کاتێک سەرمایەی توپی پێ دەخرێتە خزمەت گەل و نیشتیمان!

محەمەد خۆشناو

مێژونووس و ڕۆمانووسی ناوداری ئۆرگوایی «ئەدواردۆ گالیانۆ-1940-2015» لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا  (تۆپی پێ لەنێوان خۆر و سێبەر )دا باس لەوەدەکات کە تۆپی پێ ، بەوەدەناسرێت کە ئەو ئاوێنەی جیهانە ، کە لەناویدا حیکایات دروستدەکرێت و ، نەبەردی و ئیستیغلال و خۆشەویستی و کۆلەمەرگی لەخۆدەگرێت و ، ململانێ لەنێوان ئازادی و ترس لەخۆدەگرێت ، ئایینێکی ترسناک لەخۆدەگرێت کە ناوی « ئایینی بازاڕ»ە ، مەبەستی گالیانۆ ئەوەیە کە ئەمە بازاڕە دەسەڵاتدارە و ئەو موڵکیەتە ، دەوڵەمەند تەحەکوم دەکاتە سەر هەژار ، زمانی پارە و بەرژەوەندی وایلێهاتووە هەڕەشە دەکاتە سەر هەمووان ، هەتا هەڕەشە دەکاتە سەر خودی چێژی تۆپی پێ-ش ، گالیانۆ  چڵێسی جیهانی سەرمایەداری لە تۆپی پێدا دەخاتەڕوو  ، بەڵام لە لایەکی تر تۆپی پێ نموونەی مرۆیی و پێشەنگیش بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان دروست دەکات ، وەرن سەیری ئەو پەیامە نەمرەی یاریکەری ناسراوی تۆپی پێی جیهانیی و هەلبژاردەی سەنگال «سادیۆ مانی »  مەزن بکەن کە ئیستا وەک هێرشبەر لە یانەی « النصر»ی سعودیەیە ،  بزانن ناوداریەکەی  چی لێکردووە و دەڵێت : بەرگەی برسێتیم گرت ، لەکێڵگەکاندا کارم کرد ، لەجەنگەکاندا قورتار بووم ، یاری تۆپی پێم بە پێخواسی دەکرد ، لە قووتابخانە فێر نەبووم ، بەڵام ئەوڕۆ بە یارمەتی بەهرەی وەرزشیم و ئەوەی لە تۆپی پێ وەرمگرتوە ، دەتوانم یارمەتی گەلەکەمی پێبدەم…لەمیانی کاری کۆمەڵگەیی دەستم بە دروستکردنی قووتابخانە و نەخۆشخانە کرد ، جلوبەرگ و پێڵاو و خواردن پێشکەش ئەو کەسانە دەکەم کە لە هەژاریەکی نالەباردا لە وڵاتەکەمدا  دەژین ، هەروەک مانگانە «70» یۆڕۆ لە ناوچەیەکی زۆر هەژار لە سەنگال دەدەمە هەموو خەڵکەکە، من پێویستیم بە خۆهەڵکێشان بە ئۆتۆمۆبێلی گرانبەها و ، ڤێلەی گرانبەها و ، گەشت و ئاهەنگ  نیە و ، ئەمە جگە لە فڕۆکاکان ، من بەوە باشم کە گەلەکەم کەمێک لەوەی هەبێت کە ژیان داویەتیە من….باشە ئەم پەیامە جوانە چ بە دەوڵەمەند و بزنسمانەکانی ئێمە دەڵێت ؟! ئەم پەیامە دەڵێت ، ئەگەر زڕوف یارمەتیدای بۆ ئەوەی کەلەکەیەکی سەرمایە پێکبنێیت ، هەوڵ بدە یارمەتی دەوروبەرەکەت بدە ، یارمەتی بەشێوەیەکی دامەزراوەیی بدە نەک دانی هەندێک پارە ، بەڵکو لەمیانی پێشکەشکردنی هەلی کاری نوێ و بەرپاکردنی پڕۆژەی بچووک لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ، بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان دەیبینین ئەوانەی کە قەدەر یان بارودۆخ هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندن کە سەرمایەی گەورە لەسەریەک دابنێن « زۆربەی زۆریان  یەک کتێبیشیان نەخوێندۆتەوە » پارە بۆ خۆردەخستن و ناوبانگی کۆمەڵایەتی دەدات ، نەک وەک دەوڵەمەندەکانی هیندستان یان هەر وڵاتێکی تر کە بە سەرمایەکانیان بووژانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دروستکرد .


02/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر