نیفاق و درۆ زمانی سەردەم و شێوازی ژیان !!

محەمەد خۆشناو
ئێستا دیاردەیەکی زۆر خەراپ لەناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بڵاوبۆتەوە کە عەقل ڕادەوەستێت بەرانبەری ، ئەویش دیاردەی درۆ و ساختەیە کە دەبێتە ڕاستیەکی ڕاستەقینە و تێدەپەڕێت و ئەو دەست ئەودەست دەکات و  لەگەڵ لێشاوی بەردەوامی زانیاریە سەرسامکەرەکان ڕاستی و درۆ وا تێکەڵ دەبن کە زۆر زەحمەتە لێکیان جودا بکەیتەوە و ، جەماوەریش بەخۆشحاڵیەوە وەریدەگرێت ، نوسەری ناوداری ئەمەریکی « ڕالف کێیس» جوانترین کتێبی لەسەر «سەردەمی پاش ڕاستی و ناڕاستگۆیی و فریودان لە ژیانی هاوچەرخ » دا نووسیوە ، هەر دەستەواژەی « پاش ڕاستی- مابعد الحقيقة» هی ئەو نوسەرەیە .

پێشتر دەیانگوت پەتی درۆ کورتە ، ئەمە وانیە ئێستا لەو سەردەمی تیژڕەوی تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکرد  نیفاق ودرۆ و ساختەیی بازاڕی گەرمە و پشتیشی پێدەبەسترێت ، درۆ و ساختە و نیفاق بۆتە دەسەڵات و ڕاستی هەڵدەتەکێنێت  ، بەتایبەتی درۆی فۆتۆشۆپ لە سوشیالمیدیا کە بەچەند فلتەرێک تێدەپەڕێت ڕاستەیەک دروستدەکات وەک ڕاستی هەقیقی ، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا فۆتۆشۆپێکی جوان و کاریگەر دروستدەکات ، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکان فیلمی فابریکەکراو و فۆتۆرشۆپێکی خەراپ و ئاستنزم و بەڕێگەیەکی بیدائی دروست دەکات وەک ئەوەی میدیاکانی ئێران لەسەر پێشڕەو دزیی بۆ پاساوی بۆردومانەکەیان کردیان کە تەلەفزیۆنی ڕووداو ئاشکرای کرد ، داخەکە لەوەدایە کە لەکن خەڵک درۆ و ساختە و پڕوپاگەندە قبوڵکراوە چونکە  متمانەیان بە دەسەڵات و حزبەکان نەماوە و ، جگە لەوەش عەقلیەتی ئێمە لەسەر فۆتۆشۆپ بەرنامەڕێژکراوە عەقلێکی تەمبەڵی بێبیرکردنەوەی رەخنەییە ، کوشتنی ئیستا هیچ پارەی تێناچێت تەنها کەمێک خەیاڵی سیاسی و هەندێک زانیاری بنچینەیی دەوێت و ، بڕۆ پڕوپاگەندەیەک یان درۆیەک  بەدانانی وێنەی ژنێک یان تۆمارێکی دەنگی بە دەنگی ڕاستەقینەی کەسەکە و مۆنتاژێکی کارا لە ڕیگەی زیرەکی دەستکرد بۆ ئەوەی ڕکت لێیە بکە و لە سۆشیالمیدیا بڵاویبەکەوە و گفوگۆ و شیکردنەوەی لەسەر بکە ، واتلێدەکرێت ببیتە دیواری شەیتان لە حەج خەڵک لە سبەنێ تا ئیوارە ڕەجمت بکەن ، بەداخەوە قابیلیەتی باوەڕکردن بە درۆ و پڕوپاگەندە و ساختەیی  زۆر بەهێزترە لە پاپەندبوون بە ڕیساکانی ئەخلاق و پڕنسیبەکان ، ئێستا دوڕوویی و درۆ و ساختەیی لە سایەی بڵاوبوونەوەی سۆشیالمیدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆتە هونەر و زانست و ئامانجی خۆی هەیە ، درۆ و ساختەیی و فریودان کە سەر بە دووڕووییە هەموویان پلەی لێزانی خۆی هەیە  ، دووڕووی ترسناک ئەو کەسەیە کە هەست بەفریودانەکەی ناکەیت چونکە زۆر بە ڕاسگۆیی درۆ دەکات ، زۆرێک لەم تووێژە لە دەوروبەری بەرپرسانن  و ڕێزلێگیراون  چونکە لە ستایشی بەدرۆی بەرپرسەکەی ناکەویت ، ڕاستە دیاردەی « دووڕویی کۆمەڵایەتی » کۆنە بەقەد کۆنی مرۆڤ ، بەڵام لەو قەیرانی هاوچەرخەماندا  لەوەدایە کە ئەودیاردە وا بڵاوبۆتەوە بە پلەیەک بۆتە شێوازی ژیان و زمانی سەردەم  و دروشمی زەمان و ، لەکن هەندێک لە گەلاندا وا پێشکەوتووە بۆتە حالەتێکی کارەساتاوی لە درۆی ئاشکرا و پەردەپۆشکردنی واقیع و ساختەکردن و بەلاڕیدابردنی ڕاستیەکان .

خەراپترین جۆری  ساختەچی و دووڕووەکان ئەو دووڕووە گەڕۆکەیە ، کە بەناو جۆرەها سەردەمی سیاسیدا هەرچەند جیاواز بێت دەگەڕێت و  لەناو فەزای ئەلکترۆنی وەک کەمتیارە تاکەکان خۆی حەشارداوە و ، دروشمەکەشیان  «ئامادەبە»… ئامادەبوون بۆ تۆڵە و هەر گۆڕانێک لە ڕژێم ، وەک ئەوەی ئێستا دەیانبینین و لەگەڵیاندا دەژین ، سەیری دەوروبەر بکە…ئایا نەتبینی گەلان لەبەر نیفاق و درزکەوتنە ڕاستی وەک گەڵای پایز هەڵوەرین… ئاخۆ هۆکارە هەرە گرنگەکەی کەوتنەکە وونبوونی ڕاستیە یان گەیشتنە بە دەستەواژەی « پاش درۆ » ؟

27/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر