جێبەجێ کردنی یاسا یان دەرهێنانی فیلم!؟

دلێر محەمەد

مناڵێک بەر لە لەدایک بوونی خۆی، باوکی شەهید ئەکرێ. کاتێ چاو ئەکاتەوە، زەمەن گۆڕاوە و بۆ بەرهەمی خوێنی، بەناهەق ڕژاوی باوکی ئەگەڕێ. هەموو عارفەیەکی جەژن، مۆمێک، بە دیار گۆڕی باوکە شەهیدەکەیەوە دائەگیرسێنێ و تێکەڵ بە فرمێسکی دایکی ئەکات. لەو بەریشەوە بکوژەکەی باوکی،  خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ جەژن و هەموو ئێوارەیەکی جەژن، مشتێ خوێ دیکەی ئەخاتە برینی بێ باوکیی ئەم کوڕەوە. دواجار کوڕە، دەگاتە دوا هیچێتی ژیان و بڕیار ئەدا  ئەم ئێوارە جەژنەی بکوژ، وەکو دەیان ئێوارە جەژنی خۆیان لێ بکات و تا تێیان بگەیێنێ، کە تامی فرمێسک و شادی چەند جیاوازە؟ هەڵدێ بۆ شوێنێکی دیکەی نشتیمان و لەوێش ئەم واقیعەی بۆ ئەگۆڕن بە فیلمێکی سیاسی و پۆلیسی. کاراکتەری قوربانی دوێنێ دەکەن بە تاوانبار و وەکو درابێ بە سەر گەورە مافیایەکی وەکو كوزا نوسترای ئیتالیا یان گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانی کۆلۆمبیا بابلو اسکوبار، یاخود وەکو ئەوەی بەغدادی داعش گیرابێ، بەقژ و ڕیشیا ڕای ئەکێشنە ناو کەپسی ئاسایشەوە. هەر وەکو چۆن بە کەوێکی قوربانی، کەوێکی دیکەش ڕاو ئەکەی. جا لە ڕێگەی کوڕە شەهیدەکەی دەستی ئەنفالەوە قوربانییەکی دیکە، کە هەمیشە خەریکی ئاشکراکردنی ئابڕووچوونەکانی کوردایەتی کەیسی ئەنفالە، پێوە دەبێت.  دوو قوربانی هەم هی دوێنێی ڕژێم و هەم هی ئەمڕۆی دەسەڵاتی کوردی، ئەبن  بە مانشێتی کەورە. ئەنجا بە قاقای شەرم ئامێز، گاڵتە بە ڕۆژنامەوان و چالاکوان و سۆزی کۆمەڵگا ئەکەن. گرتمانن، دوو تاوانبارەکە، کوڕە شەهیدەکە و چالاکوانە سیاسیە پێشمەرگە کۆنەکە. چونکە ئەوان ویستیان ئەمن و ئاسایش بشێوێنن. ئێستاش ئەپرسین:

 ١/ ئاخۆ ئەمەی ڕوویدا، جێ بەجێ کردنی یاسا بوو؟

گەر وای دابنێین ئاسایشی  هەولێر، بەرە بەیانێکی زوو، دەستی دەگاتە سەرەداوێک، کە کوڕە شەهیدەکەی، بکوژی  کوژراوەکەی سلێمانی، خۆی گەیاندۆتە هەولێر و لە ماڵی پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانێکی کارای  کەیسی ئەنفال، داڵدەدراوە. دەست بەجێ لە هەرە عاقڵەکانی ئاسایش، لە بەر هەستیاری بابەتەکە، تیمێکی گرتن پێکدێنن. هەر ئەو شەوە بڕیاری دادوەر وەردەگرن و بە هێمنی دەگەنە جێگەی مەبەست. بەرلەهەر دەرگا شکانێک، سەربانی پشتەوە لە تۆمەتباران ئەگرن. بۆ ئەوەی هەڵاتن و ڕووبەڕوو بوونەوە ڕوو نەدەن. بۆ ئەوەی ترس بڵاونەبێتەوە، زۆر بە هێمنی دەرگای حەوشەکە دەکەنەوە و بە بێ ترپە دەگەنە بەردەمی دەرگای سەرەکی شوقەکە و لە دەرگا دەدەن. سەرەتاش ئەکەونە گفت و گۆ. گەر خۆیان دابەدەستەوە چاکە و گەرنا هەرەشەی...چواردەورتان گیراوە، دەنا دەرگاکە دەشکێنین و دێینە ژوورێ، دەکەن. لە باشترین  دۆخدا خۆبەدەستەوە دەدەن و بەبێ ئەوەی کەس بە ئاگا بێتەوە. دەگیرێن و بە ڕێزەوە دەبرێن. بە دەست پێکردنی دەوامی فەرمی تەلەفون دەکرێ بۆ کەس و کاری هەردوو تۆمەتبار کە ئاخۆ پارێزەریان بۆ ڕادەسپێرن یاخود ئاسایش بەم ئەرکە هەستێ! بە ئامادەبوونی پارێزرەکان وتەی تۆمەتباران وەردەگیرێ و لێکۆڵینەوە ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت. لە پەراوێزی پرۆسەکە هەواڵی ڕفاندنی چالاکوانێک میدیا دەتەنێ. هەر بۆیە ئاسایش بە پێویستی ئەزانێ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بدات، بە ئامادەبوونی سەرجەم میدیاکان. لە لێدوانەکەدا ئاسایش  ڕوونی دەکاتەوە، بەڵێ ڕاستە ئەم بەیانییە هەڵمان کوتایە سەر ماڵی فڵان کەس. بەڵام دڵنیابن پڕۆسەکە گرتنی یاسایی بوو، نەک ڕفاندنی هەڕەمەکی ئەگەرچی واش دەردەکەوێ. ئێوە لە دڵسۆزیتان بۆ ئازادی و دیموکراسی و چاودێری هەڵسوکەوتی دەزگاکانی دەوڵەت، ئەم ئەرکەتان گرتۆتە ئەستۆ، دەزانین. بەڵام  ئەو دوو تۆمەتبارە، بە ڕێزەوە دەست بە سەرن و کەس و کاریان ئاگادار کراونەتەوە و پارێزەریان بۆ ڕاسپێردراوە و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە و وتە لێ وەرگرتنن. هەموو شتێک بە پێی یاسا و بە ڕەچاوکردنی برنسیپەکانی مافی مرۆڤە. ئەمانەی گیراون، یەکێکیان بە تۆمەتی کووشتن و ئەوی دیکەشیان داڵدەدان. هەردووکیان بە داخەوە هەم قوربانی دەستی ڕژێمی پێشوون و هەمیش ناسراون و کەسانی کۆمەڵایەتی و سیاسین و هەندێک بیانووشیان هەبووە بۆ تاوانەکانیان. کە هیوادارین ئەمانە ببنە هۆی ئەوەی دادگا ڕەچاویان بکات لە دادگایی کردندا و وەکو تاوانی ڕووت تەماشان نەکات. لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەرخۆشی لە کوژراوەکەش دەکەین و ئەم جۆرە لە تاوان دەکرا ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا ڕێگەیان لێ بگیرایە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە ڕوو بە ڕووی ئێمە دەبێتەوە. جارێ زووە هیچ لێدوانێکی دیکە بدەین لە سەر ئەم کەیسە و یاسا دەبێ ڕێڕەوی خۆی وەربگرێ و لە هەموو تازەگەرییەک ئاگادارتان ئەکەینەوە.

٢/ ئاخۆ ئەمە سیناریۆی فیلمێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو؟

ئەگەر بە وردی بیر لەوە بکەیتەوە کە ئاخۆ بۆچی ئەوەی ڕووی دا لە سیناریۆی فیلمێکی پلان بۆ داڕێژراو ئەچێ تا پڕۆسەی گرتنێکی یاسایی خاوێن. زۆر ئاسان وەڵامەکەت دەست دەکەوێت. ڕەنگە داڕشتنی فیلمەکە لەو ساتەوە، یاخود بەر لە خودی ڕووداوی کوشتنەکەش، دەستی پێ کردبێ. وەڵامی ڕاستیش بە دڵنیاییەوە، لای هەردوو دەستگیرکراو ئەمێنێتەوە، هەتا ئەو ساتەی کە ئەوان بە ئازادی ئەتوانن ئەمەمان پێ بڵێن. بۆیە ئەم وەڵامە، بە گریمانەیی و نادیاری ئەمێنێتەوە. کەسێکی تاوانبار بە بەشداری کردن لە پڕۆسەی ئەنفال، ئەکوژرێت لە سەروبەندی یادکردنەوەی ئەنفالدا. بکوژ کوڕی قوربانی دەستی کوژراوە. بکوژ و کوژراو ماڵن لە سەر حزبانێک و دانیشتووانی زۆنێکن دوور لە قەڵەمڕەوی جێگەی گرتنەکە. چالاکوانێکی بواری  سیاسیش، لە یادکردنەوەی ئەنفالدا، لێدوانی توند دژی دەسەڵاتی کوردی و بە چاوپۆشی کردنیان لە تاوانبارانی ئەنفال تۆمەتبار دەکات. لەوەش زیاتر پێدانی پلە و پۆست بەوان. وەکو ئەوەی بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت، بکوژ لە ماڵی چالاکواندا، خۆی دەدۆزێتەوە. وەکو ئەوەی ئاسایشیش ئاگاداری هەموو شتێک بێت.

لە شەوی دەست پێکردنی بەشی یەکەمی فیلمەکە، ئاسایشێکی زۆر بە کوتەکی پۆڵایین بۆ شکاندنی دەرگا و کامێرامان و سیناریۆیەک و دەرهێنەرێکی سینەمایی، دەگەنە بەر دەرگای ماڵ. بەر لە شکاندن، کامێرامان پێش هەموو شتێک وردەکاری و ئامادەکاری هێز و ماشێنی سەربازی و چەک و تەقەمەنی نیشان دەدات. ئەنجا زووم ئەخاتە سەر شۆستەی بەر دەرگا و گەڕەک و ئەو دەرگایەی لە قۆناغێکی دیکەی ئاکتەکەدا، دەشکێنرێ. دوای ئەوەش نۆرەی وێنەگرتنی کووتەکی ئاسن دێتە پێشێ. ئەنجا دەرگاکە بەکراوەیی. دوای ئەمانەش یەک دوو چەکدار دەچنە ژوورەوە و کامێرامان دوایان ئەکەوێت. گرتەی دوای ئەمە ژوورێکی دانیشتن و جێگەیەکی خەوی ڕاخراوە. ڤیدیۆیەکی بێ دەنگ کراو کە نازانرێ دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکان چیە. فیلمەکە تا ئێرە بەکێشکردنی بکوژ بۆ ناو کەپسی ئاسایش کۆتایی دێت. دواجار لە قۆناغی کۆتایی فیلمەکەدا وەکو ئەوەی دوو گیراوەکە بەشێک بن لە سیناریۆکە و بە چەند ڕستەیەک، کە لە خوێندنەوە لاپەڕەیەکی ئامادەکراو ئەچێت نەک لێدوان دانی خۆرسک. ئەم ئەڵێ کووشتم و ئەویش ئەڵێت داڵدەمدا. بڵاوکردنەوەی فیلمەکەش هەڵ ئەگیرێ تا تەواوی میدیاکان هەواڵی ڕفاندنی چالاکوانێک بڵاو دەکەنەوە. کە من هیچ ڕاستییەک لەم سیناریۆیە نابینم، جگە لە ناوی ئەو گەڕەکەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕووی داوە کە ناوی ڕاستییە.

ئێستا ماوەتەوە بپرسین: ئەگەر ئێوەی خوێنەر ئاسایش بووبان و بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەتان لە گەڵ کەیسێکی گرتنی تاوانبار کردبا، ڕێگەی یەکەمتان هەڵدەبژێرا یاخود سیناریۆی دووەم؟

29/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر