لە غەزە کێ دەیباتەوە ؟

محەمەد خۆشناو

شەڕی غەزە لەنێوان دوولایەنی فاشیەتی ئایینی کە خۆی لەبزووتنەوەی حەماس و تووندڕۆی ڕادیکالی ئیسرائیلی دەبینێتەوە ، حەماس کە چنگی ئیران-ە لە ناوچەکە،  لە ساڵی 2007 کۆدەتای بەسەر دەسەڵاتی فەڵەستینی کرد و ئیمارەتێکی ئیسلامیان دامەزراند ، من بەخۆم لەتەلەفزیۆن بینیم کە چۆن ئەندامانی «فتح» یان لە باڵەخانە بەرزەکان فڕەدەدا خوارەوە یان بەشۆرت و فانیلە دەیاناردنەوە لای دەسەڵاتی فەڵەستینی لە ڕاماالله ، ئەو ئیسماعیل هەنیئەی کە ئێستا سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسە لە گووتارێکیدا لە ساڵی 2006 پێشمەرگەی بە عەسابە و چەتە دانا ، ئەوە جگە لەوەی پیرۆزبایی و دەستخۆشی تەقینەوە تیرۆرستیەکانی هەولێری دەکرد ،  بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە هاوسۆز نەبین لەگەڵ کێشە و مافی ڕەوای فەڵەستینیەکان ، دیمەنی قوربانیانی مەدەنی لە کەرتی غەزە بەئازارە و ، وێنەی ئەو خانوانەی کە بەسەر خاوەنەکانیان دادەڕمێت زۆر قورس و گرانە بەتایبەتی پەناگەیەکی ئەوتۆیان بۆ خۆشارنەوە نیە ، کەس بەقەدەر کورد هەست بەو ئازارانە ناکات ، چونکە خۆی بینیویەتی ، لەوانەیە ژمارەی کوژراوان لە هەردوولا بۆ هەزاران کەس بڕوات ، هەروەها سەدان باڵەخانە و خانوو و ڕێگاو بان لە غەزە تەخت و وێران بوو هەر دەڵێی ئەو ناوچەیە دەگەڕینرێتەوە بۆ چاخی ناوەڕاست ، هەموو ئەمانە کێ تەحەمولی دەکات ؟ هەرگیز  ئەوەی ئێستا ڕوودەدات گەلی فەڵەستین تەحەمولی ناکات ، تەنها حەماس تەحەمولی دەکات ، لەبەرانبەریشدا حکومەتی ئیسرائیل بەسەرۆکایرتی ناتانیاهۆ تەحەمولی دەکات ، ئەو ناتانیاهۆیەی کە سیاسیەن گەیشتبووە لێواری هەڵدێری سیاسی  ، حەماس بۆوە فریادڕەس بۆی ، هەموو کردەوە سەربازیەکانی حەماس سەرکێشی کردن بووە  بەگەلی فەڵەستین  ، نازانم ڕفاندنی خەڵکی  سڤیل و بێتاوان چ دەگەیەنێت  لەهەمان کاتیش بەتووندی تاوانەکانی ئیسرائیل شەرمەزار دەکەم ! ئەمن هەندێک ڕاپۆرتم خوێندۆتەوە کە تێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە حەماس دروستکراوی موخابەراتی ئیسرائیلیە  ، هەروەکو ئیخوان المسلمین لە ساڵی 1928 دروستکراوی موخابەراتی بەریتانیە….با ئەو پرسیارە ساکارە بکەین ، ئایا ئەو کردەوەیەی کە حەماس دەستیپێکرد بە هێرشکردنی بۆسەر کۆمەڵگە ئیسرائیلیەکان و ، کوشتنی زیاتر لە «200» کەس لە گەنجانی ئیسرائیل کە ئامادەی ئاهەنگێکی مۆسیقا بوون ، ئایا ئەمە باشترین ئامانجە؟ ئایا سەرکردەکانی حەماس حسابی «خەڵکی خۆیان» لە غەزە بۆ ئەنجامی ئەو بەئامانجگرتنە نەدەکرد ؟ توخوا زۆر باشتر نەبوو شوێنە سەربازیەکانی ئیسرائیل بەئامانج گیرابان ؟ بەو وێنانە دەڵێن چی !! کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرانەوە ، وەکو ئەو وێنەی هەندێک کچ و ژنانی ئیسرائیل کە حەماس بەدیلی گرتبوونی و ، وەک «سەبایا » بۆ فرۆشتن دەیانخەنەڕوو  ، کە ئەمە کاریگەریەکی زۆر سلبی لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێهێشت ، من پێم وایە ئەمە دوا پڕۆسەی سەربازی حەماسە کە سەری حەماس دەخوات ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە رێکخراوی تر سەرهەڵنەدەن ، ئەگەر هەزاران کەسی تریش بکوژرێت ، کێشەی ڕەوای گەلان بە ئاگر و خوێن کاولکاری کۆتایی نایەت و ، تۆڵە نامرێت ، تاکە چارەسەریش بریتیە لە ئاشتی ، ئاشتیەک بەڕەزامەندی هەردوولا ، ئاشتی بەرانبەر خاک و ئازادی و ئەمان ، نەک ئاشتی لەسەر شێوازی  ئەو « ئاپارتاید»ەی کە لە باشووری ئەفریقیا هەبوو کە لەسەر  بنچینەی جیاکاری و دوورخستنەوە وەستابوو .
ئەو دۆخەی ئێستا پەیوەستە بە تایبەتمەندیە تەماویەکان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی شێوەی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوای پڕۆسەی « باهۆزی ئەقسا» بەتەواوی جیاواز دەبێت لەپێش ئەوەی خۆی ، هەروەکو جیهان دوای یانزەی سیپتەمبەری ئەمەریکا گۆڕا و جیاواز بوو ، پێم وایە دوای کۆتایی هاتنی ئەم جەنگە دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوای لابردنی کۆمەڵێک  ئاستەنگ  لە لوبنان و عیراق و یەمەن  باشتر دەبێت ، لەبەرژەوەندی کورد دایە کە ئەگەر بە هۆشیاری و یەکگرتوویی مامڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات .

14/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر