پێوەری چوونە بەهەشت و دۆزەخ !

محەمەد خۆشناو

من نازانم چۆن لەدایکبووم و چۆن پێگەیشتم ، چارەگی ژیانم بەسەربرد کەچی من بەتەواوەتی هۆکارەکانی هەموو ئەوەی بینیوومن یان گوێم لێبووە و هەستمپێکردووە نازانم و ، ئەمن تووتی بووم و تووتیەکانی دیکە تەلقینیان دەدام .
                                               ڤۆلتێر

زۆربەمان هەر لە منداڵیەوە فێرە ئەوەیان کردین کە جگە لە ئۆمەتی موسوڵمانان ، هەموو نەتەوەی ئایینەکانی تر دەچنە دۆزەخ ، لەمنداڵیەوە شتێکی ساختەیان لە مێشکماندا چاند  ئەویش ئەوەبوو ، کە ئیسلام لە دۆخی جەنگێکی مێژوویدایە دژ بە کافران واتە کریستیان و جوو ، جارێکیان لە یەکێک لەو کۆلکە مەلایانەم پرسی : مادام ئەوان دۆزەخین بۆچی وا پێشکەوتوون ؟ گووتی : کە ئێمە پەیڕەوی تەعالیمی ئیسلاممان دەکرد خوا بەسەر ئەو کافرانەی سەرخستین و حوکمی جیهانمان دەکرد ، بەڵام کە وازمان لە تەعالیمی ئایینەکەمان هێنا شکستمان خوارد و لاواز و دواکەوتوو بووین ، نازانم ئەو مەلایە ئەوە دەزانێت کە هەموو ئەو ئەمیر و پادشای ئیسلامیەکان بوون کە حوکمی جیهانیان دەکرد ، ڕۆلی کاریگەریان هەبوو لە سڕینەوەی پێکەوژیان لە ناخ و دەروونمان ، زۆربەیان لە هەموو سەردەمەکاندا مەی واتە خواردنەوە کحولیەکانیان دەخواردەوە  ! و ، ئەو دەوڵەتی عەباسیەی کە شانازی پێوە دەکەن هەر تەنها دەوڵەتی خەلافە نەبوو بەڵکو دەوڵەتێکی ئیمپڕاتۆر بوو وەکو ئیمپڕاتۆرەکانی تر لەسەر خوێنڕشتن و ململانێی سیاسی وەستابوو ، دوڵەتی عوسمانی دەوڵاتێکی ئیمپریالی دڕندە بوو ئەمانە هەموویان دەیان قەسبخانەیان بەرانبەر گەلانی ژێر دەسەڵاتیان ئەنجامدا ، ئەوانە بوون ئەوەی دیکەیان بە کافر و دۆزەخی و موسڵمانیش بەهەشتی دادەنا و ئێمەیان هەلخەڵەتاندبوو .
ئێستا دەرکەوتووە کە ترسناکی ئەو جۆرە مەلایانە کە بە جلی ئایینی ئەو بانگەشە فریوودەرانە دەکەن ، ترسناکی ئەوانە لەسەر بیروباوەڕ و عەقیدەی ئایینی زۆرترە لەو کەسەی نوێژ ناکات و ڕۆژوو ناگریت !
ئەم باسە ئەو زنجیرە بیانیەی بیرهێنامەوە کە بەعەرەبی خوێندمەوە کە تێیدا دەڵیت : دایەلۆگێکی دیالێکتیکی لەنێوان دوو کەس کرا ، کە پیاوێکی ئایینی لەنێوانیاندا بوو ، ناوەڕۆکی دایەلۆگەکە ئەوەبوو : ئایا ئەو دوو پیاوە دەچنە بەهەشت یان دۆزەخ ؟ گفتوگۆی نێوانیان سەبارەت پێوەری چوونە دۆزەخ یان بەهەشت درێژەی کێشا ، لەسەر ئەو ڕەگەزانەی کە چارەنووسی هەموو مرۆڤێک دیاریدەکات ، بەوە کۆتاییان هێنا کە ئەمە ژیینامە«السیرە» یە دەستنیشانی شوێنی ئەوان لەنێوان بەهەشت و ئاگردا دەکات ، ئەگەر ژیینامەکە بۆندار و باش بوو هەروەک هەموو ئەوانەی مەمڵە لەگەڵ کەسەکە دەکەن بە کەسێکی باش و ڕێکوپێک- یان دانا ئەوە ئەم ژیینامەیە دەبێتە شەفاعەتێک بۆ بەهەشت ، بەڵام ئەگەر خەڵک بەخەراپە باسیانکرد ، بەو پێیەی کە کەسێکی زەرەزمەند و ئەنانی و درۆزن و چاوبرسیە ، بێگوومان لێرە چارەنووسی ئاگر دەبیت.
ئەو ژیاننامەیەی کە مرۆڤ لە لای بەجێدەمینێت دەبێتە ڕەنگدانەوەی ماوەی بوونی لە ژیاندا ، خێر بێت یان شەڕ ، ئا لەسەر ئەم بنچینەیەیە دەستنیشانی چارەنووسی مرۆڤ دەکرێت لە ڕۆژی دواییدا .
ئایینی ڕاستەقینە نوێژ و زەکات و حەج و شەهادە و چوونە کەنیسە نیە ، بەڵکو ئەوەی پەیوەستە بە ڕەوشت و بەهاکان و نموونەی بەرز و باش مامڵەکردن لەگەڵ ئەوەی دیکە یە ، ئەوە چ ئیماندارێکە «هەقی ئەوەی دیکە بخۆیت » ئیرەیی بە خەڵکی خۆت ببەیت و جوێن بدەیت و دزی لە شریکی خۆت بکەیت  غەیبەت و فیتنەیی بکەیت  بچیت نوێژ بکەیت و ڕۆژوو بگریت و بچیتە حەج و بشڵێت لە ئۆمەی ئیسلامە دواجار دەچێتە  بەهەشت؟ ئایین جا هەر ئایینێک بێت بریتیە لە مامڵەکردنی باش لەگەڵ هەر یەکێک بێت و قسەی ڕاست بکەیت لەگەڵ هەر کەس بێت ، کردەوەکانت هەرچیەک بێت تۆ ناتوانیت هەموو ئەوانە فریووبدەیت کە لەماوەی ژیانتدا مامڵەت لەگەڵدا دەکەن ، بەکورتیەکەی ئەوەی لە ژیاننامەتدا ماوەتەوە ، ئەو شتەیە کە دەستنیشانی چارەنووست دەکەن.
کاتێک خوای گەورە پێت دەڵێت ، مەدزە مەبەستی لە ئەوانی دیکە مەدزە ، کە پێت دەڵێت مەکوژە مەبەستی ئەوانی دیکەیە ، درۆ مەکە ، لەسەر کێ درۆ دەکەیت ؟ .
مەبەستی شەریعە و ئایینەکان بریتیە لە مامڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە ، ئەگەر لەکاتی ناخۆشی و تەنگدەستی بە فریای کەویت یان کە تووشی شتێک هات زگت پێی بسووتێ و یارمەتیت دا و ، ئەگەر هەموو ئەوانەی دەوروبەرت ، جا خزم بێت یان برادەر یان بەرپرسانی کارەکەت یان هاوڕێت ، ئەگەر ئەمانە هەمووی شەهادەیان بۆ بەرژەوەندی تۆ دا ، ئەمە مانای ئەوەیە هەموو تەعالیم و مەبەستی ئایینەکانت جێبەجێکرد ، بەتایبەتی کە چەقی ئەو ئامانجانە  شێوازی مامڵەکردنە لەگەڵ ئەوەی دیکە .
ئەگەر هەموو ڕێوڕەسم و فەرز و نوێژ و ڕۆژوو جێبەجێبکەیت ، بەڵام دلڕەق بیت لەگەڵ ئەو کەسەی کە جێگەی بەزەییە و تووندوتیژ بیت لەگەڵ ئەوەی جێگەی سکپێسوتانە و ، بچیت دەیان عەمرە و حەج بە پارەی حەرام بکەیت و قۆڵی خەڵکی ببڕیت و هەموو یەکشەممە بچیتە کەنیسە  و ساختە بکەیت و ناپاکی بکەیت و لەپشتەوە خەنجەر بووەشێنیت، ئەمە مانای ئەوەیە کە قسەکانی خوای گەورەت جێبەجێنەکرد و مانای وایە کە ژیاننامەیەکی خەراپت هەیە و چارەنووست دۆزەخە ، عیبادەتکردن ئامرازێکە بۆ بیرخستنەوە لە مەبەست و ئامانجی ئایینەکان کە هەر هەمووی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ دانراوە ، بۆیە سیڤی یان ژیاننامە ئاماژەی مسۆگەرە بۆ چارەنووسی هەر مرۆڤێک.

10/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر