورد بەپلەی یەک ڕاوەستاوە.

کوردێکی زۆر ئەندامی پلە باڵای سۆسیال دیموکراتەکانن کە زۆر بەڕێز و خەمخۆری کوردن، بەڵام لەم پرسەیان بێدەنگن بەداخەوە، بۆیە بەندە لەم بابەتەیا موجامەلەی کەس ناکەم ئەگەرچی بەشێکیان هاوڕێ و ئەزیزن کە لەڕاستیا ئەبوو ئەوان خۆشیان ئەم قسانەیان بکرادیە.


03/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر