دۆخی ئەنجومەنی دادوەریی كوردستان

سەرتپ جەوهەر
دامەزراوەی دادوەریی كۆڵەگەی سەقامگیریی كۆمەڵگاو حكومڕانییە. ئەو دامەزراوەیە لەنگ و لەرزۆك بوو، حكومڕانی هاوسەنگی خۆی لەدەستدەدات، ئاسایشی كۆمەڵگا دەكەوێتە مەترسی، دادپەروەریی هیچ بەهایەكی نامێنێت.

ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بینیمان، تەمومژی نەهێشت لەبەدەم ئەو راستییەی كە دەسەڵاتی دادوەریی لەكوردستان بەجۆرێك لاواز بووە، بۆتە بەشێك لەئەجێندای حزب و دەستوەردان لەبڕیارو كارەكانیدا بەروونی دیارە.

لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێم لەڕێی قانونێكی تایبەت ئەنجومەنی دادوەریی وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەحكومەت جیاكرایەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەبوو كەمێك لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەستوەردانی حزب دووربكەوێتەوە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵە دەریخست ئەم دەسەڵاتە نەك نەیتوانی سەربەخۆ بێت و قانون پارێز بێت، بەڵكو هەندێجار بڕیارەكانی دادگاكان، هۆكاربوون بۆ گرژیی سیاسی و لێكەوتەی خراپی بەدوایخۆیدا هێناوە، وەك لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دادگای هەولێر وڵاتانی دۆستی وەك ئەمریكاو ئەڵمانیای كردۆتە تەرەف لەكەیسی گیراوانی بادینان .

لەماوەی چەند ساڵی رابردوو پێشێلكاریی زۆر گەورە لەدامەزراوەی دادوەریی كوردستان رویداوە، وەك حاكم رزگار دەڵێت "لەماوەی 40 ساڵی كاركردنم لەناو دامەزراوەی دادوەریی، دۆخی دادوەریم لەئێستا خراپتر نەبینیوە". كە دەكرێت بڵێین ئەو پێشێلكاریانە وێنەی نەبووەو لەمێژووی دەسەڵاتی دادوەریی لەكوردستان و عیراق .

سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دادوەریی، بەناقانونی تەمەنی خانەنشینی بۆ چەند ساڵێك درێژكرایەوە و مشتومڕی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، هەروەك ئێستا دوبارە تەمەنی دوو دادوەری دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەریی بەناقانونی بۆ ساڵێك درێژكراوەتەوە

لەكاتێكدا یەكێتیی دادوەران و پەرلەمان و دەستەی نەزاهەی كوردستان لەبەیاننامەو نوسراوی رەسمیی داوایانكردووە ئەو كارە ناقانونییەی ئەنجومەنی دادوەریی رابگیرێت، بەو پێیەی دەسەڵاتی دادوەریی لەكوردستان لەكەدارو ناشرین دەكات. یەكێك لەو دوو دادوەرەی بەناقانونی بەردەوامە لەكاركردن، ئیمزای لەسەر دوپاتكردنەوەی سزای گیراوانی بادینان كردووە .

هێشتا خراپتر، لە ساڵی 2018 وێنەی ژمارەیەك دادوەر بڵاوكرایەوە كە لەكەمپینی بانگەشەی حزب دا لەیاریگای هەولێر بەشداریان كردبوو. هەروەك لەماوەی رابردوو وێنەی ژمارەیەك دادوەر بڵاوبویەوە كە بۆ پیرۆزبایكردن سەردانی لێپرسراوێكی حزبیان كردبوو، كە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەهۆی تۆمەتباربوونی بەكوشتنی خۆپێشاندەران .

لەماوەی چەند هەفتەی رابردووش ژمارەیەك دادوەرانی هەولێرو بادینان، لەنێوانیاندا یەكێك لەو دادوەرانەی تەمەنی خانەنشینی بەناقانونی درێژكراوەتەوەو یەكێكە لەو سێ‌ دادوەرەی ئیمزای لەسەر سزادانی گیراوانی بادینان كردووە. لەسەر خواستی حزب پرۆژەیەكیان نوسیوەتەوە بۆ هەمواركردنەوەی قانونی دەسەڵاتی دادوەریی بەجۆرێك تەمەنی خانەنشینی دادوەر بۆ چەند ساڵێك درێژ دەكاتەوەو دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی دادوەریی زیاتر دەكات، تاوەكو بەیەكجاریی و لەڕێی قانونەوە دەسەڵاتی دادوەریی بكەنە دیلی حزب و لەمەودوا ئەوەی ماویشە وێرانی بكەن !

10/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر