ئایا ٢٠٢٣ ساڵێکی شووم دەبێت؟!

محەمەد خۆشناو

چەند کاتژێرێکی دیکە ساڵی 2022 دوا لاپەڕەی خۆی دەپێچێتەوە ، کە ساڵێکی قورسی پڕ لە قەیرانی ئابووری و خۆراک و ووزە و جەنگ و نەخۆشی و ململانێی زلهێزەکان و گرانی و زیادبوونی ژمارەی هەژاران لە سەرانسەری جیهان بوو .
لە هەرێمی کوردستانیش بە هەموو تەمەنی ژیانم لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا ئەو بێزاری و حالەتی خەمۆکی تاک و بەکۆمەڵ و تووڕەیی خەلکی- م نەبینووە ، ئەمە هەر تەنها لەبەر ئەوە نا کە ڤایرۆسێک یا پەتایەک بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە ، ترسناکیەکە لەوەدایە کە لەگەڵ خۆی بارستەیەکی لە خەم و توەڕەیی و ونبوونی بەختەوەری هەڵگرتووە .
ماڵئاوایی ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ، لەکن عامەی خەڵک یاری ئاگرین و گۆرانی و سەما و ئاهەنگە ، لەکن تایبەتیەکان واتە هزرمەند و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفەکان تیڕامان و ژمارەی حسابات و پلاندانانە ، لەکن سیاسی و خاوەن بڕیاری نێودەوڵەتی تەنها ڕاکێشانی وەرەقەیەکە لە دەفتەری ڕۆژژمێری و هەڵدانەوەی یەکێکی ترە بەجۆرێک تەنها ژمارەیەکی نوێ بەدیار دەکەویت ، چونکە کارەکەیان لەسەر حساباتی جیاواز وەستاوە .
هەمیشە لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ داوا دەکرێت کە ساڵێکی باش و پڕ بەرەکەت بێت ، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێت ئێمە باش بین بە خۆشەویستی و بەخشش و دروستکردنی ئاشتی و کەشی ئارام ، ئەوە ئێمەین دەگۆڕێین بەڵام ساڵەکان تەنها ژمارەکانیان زیاد دەکات .
بە بۆچوونی پسپۆر و شارەزایان وایە کە ساڵی نوێ قەیرانەکان زیاتر بن و ، کۆمەلگەی نێودەوڵەتیش « ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئەوروپا ، چین » تا ئێستا بە دۆخی خۆی و وەرەقەیان دادەچنەوە ، بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمە وامانلێدەکات کە دۆخی جەنگ و ئاشتی بە تەماوی و دیدگای نادیار لە 2023 بمێنێتەوە .
بابزانین فەلەکناسان بۆ ساڵی 2023 چی دەڵێن ! خوا نەکات پێشبینی ئەوان بێتەدی و ، ئەگەر خوێندتانەوە بڕوای پێمەکەن و هەوڵ بدەن بە خێرایی لەبیری بکەن .
پزیشک و فەلەکناس « نۆستەر دامۆس» کە لە سەدەی شازدەهەمەوە پێشبینیەکانی بۆ جیهان خستۆتەڕوو 70%ی بەدیهاتوون ، مەبدەئیەن پێشبینی کرد کە جەنگێک لە ئەوروپا ڕوودەدات و ئەو جەنگە بۆ ساڵی 2023 حەفت مانگی دیکە بەردەوام دەبێت کە جەنگی ئۆکراینایە و ، پێشبینی دۆخی خەراپی کەشوهەوا دەکات ، نۆستەردامۆس پێشبینی ئەوەش دەکات کە ساڵی 2023 ساڵی بەدیارکەوتنی هەندێک لە گۆشتخۆری مرۆڤ لە هەندێ ناوچە بێت .
پێشبینی ژنە فەلەکناسی بولگاری «بابا فانگا»ی نابینا  کە لە ساڵی 1997 مرد ، پێشبینی دەکات کە 2023 تەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە شوێنێک لەسەر زەوی ڕووبدات کە ببیتە هۆکاری ڕەشەبایەکی خۆراویی کە کاریگەری تێکدەرانەی هەبێت و ببیتە هۆکاری گۆڕانی سووڕگەکانی زەوی ، پێشبینی ئەوەش دەکات کە هێرشێکی نادیار لە بۆشایی ئاسمان ڕووبدات و ببێتە هۆی بڕینی کارەبا و پەیوەندیان لە جیهان.
بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکان ، خەڵکانیک هەن پێچەوانەی ئەمانن و ، جیهان بە جوانی و ڕووناکی خۆی دەبینن و ، نازم حیکمەت-شاعیری گەورەی تورک لە دێرە شعرێکیدا دەڵێت :( هێشتا جوانترین ڕۆژانی ژیانمان نەهاتوون ) ، هەروەها ڕۆمانووسی گەورەی کۆڵومبیا گابریل گارسیا مارکیز کە لەسەر جێی نەخۆشی بوو ، لە پەیامی ماڵئاواییدا دەڵێت : ئەگەر خوا ژیانێکی دیکەم بداتێ ، ئەوە من بەهەموو هێزم ئیستیسماری دەکەم ، کەم دەنووم ، زۆر خەون دەبینم ، باش بزانە کە هەموو چرکەساتێک کە چاوەکانمان دەنووقێنین مانای زیانگەیاندنی شەست چرکەیە لە ڕووناکی ، من دەڕۆم لەکاتێکدا ئەوانی دیکە ڕاوەستاون ، من بەئاگام لەکاتێکدا هەموو دەخەون .
خوایە لەساڵی نوێدا کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو بن و ، ئەو پارتانەش بەخۆیاندا بچنەوە و ئاشتببەنەوە لەگەڵ ئەو گەلەی کە ئازار و ناخۆشی زۆر بینیووە ، ئێمە دەزانین کە هەر تەنها نزاکردن و هیوا بەس نین بۆ هێنانەدی خۆزگەکان و گەیشتن بە ئامانج ، بەڵام دەتوانین ئەوەی دەمانەوێت بەدی بێنین بە کاری باش و هەوڵی بەردەوام و سووربون لەسەر گۆڕینی خەون و هیواکان بۆ ڕاستی لەسەر ئەرزی واقیعدا .

31/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر