شکست رووداوە، ھەڵسانەوە ھونەرە

سامان وەستا بەکر
یەکەم:

بزوتنەوەی گۆڕان وەک ھێمای ئەنتی گەندەڵی و پرۆ چاکسازی ئەناسرا،کەمیشن ئەوانەی ھیوایان لەسەر گۆڕان ھەڵنەچنیبوو تەنانەت ئەوانەی دژیایەتیشیان ئەکرد.

کاتێک گۆڕان لە ترۆپک و درەوشانەوەیا بوو، خەڵکانێکی زۆری ھەلپەرست و پۆستپەرست، دەسەڵاتخواز و پەرژەوەندیخواز، خۆپەرست و خۆسەپێن، بەجۆرێک خۆیانخزانە ناو گۆڕانەوە کە ھیچ بوارێکیان بۆ گۆڕانخوازی دڵخوازی چاکسازی و پاکسازی نەھێشتەوە، بەڵکو لەڕێی خۆبردنەپێشەوە و ماستاوکردنەوە بوون بە کەسی خاوەن بڕیار و دەسەڵاتداری گردەکە و لەوێشەوە بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیر و پلە باڵاکانیتر.

لەڕاستیا ئەو خەڵکانە بەدوای پەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن و ھەڵگری ھیچ ئایدۆلۆژیا و باوەڕێک نین، ئەوان بە پلەبەندی پۆل پۆل گۆڕانیان گووشی و پاشان بەردێکیان فڕیایە ناو کانیەکەی.

دووەم:

ھۆکاری شکستی بزوتنەوەی گۆڕان زۆرن, بەڵام دووان لەوانە زۆر زەقن: یەکێکیان ئەوەبوو کە خەڵکی ناڕازی لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی پارتی و یەکێتی لە دەوری گۆڕان کۆبوونەوە، بەڵام گۆڕان چووە ناو حکومەتەکەی پارتی و ھاوپەیمانیشی لەگەڵ یەکێتیا واژۆکرد، ئیتر دەنگدەری گۆڕان بزوتنەوەیەیان وەک شاگردی سیاسەتی ئەو دوو حیزبە ئەبینی، لەبری ئەوەی چاوەڕێی دەستی شاگردبن، گەڕان بۆ خودی وەستاکە.

ھۆکاری دووەم, دەنگە ناڕازییەکانی ناو خودی گۆڕان بوون، ئەمانیش دوو بەش بوون.

١. ئەوانە بوون کە بۆ ئیمتیاز و دەستکەوت ھاتبوونە ناو بزوتنەوەکە کە ئەمانیش دوو بەشن، بەشێک لەم گرووپە ئەوەی ویستیان  دەستیان کەوت، لەسفرەوە بوون بە ژمارەیەکی دیار و مامەڵەیان بەخۆیانەوە کرد و خۆیانفرۆشت و کڕران. بەشی دووەمی ئەم گرووپە لە قەلان لە کۆترانیش بوون, واتە نە لەناو گۆڕنا ھیچیان دەستکەوت نەبەھۆی گۆڕانیشەوە ھیچیان دەستکەوت.

٢. دەنگە مشورخۆرە ناڕازییەکانی ناو گۆڕان،  ئەو دڵسۆزانە بوون کە ئەیانزانی گۆڕان ڕێیەکی ھەڵەی ھەڵبژاردووە، ئەمانە  نەیانئەتوانی لەڕێبازی نەوشیروان مستەفا لابەن بۆیە گۆڕانیان جێھێشت، مەخابن ئەو خەڵکە دڵسۆزەش بوون بەچەن بەرەیەکی جیاوازەوە و ھەماھەنگی یەکیان نەکرد.

بەڵام ئەوەی گۆڕانی زیاتر بێ ھێزو لاوزکرد خەڵکە دڵسۆزەکەی بوون، کە زیاتر و توندتر لە رکەبەرانی گۆڕان ھێرشیان ئەکردە سەر بزوتنەوەکە, بەڵکو بتوانن بەئاگای بھێننەوە، بەجۆرێک کە رکابەرانی گۆڕان بێدەنگ بوو بوون، ئەوان لەبری ئەمانیش بزوتنەوەکەیان ئەکووتی. کرم لەدارنەبێ ھەرگیز ناوەکەی بۆ کۆڵ ناکرێ.

سێیەم:

شکست بێکەسە، بەپێچەوانەشەوە ھەمووان خاوەنداری سەرکەوتنن.

ئێستا لای زۆرینە گۆڕان گڵۆڵەی سەرەولێژە، باس لە ھەڵوەشانەوە و پووکانەوەی زیاتری ئەکرێ، لەڕاستیا ئەگەر خەڵکێک بیت بە رق و تۆڵەوە بیر بکەیتەوە ئەوا ئەو بۆچوونە راستە، بەڵام ئەم گلانەی ئێستای گۆڕان دیوێکی تری شارەوەشی ھەیە کە تەنھا دەنگدەرەکانی گۆڕان کۆدەکەی ئەزانن.

گۆڕان حیزبێکی ستالینی تەقلیدی نیە تا کار بۆ سەرخستنی ئایدۆلۆژیایەکی دیارکراو بکات، بەڵکو گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری خۆڕسکە، ھێز لە شەقام و زۆرینەی بەرھەڵستکاری خراپەکاری و گەندەڵی و نادادییەوە وەرەگرێ، ھەرکاتێ بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی ئەتوانێ متمانەی جەماورەکەی بەدەستبھێنێتەوە بەڵام پێویستی بەکاتە.

گۆڕان لە ھیچ حیزبێکی کوردستان ناچێ نە ئەوانەی چەندین سەدەیە بوونیان ھەیە نە ئەوانەی لەم دواییانەشا دروست بوون، چونکوم  ئەم بزوتنەوەیە لەبری سوپایەک لە ئەندام و لایەنگری مووچەخۆر ، ھەزاران دەنگدەری ھۆشیاری ھەیە کە بزوتنەوەکە خودی خۆی ھۆشیار و بیرفراوانی کردون کە چاو لەنادادی و گەندەڵی نەپۆشن،  ھەڵبەتە ئەو جەماوەرەی گۆڕان دروستی کردن خەڵکێن ئەتوانن جێگۆڕکێ بکەن دەنگ بەلایەنێکی ئەیەن کە رژدبێ لەسەر بەڵێنەکانی و بەکردار جێبەجێیان بکات ئەمەش کارێکە زۆر تەندروستە و ئاسۆیەکی گەشە بۆ داھاتوو. گۆڕان داھێنانی لەجۆری حوکمڕانی کوردستانا کرد و بۆیەکەمجار ئۆپۆزسیۆنی دروست کرد، کاتێ گۆڕان دروست بوو ئاوی گەندەڵی بەژێر خەوی خۆشی میلەتا ئەڕۆی.

چوارەم:

گۆڕان کاتێ دروست بوو کە ھەرێمی کوردستان لە لایەن دوو حیزبەوە بەڕێوەئەبرا، بڕیار و دەرکردنی یاساکان ھەمیشە بەکۆی دەنگ دەرئەچوێنرا، ھیچ دەنگێکی ناڕازی بوونی نەبوو تا گۆڕان ھات و ئەو مۆدێلەی گۆڕی، بەکردار ئۆپۆزسیۆنی کارای ھێنایە ناو کایەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە.

گۆران شۆڕشێکی ھۆشیاری بەرپاکرد و خەڵکی فێرکرد بۆ یەکەم جار بڵێن "نەخێر”، مۆدێلێکی پەرلەمانی دروستکرد کە دەرچووانی یاساکان بەکۆی دەنگ نەبێت، گفتوگۆو تێچوون و ووشەگۆڕینەوە و بەرھەڵستکاری لەبەرامبەر ھەردوو حیزبی خۆسەپێنی دەسەڵاتداردا بەرپاکرد، بۆیەکەمجار ئیستی لە دابەشکردن و برابەشی ماڵی میلەتکرد لەنێوان دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و دارودەستەکانیانەوە.

گۆڕان دەستی کرد بە پەروەدەکردنی گەل، چاویلکەی کردە چاوی خەواڵووی زۆرینەی خەویار و خەوخۆشەکان، رۆژنامەنوسانی فێرکرد کە بوێرانە رووماڵ بکەن و لەنوسینا خاتری خراپەکاران نەگرن، خەڵکی بە ماف و ئەرکەکانی ئاشناکرد، ژمارەی شاراوەو نادیاری داھاتی گشتی بۆیەکمجار خستە سەر شاشەو پەڕەی رۆژنامەکان، ووشەی بودجەی کرد بە ووشەیەکی ئاسان و سانا کە خەڵکانی سادە و بگرە نەخوێنەواریش لێیتێبگات نەک تەنھا ئابوریناس و دەسەڵاتداتان.

پێنجەم:

لەناکاو گۆڕان دەستی لەمانە ھەمووی ھەڵگرت بە شێوەی ئاشکرا و بەرچاو، ئەگەرچی لەکارنامەی گۆڕانا ئەوانەی لەسەرەوە ناومانھێنان ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاوی کاری گۆڕان بووە بەڵام، چووە ناو حکومەت و بوو بەبەشێک لەو دەسەڵاتەی کەخودی خۆی لەدایک بووی ژانی ئەو ئازار و نادادی و گەندەڵیە بوو، گۆڕان لەدامێنی لەکەدارو کۆشی دڕاوی یەکێتیەوە ھاتەدەرێ کەچی ھاوپەیمانی لەگەڵا بەستن و چووە ژێر چەتری ئەو حیزبەوە کە ئەمەیان بۆ گۆڕانخوازان وەک ھەڵگرتنەوەی تفی رۆکراوبوو.

بەشداری کردنی حکومەت لەگەڵ پارتیا بۆ دەنگدەر و بەشێکی زۆری ھەڵسوڕاو سەرکردەکانی گۆڕان خەتی سوربوو، بەڵام ھاوپەیمانی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی دوابزماری مەرگی بزوتنەوەکەبوو بۆ دەنگدەرەکانی.

پارتی وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕان دیاری کرد، بەڵام پارەی وەزارەتەکەی لە وەزارەت سامانە سروشتیەکان ھێشتەوە، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتیشی بۆ ئەو وەزارەتە دانا کە زۆر زیاتر لەوەزیرەکەی گۆڕان دەرئەکەوێت و پێش وەزیر زانیارییەکان بڵاوئەکاتەوە، کەچی گۆڕان بێ دەنگ بوو.

ماڵی یەکێتی پەنجەرەیەکی ساغی پێوەنەماوە، ھاوسەرۆکەکان بەئاشکرا باس لە دزی و رفان و قاچاخچێتی یەکتر ئەکەن، بەردی بناغەی گۆڕان دەرئەھێنن تا دیواری ماڵە روخاوەکەیانی پێدروستبکەن. دەنگدەری گۆڕان ئەمانەی ئەبینی بۆیە بەکردار و بەدەنگنەیان وەڵامی ئەندازیارەکانی ئەو ھەڵانەیان یایەوە.

شەشەم:

دەنگدەری گۆڕان تووشی شۆک بوو، نەیئەتوانی گۆڕان بناسێتەوە، لە دوو ھەڵبژاردنا و لە دوو کاتی جیاوازا گۆڕانی ئاگادارکردەوە و دوو کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکردەوە، مەخابن بەرپرسانی گۆڕان باش لەوە حاڵی نەبوون و لەسەر ھەڵەو لووت بەرزی و بێ منەتی بەردەوام بوون تا لەدواین ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا دەنگدەری گۆڕان بەناچاری کارتی سوری بە رووا بەرزکردەوەو کردیە دەرەوەی یارییەکە.

ھەڵبەتە کارتە سورەکەی دەنگدەری گۆڕان خەڵات و متمانە و دووپاتکردنەوەی وەفاو رژدبوونە بۆ رێبازەکەی نەوشیروان مستەفا، فرسەتێکیشە بۆ گۆڕان کە سەرلەنوێ خۆی کۆکاتەوە و بەنەفەسی ساڵی ٢٠٠٩وە بێتەوە ناو گۆڕەپان و ھەوڵی بەدەستھێنانی متمانە بات، بەھیچ جۆرێ لە دەسەڵات نزیکنەبێتەوە تا خودی خۆی ئەبێ بەزۆرینە و پێکھێنەری حکومەت نەک بەشدارپێکراوی دەسەڵات، ئەبێ لە کاری کردەیا ھەمیشە گۆڕان لەسەر کارنامە و رێبازەکەی خۆی رژدبێ و دەستی لێبەرنەیا.

حەوتەم:

گۆڕان خۆشبەختە لەوەی کە ئەو بزوتنەوەیە جەماوەرێکی ھەیە لە دەنگدەری ھیچ حیزبێکیتر ناچن. ھاوکار و رێنیشاندەرن بۆ سەرکەوتن و جەربەزەو و خاوەنڕیاریشن لەکاتی لادان و سەرپێچیکردن.

شکستەکەی گۆڕان ھەستێکی چەند سەرە، ھەم پەژارە و گەشبینیە ھەم شەرم و شکۆیە.

پەژارە و شەرمە چونکە ئەوەی کاک نەوشیروان دروستی کرد زۆر بەھەرزان فرۆشراو زۆریش بەئاسانیش روخێنرا.

گەشبینی و شکۆشە چونکوم دەنگدەرانی گۆڕان خەڵکانێکی حیزبی و ئایدۆلوژی پەرست دەرنەچوون، بەڵکو ھەڵگر و دەروێشی ڕێبازێکی نوێی سیاسی بوون کە دووربێ لە خۆپەرستی، خۆسەپێنی، گەندەڵی، عەشق و شەیدابوونی کورسی.

ھەشتەم:

ھەر عورف و عادەتی سیاسی وایە، ھەر حیزبێک تووشی شکستبێت بەتایبەتی ئەو شکستە کەمەر شکێنەی گۆڕان، ڕاستەوخۆ سەرۆک و سەرکرادیەتی دەستلەکارئەکێشنەوە. خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی و کۆی ژوورەکان شکۆی بزوتنەوەی گۆڕان بپارێزن و بەرپرسیاریەتی ھەڵگرن و دەستلەکاربکێشنەوە، نەک تەنھا داوای لێبوردن بکەن.

دەست لەکارکێشانەوەی رێکخەرو خانەی راپەڕاندن نیوەی رێگایە بەرەو ھەڵسانەوە، ئەوان بەکردار بەو کارە ھەستان، ئەوەش رێچکەشکێن و ئازایانە بوو. ئێستا کاتی ئەوەیە بزوتنەوەکە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان و کێشەی موڵکداری گردەکە و کۆمپانیات ووشەش بدات، ھاوتەریب دڵسۆزانی گۆڕان و ھەموو ھەڵسوڕاو گۆڕانخوازە زویرەکان بەکردار ھەنگاوبنێنن بۆ ژیانەوەی ئەو بزوتنەوەیە.

کات ھاوکارنییە ئەگەر خەمخۆرە زویرەکانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا ھەنگاونەنێنن بۆ بوژانەوە و ژیانەوەی بزوتنەوەکە، ئەوا دوورنیە بزوتنەوەکە بەھەمان کەرەستەی پێشووی بەردەست، دەست بە بیناکردنەوە بکاتەوە، بەڵام نە کەرستەی پێویست بەردەستەو نە وەستای کارامەی جۆراجۆر بۆ دروستکردنەوە و بنیاتنانەوە، چونکە سەلمێنرا گۆڕان پێویستی بە ھەموو ئەوبیروڕا جیاوازانە ھەبوو بۆ پایەکانی ھەیکەلەی بزوتنەوەکە. 

بەرنامەو پەیڕەوی گۆڕان تا ئێستاش باشترینە، ئەگەرچی زۆریش کۆپی کراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە خەڵکیکە توانای ھەڵگرتنی ئەوبارە قورسەی ھەبێت وەک کاک نەوشیروان.

نۆیەم:

پەیامی ئەم ھەڵبژاردنە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ناڕازییەو بەرەی بایکۆت یەکەمە، کە رێژەکەی ٪٥٥ زیاتر بووە، واتە دەنگی بەرەی بایکۆت بەتەنھا لە ھەموو حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەورەترە و تەنھا پێویستی بەسەرکردایەتیەکی ھۆشیار ھەیە بتوانێ خواستەکانیان جێبەجێ بکات و بیانھێنێتەوە سەر سندوقی دەنگدان.

دەیەم:

شکستەکەی گۆڕان تەنھا ھەڵەی سەرکردایەتیەکەی نیە، بەڵکو ھەڵەی کۆی سیستمی سیاسی ھەرێمە کە ھەمیشە گەورە بچوک ئەخوات و ھێز زاڵترە لە مەنتق.

پەیکەری رێکخراوەیی ھەرێمی کوردستان و عێراق تێکشکاو بێ فەڕە، لەبەرژەوەندی زلھێز و خاوەن دەسەڵاتا ئەڕوات بەڕێوە، بۆیە کاتێک حیزبێک ئەتوانێ باس لەسەرکەوتن بکات کە کۆی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە بخایە ژێر پرسیارەوە و لە ئەلفەوە بۆ یای بگۆڕێ.
بەڵگەش ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بەبایکۆت و دەنگ سوتان وەڵامی کۆی حیزبەکان و سیستمی سیاسی وڵاتیاناوەتەوە.

کاتێک زۆرینە ئەگەڕێنەوە سەر سندوقەکانی ھەڵبژاردن کە ھێزێک ھەبێ لە ھیچ یەکێک لەم حیزبانەی ئێستا نەچێ، سەرلەبەری مۆدێلی سیاسی و دەوڵەتداری بێلایەنانە داڕێژێتەوە، ھاوڵاتی سەنتەربێ، ئاین و حیزب لە دەوڵەت جیاکرێنەوە، بنەماڵە و خێزانەکان لە خاوندارێتی حیزب دوورکەونەوە، دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێنرێتەوە، زیندانی سیاسی نەمێنێ و رەتکرێتەوە.

16/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر