گێلی چالاک مەترسیەکی ڕاستەقینە !!

محەمەد خۆشناو
مرۆڤ دەتوانێت جەنگی خەراپە بکات ، بەڵام ناتوانێت جەنگی گەمژەیی بکات .

هێنری میللەر

حەفت جۆرە گێل هەن ، ترسناکترینیان گێلی چالاکە « غبي النشيط » کە لە هەرێمی کوردستان زۆرن و بەرپرسیارێتی گەورەشیان لەناو دەسەڵات و دامودەزگاکانی حکومەت و حزبەکان و خانەوادەکان هەیە ، دەستەواژەی گێلی چالاک بۆ یەکەمین جار لەلایەن فەرماندەی بەتوانای سەبازی بەریتانی « بیرنارد مۆنتگمری» لەجەنگی دووەمی جیهان بەکارهات ،  کاتێک لێیان پرسی چۆن وەسفی سەربازەکانت دەکەیت ؟ لە وەڵامدا گووتی : ( چوار جۆر سەربازم هەیە :  زیرەکی تەمبەڵ  و زیرەکی چالاک ، گێلی تەوەزەل و گێلی چالاک و ، بەقەد ئەوەی کە تەمەنای زیادبوونی ژمارەی زیرەکە چالاکەکان دەکەم ، بەقەد ئەوەندەش لە گێلی چالاک دەترسم ) .

من پار ساڵ ووتارێکم لەسەر ئەو حەشاماتە خەتەرناکە نووسی کە هۆکارن لە دەرکردنی بڕیاری هەڵە و چەوت ، سەدان ووتاری تریشیان لەسەر بنووسرێ هەر کەمە ، چونکە زۆر ترسناکن لەسەر ئایندەی کوردستان ، ئەمانە وەکو کۆرۆنان لەگەڵ گۆرینی بارودۆخ ئەوانیش خۆیان دەگۆڕن ، زۆربەی گێلی چالاک خاوەن بڕوانامەن ، هەندیکیان دکتۆرا و ماجستێر-یان هەیە لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن قسە دەکەن و شیکردنەوەیان هەیە و ، بەشدارن لەهەندێک ئەو بڕیارە هەڵانەی کە دەردەکرێن چونکە حساب بۆ ڕەهەندەکانی ناکات ، گێلی چالاک هەمیشە زمانی مۆنۆلۆج بەکاردەهێنێت و شێوازی دایەلۆگ بەهایەکی ئەوتۆی نیە ،  ئەوەندە متمانەی بەخۆی هەیە دەگاتە ڕادەی ئەوەی زۆر قورس دەبێت موخاتەبەی بکەیت و ڕێنمایی بکەیت و ، بەهەموولایەکدا دەجولێت و لەبیرکردنەوە و پێشکەشکردنی پێشنیار ڕاناوەستيت و ، واخۆی دەردەخات کە توانایەکی وا گەورەی هەیە بۆ هەڵسان بەکارێک کە کەسی تر ئەوەی نەکردووە و ، زۆر  لەخۆبایی و خۆبەزلزانە ،  خۆی کەشخە دەکات و چاکەت و پانتۆڕی شیک و گرانبەها لەبەردەکات و ، قژی بەجوانترین شێوە دادەهێنێت ، هەموو خەمی گێلی چالاک ڕازیکردنی بەرپرسەکەیەتی و هاوڵاتی بەهایەکی ئەوتۆی نیە و گوێی لە ڕەئی شەقام نیە تەنها هی خۆی نەبێت !  بەداخەوەش گوێیان لێدەگیرێت و قسەکانیان بەهەند وەردەگیرێت !! تەنگوچەلەمەی گێلی چالاک ئەوەیە کە لەوبڕوایەدایە کە «ئەو» باشترین  پسپۆر و کارمەندە و لەهەمووان زیاتر هەوڵ دەدات.

مەترسی  ئەو جۆرە حەشاماتە بەدفەڕە لە داعش و قاعیدە و حزبە فاشی و دەوڵەتە تۆتالیتاریەکان زیاترە ، تۆ دەتوانی هەریەک لەمانە بە ئامرازی خۆیان لەناویان ببەیت و مۆلگەکانی  داعش و رێکخراوە تیرۆرستیەکانی تر خاپوور بکەیت ، بەڵام گێلی چالاک و دوڕووەکان لە دەوری بەرپرسانن لە کون و قوژبنەکانی ترن و خۆیان مەڵاس داوە و کاریگەریشیان لەسەر بەرپرسانی دەسەڵات و حزبەکان هەیە ، گێلی چالاک کە دەکەوێت کاولکاری بۆ دەوروبەرەکەی دروستدەکات بەڵام سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی ، ئەمانە کوولەی ڕەشی بە بیابانکردنی هەرێمی کوردستانن و سوتەمەنی هەڵگیرسێنەری پەرتەوازەیی و قوڵکردنەوەی ناحەزی و ڕکلێبوونەوەن و نەهامەتین بۆ گەل و نیشتیمان. 

13/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر