پەروەردەی شۆرشگێڕانە..(٢)

جیهاد موحەمەد


پەروەردەی شۆرشگێڕانە، ئەو پەروەردەیەیە کە "فێرکردن و پەروەردە" (التربیە والتعلیم) لادەبات و، لە جێگەیدا "پەروەردە و فێربوون"(التربیە والتعلم) دادەنێت. 
پاوڵۆ فرێری دەڵێت:"کەس کەس فێرناکات، بەڵکو هەموو پێکەوە فێردەبین" بۆیە پاوڵۆ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە لە یەککاتدا "مامۆستا فێرخوازە و فێرخواز مامۆستایە".نە مامۆستا و نە هیچ کەسێک چەند پلەی فێربوون و زانستی باڵا بێت نەگەیشتووە بە کۆتا فێربوون و زانیاری و زانست. هەتا نهێنیەکانی گەردوون بەدەربن لە زانین، مرۆڤ فێرخوازە، هەروەها هەتا ململانێ چینایەتی و نەتەوەییەکان بەردەوامبن، مرۆڤ لەسەر کەڵکەڵەی گەیشتن بە جیهانێکی بێ چەوساندنەوەیە. 
پەروەردە و فێربوون(التربیە والتعلم) دوانەیەکی تێکهەڵکێشن، بەدەگمەن جیادەکرێنەوە، مەگەر بۆ زیاتر تێگەیشتن و لە کاتی پێیوستدا جیایان بکەینەوە. بە پێی تێگەیشتنی پاوڵۆ فرێری و دەیان زانای پەروەردەیی و سایکۆلۆجیست نە فێردەکرێین نە پەروەردەدەکرێین، بەڵکو فێردەبین و پەروەردەدەبین.
فێرکردن بۆ ئاژەڵە نەک بۆ مرۆڤ، فێربوونیش بۆ مرۆڤە نەک بۆ ئاژەڵ، چونکە مرۆڤ  ئاوەزەو هەستی بەکار دەهێنێت و، ئاژەڵ ئاوەزی نییە و تەنها هەست بەکاردەهێنێت. ئەسپ فێردەکرێت، سەگ ڕادەهێنرێت، وەلێ مرۆڤ،لەوانی ترەوە، بە ئەزموون و چاولێکردن فێر دەبێت و ڕادێت. کورد، دەمێکە وتوویەتی:"گەورە ئاو دەڕێژێت و منداڵ پێی تێ دەخات"، کەواتە منداڵ هەموو چاکە و خراپەکان لە مرۆڤ و کۆمەڵەوە فێردەبن، تەنانەت گەورەکانیش لە یەکتریەوە فێر دەبن.
فێربوون(التعلم) پڕۆسەیەکە جیاناکرێتەوە لە پەروەردە. سەرچاوەی سەرەکی "پەروەردە و فێربوون" ژیانە، وەک تریش بۆ منداڵ، سەرچاوەکانی فێربوون، خێزان و باخچە و فێرگە و یاریگاکانە، کارکردنیانە، لە کێڵگەکاندا بە ئامادەیی دایک و باوک و گەورەکانیان، خولی ڕاهێنانە ئەدەبیی و هونەرییەکانیانە، گەشتوگوزاریانە لەگەڵ مامۆستاکان یان لەگەڵ خێزانەکانیاندا، دواتر لە پەیمانگا و زانکۆکانیاندا فێردەبن و پەروەردە دەبن. ئەمانە هەموویان سەرچاوەیفێربوون و پەروەردەن، هیچ فێربوونێک لەمانەدا بێ پەروەردە نییە. لە هەموو ئەم سەرچاوانەوە منداڵ یان گەورەکان فێردەبن و پەروەردە دەبن. 
 پاوڵۆدەڵێت:"لە هەر شوێن و جێگەیەکدا مرۆڤ هەبێت، لەوێش پەروەردە هەیە". پەروەردە و فێربوون ئەو دوو پڕۆسەیەن کە جیا نابنەوە لە ژیان. هەتا ژیان بەردەوام بێت ئەم دوو پرۆسەیە بەردەوامە. پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون لەگەڵ ئەوەی بنەماگەلێکی ستانداردیان هەیە، وەلێ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە دەگۆڕێت. بنەمای ستانداردی فێربوون و پەروەردە، ئەو بنەمایەیە کە هاوئاهەنگ و تەبا دەبێت لەگەڵ پێشکەوتنە گشتیەکانی مرۆڤیایەتیدا، هاوئاهەنگ دەبێت لەگەڵ زانستدا، لەگەڵ ئابوورییەکی تۆکمە و پێشەکوتوودا، لەگەڵ یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤ و دادپەروەرییدا، هاوئاهەنگ دەبێت لەگەڵ کولتووری دیموکراسیدا، هاوئاهەنگ و تەبا دەبێت لەگەڵ ژینگەدۆستی و مرۆڤدۆستییدا. فێربوون و پەروەردە پێویستیی ژیانە، پێویستییەکانی ژیانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، لە کولتوور و کۆمەڵێکەوە بۆ کولتوور و کۆمەڵێکی دیکە جیاوازە. ناوچە پیشەسازییەکان پێویستیان بە فێربوون و پەروەردەیەکی پیشەسازییانە هەیە. ناوچە کشتوکاڵییەکان پێویستیان بە فێربوون و پەروەردەیەکی کشتوكاڵییانە هەیە، کۆمەڵە نادیموکراتەکان پێویستیان بە فێربوون و پەروەردەیەکی دیموکراتیانەیە.هەر لێرەدایە کە جۆن دێوی دەڵێت:"فێربوون و پەروەردە جیاناکرێتەوە لە ژیانی تاک و کۆمەڵ"، فێربوون و پەروەردە دەبێت بە جۆرێک بێت، کە ژیانی تاک و کۆمەڵ تیایدا ڕەنگ بداتەوە. دیسان هەر لێرەشەوەیە کە زانا پەروەدەییەکان دەڵێن:"پڕۆگرام(منهج) لە فێرگەدا هەڵەیە بە کتێب دابنرێت، پڕۆگرام لە فێرگەدا دەبێت لە ژیانەوە سەرچاوەی گرتبێت. نابێت فێرخواز بکرێت بە کۆیلەی کتێب، بەڵکو دەبێت فێربێت کە ژیان هەمووی تێکۆشان و هەوڵدان و عەرەق ڕشتن و ماندووبوون بووە، کەس نەهاتووتە سەر سفرەی حازری. کەواتە کتێبەکانی خوێندن و پەروەردە دەبێت لە ئەزموونی ژیان و چۆنیەتی ژیان و پێشکەوتنی ژیانەوە نووسرابێتنەوە نکە بە بۆچوونی ئەم و ئەو. 
لە جۆن دێویەوە فێردەبین، کە منداڵ دەبێت ناوەندی فێرگە بێت، دەبێت فێرگە ببێت بە خانەی نێوان مامۆستا و فیرخواز، بۆ گرنگییدان بە گەشەکردنی منداڵ لە ڕووی جەستییەوە، هەروەها لە ڕووی پێشکەوتنی تواناکانی فێرخوازەوە، بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و ژمێریاری و زانیارییە جوگرافییەکان و مێژوو، سەرەڕای ئەمانەش گرنگییدانە بە باشبوونی ئاکار و خووەکانی منداڵ بەرانبەر بە هەر شتێکی دەوروبەر و پەیوەست بە پەیڕەو و ڕێکوپێکی فێرگەوە. 
هەموو قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە قۆناغی جادووگەرییی و ئەفسانەیی و ئایین و فەلسەفەوە تا دەگات بە قۆناغی زانست و زانستگەرایی، لە یەکەم شارستانیەت و مەدەنیەتی مرۆڤەوە تا دەگات بە مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە، سەرجەم مرۆڤایەتی هاوبەشن تیایدا، بەڵام وەک یەک سوودیان لە پێشکەوتن و گەشەکردنی ئەم قۆناغانەی ژیان وەرنەگرتووە.
بێرتراند ڕەسڵ زۆر قوڵبووەتەوە دەربارەی "فێربوون و پەروەردە" بۆیە دەڵێت:"کۆرپەلە و منداڵی ساوای تەمەن چەند مانگ لە سکی دایکیدا، خۆشی و ناخۆشی، لە خۆشی و ناخۆشیەکانی دایکیەوە وەردەگرێت". کاتێک دایکێکی دووگیان تووشی نەخۆشی و ئازار، یان کێشە و خەفەتخواردن دەبێت، منداڵەکەی سکیشی هەست بەو خەم و خەفەت و گرژییەی دایکی دەکات. کاتێکیش دایکی دووگیان لە خۆشی و پێکەنین و چێژوەرگرتندا دەبێت، منداڵەکە هەست بەو خۆشی و چێژوەرگرتەنە دەکات. ڕەسڵ لەوە زیاتر دەڕوات و دەڵێ:"منداڵ لە تەمەنی یەکساڵیەوە هەتا ٨ هەشت ساڵان، هەرچی فێربێیت لە دایک و باوک و گەورەکانی خێزانەوە، تا تەمەنی دەبێت بە سەد ساڵیش ئەو فێربوون و پەروەردەیەی لە لا دەمێنێتەوە. ئەو فێربوون و پەروەردەیە بەردی بناغەی تەلاری ئاکار و ڕەوشتی هەر منداڵێکە تا دوا هەناسەی. 
ماوێتی


25/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر