پەروەردەی شۆڕشگێڕانە

جیهاد موحەمەد

بەشی یەکەم

پاوڵۆ فرێری دەڵێت:"پەروەردە جیهان ناگۆڕێت، بەڵکو تاک دەگۆڕێت، تاکەکانیش کۆمەڵ و جیهان دەگۆڕن"
پەروەردەی نەریتیی و کۆنەباو، مرۆڤەکان لە جێگەی خۆیاندا ڕادەگرن و بۆ دەیان و سەدان ساڵ هیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەردا نایەت.
ئەو نووسینی سەردیوارەی، کە نووسرابوو:"باپیرم هەژاربوو، باوکیشم بەدوای ئەوەدا هەر هەژار بوو، من منداڵم نییە، کەواتە هەژاری کۆتایی دێت".

وەک کاک ڕێبوار نووسیبووی:"ئەمە کارەساتە"، ڕاستی نەک هەر کارەساتە بەڵکو تاوانە. تاوانەکەش لەوەوە هاتووە، کە جیهانی هەژاران لە جێگەی خۆیدا و لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە، هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نایەت. 
گۆڕاناکاریەک کە کۆتایی بە ژیانی هەژاری و ستەمدیدەیی بێنێت، ئەوە نییە کە منداڵمان نەبێت! بەڵکو ئەوەیە هەژاران شۆڕشێک بەرپا بکەن بۆ بەدیهێنانی جیهانێک، کە چەوسێنەر و چەوساندوەی تیا نەمێنێت.

کاتێک وشەی شۆڕش گۆدەکەین و باسی دەکەین، مەبەست تەنها لە شۆڕشێک نییە کە پڕاوپڕبێت لە تووندووتیژیی، بەڵکو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەرپا بێت کە پڕاوپڕبێت لە عەقل و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، شۆڕشێکی پەروەردەییانە، کە وا لە تاکەکان بکات بە هیچ جۆرێک نەنووشتێنەوە بۆ خۆشبەختییەکی تایبەتی خۆی، کە لە ڕاستیدا ئەوە خۆپەرستیە نەک خۆشبەختی، خۆشبەختی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بۆ هەمووان بێت. 

خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریەکیش کە بۆ هەمووان بێت لە پەروەردەیەکەوە بونیاد دەنرێت، کە کولتووری پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن و پێکەوە پارێزەری بەرژەوەندیە گشتیەکان و پێکەوە پارێزەری ژینگەیەکی تەندروست و هاوسەنگی ژیان بونیاد بنێت.
پەروەردەی نوێی سەردەمیانە و دیموکرات، پەروەردەیەکە وەک پاوڵۆ فرێری دەڵێت، ئازادی و ڕزگاری بە واتای وشە بەرهەم دێنێت، مرۆڤبوون بەرهەم دێنێت. وەک پاوڵۆ دەڵێت:"هەموومان مرۆڤین، وەلێ مرۆڤبوون لە هەمووماندا نییە، تەنها بە پەروەردەیەکی شۆڕشگێرانە مرۆڤبوون تیاماندا دروست دەبێت. کولتووری دیموکراسی و پایەکانی دیموکراتیەت وەک ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری و پێکەوەژیان و وەستان لە سەرپێی خۆمان و بەدیهێنانی ئابووریەکی تۆکمە و داهێنانی هونەری و ئەدەبی و زانستی بە درووشمبازی و بانگهێشتکردن و ئامۆژگاریی نابێت و ناکرێت. 

لە مێژووی دوور و نزیکماندا، ئەو کۆمەڵانەی لە ژێر دەستی کۆمەڵێک ڕەمز و کاریزما و حیزب و شۆڕشی نا شۆڕشگێڕانە بانگهێشتی دیموکراتیەت و  خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی و بەخەتەوەریان کردووە، بەڵام بە بێ هەنگاونان بۆ پراکتیکەکردنیان، هەموو کۆمەڵیان لە بازنەیەکی داخراودا ڕاگرتووە و ژیانی تاک و کۆمەڵ وەک خۆی ماوەتەوە، ئیتر ئەوەی هەژار بووە بە هەژاری ماوەتەوە، ئەوەی دەوڵەمەند بووە بە دەوڵەمەندی ماوەتەوە، ئەوەی گەندەڵ بووە بە گەندەڵی و دزی ساختەکاری ماوەتەوە، ئەوەی سەرکردە و ڕابەر و زۆردار بووە وەک خۆی ماوەتەوە. 

ئەو گەل و کۆمەڵانەشی هەنگاوی کردەییان ناوە بۆ گۆڕانکاریەکان، کەم یان زۆر توانیویانە گۆڕانکاری لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا بکەن. 
کەی ویستمان گۆڕانکاری لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا بە ڕاستی بکەین، کە ویستمان لە چەوساندنەوە و ستەمکاری نەتەوەیی و چینایەتی ڕزگارمان بێت، کە ویستمان بە ڕاستی تاک و کۆمەڵ ببێت بە خاوەنی ئاکار و ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کەی ویستمان بە ڕاستی تاک و کۆمەڵ خاوەنی ویژدانێکی زیندووی مرۆڤپەروەررانە بێت، ئەبێت لە پەروردەوە دەست پێ بکەین، کە هەموو ئەم بابەتانە لە لای مامۆستای فێرگە بکات بە "پەیام"، تا بتوانێت بە ڕاستی هەموو ئەمانە لە کۆمەڵە بچکۆلانەکەی خۆیدا کە فێرگەیە جێبەجێ بکات، جێبەجێکردنەکەشی بە هاوبەشی مامۆستایان و فێرخوازان بکرێت، نەک بە ترس و تۆقاندن و هەڕەشەوگوڕەشە، یان بە ئامۆژگارییکردن، سەدان ساڵە ئایین ئامۆژگاریی دەکات بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخەکەدا دروست ناکات. لە پەروەردەیەکی ئاوا شۆڕشگێڕانەدا مامۆستا هەموو شت زان نییە و فێرخوازیش هیچ نەزان، کاری مامۆستا هۆشیارکردنەوەی فێرخوازانە، بەڵام ئەو هۆشیاکردنەیەوە بە دیالۆگ دەکرێت، واتا تەنها مامۆستا قسە ناکات و فێرخواز گوێ بگرێت، بەڵکو بە هاوبەشی و وەکیەک لە نێوان فێرخوازن خۆیاندا و هەروەها لە نێوان فێرخوازنا و مامۆستایاندا.  واتە فێرگە بکرێت بەو ناوەندە دیموکراتیەی لە پێناوی فێرخوازدا کار بکات بۆ گەیشتنی بەو ئاکار و ڕەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە پێویستە بۆ گۆڕانکارییەکان.
١٣/٠٧/٢٠٢٢


05/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر