خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر زارکی گڕکاندا!

محەمەد خۆشناو
ئێستا خەراپترین کاتەکانە
«لاڤۆتین» لە سەدەی هەڤدەدا

گوزارشتی «بوڕکان» بۆ ئەو کارلێکە دەگەڕێتەوە کە لەناو ناوکی زەوی ڕوودەدات و ، هەموو پڕیشک و لێشاوی ئاگر و بەرد و گازات و هەڵم لەمیانی زارکەکەی دەردەچێت و ، ئەو ئاگر و لاڤایە بۆ دەوروبەری خۆی فڕەدەدات ، جا ئەگەر بتەوێت ئەو مانایە بۆ زانینی پێشکەوتنە سیاسیەکان لە دەوروبەرمان بگوازینەوە ، ئەوە ڕێک ئەو گرژی و پشێویە کەڵەکەبووانەی دەگرێتەوە کە ماوەیەکی زۆرە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەلەکە بووە و لەسەریەک کەوتووە و ، لەشێوەی تەقینەوە خۆی ئاشکرا دەکات وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین ، کە دەبیتە مایەی نیگەرانی و ناسەقامگیری و  ، ترس بەدریژایی ململانێ جوگرافیەکان دروست دەکات .

لەوەتی هەین قەدەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو خاکەی ئێمەی تیدا دەژین ، هەمیشە کۆتکراوە بە دۆخ و گۆڕانکاری زێدە ووردبین و ترسناک و ، لەبەردەم ئەو واقیعە سیاسی و ، دینامێکیە نوێیە و مومارەساتی نێودەوڵەتی و ، دروستکردنی « صناعة » گرژی و پشێوی و زریانە گۆڕاوەکاندا ، وادیارە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نقوم بووە لە قەیرانی هەمیشەیی و داچۆڕانی جومگەکانی ، هەر دەڵێی ئەو ناوچەیە بەرەو دۆزەخ دەڕوات ، پەتا  و دواکەوتوویی ، قاعیدە و داعش ، جەنگ و کاولکاری ، لافاو و ئاگرکەوتنەوە ، تاتەپینی ئابووری و بيکاری و بەرزبوونەوەی نرخ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەر ، خەراپی ئیدارەدانی حکومەتەکان و ، بێدەنگبوونی دونیا بەرانبەر کوشتن و خاپوورکردن ، تەدەخولکردنی وڵاتانی هەرێمی  بەتایبەتی ئێران لەڕێگەی وەکیلەکانیان بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و بۆ نیشاندانی ئەو خواستی ناردنی پەیام بۆ خۆرئاوا بەوەی کە ئەوان دەتوانن پشێووی بنێنەوە و تەحەکوم بکەنە سەر مەزاجی ناوچەکە و  لەسەر خۆرئاوایە کە مامڵە لەگەڵ ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بکەن  ، هەر بۆیە ئەو ململانێیە لێکەوتەی تری لێبۆتەوە  کە بۆتە هەلگیرسانی بەرەی تری جەنگ لەسەر سنووری لوبنان - ئیسرائیل و ، هاویشتنی موشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان لە سوریا و عێراق دژی ئیسرائیل و  بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا  و حوسیەکانیش لە دەریای سوور ، لەونێوەندەشدا ئیسرائیلیش بیدەنگ نەبووە جەنگەکەی فراوانکردووە و ، وڵاتەیەکگرتووەکانیش هەمان ڕێگای ئیسرائیلی گرتەبەر بە هێرشکردنەسەر بارەگا سەربازیەکانی حەشدی شەعبی لە سوریا و عێراق ، بەداخەوە لە ناوچەکەدا هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا هێزی چەکداری خۆیان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان بەکاردەهێنن.

ئێران بەناڕاستەوخۆ لەمیانی ڕێخستنەکانی سەربەخۆی لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن دەستی بە پەرەسەندن و نانەوەی ئاژاوەیەکی گەورە کردووە و هەمیشەش خۆی لێبەری دەکات ، چونکە تەقینەوەکان لەدەرەوەی خاکی ئەودایە ، ئەم زنجیرە هێرشەی ئەمەریکا بۆ سەر سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە سوریا و عێراق بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی سەربازەکانی لە بورجی22 ، نیگەرانی ڕاستەقینە دەردەخات لەوەی کە شتەکان زۆر خەراپتر بن و ، سەرئەنجام ئەگەری فراوانبوونی جەنگ تیۆرێکی بەهیزە ، وایدەبینم کە ئێمەی کورد لەناو هاوکێشەکەدا زۆر لاوازین ، تەنها ئەوە ماوە بڵێین ، بەڵکە لەو گرکانەی کە لەسەر تەقینەوەیە ، وا لەناحەزانمان بکات کە بێنەوە هۆش و بەخۆدابچنەوە و دانبەوەبنێن کە چارەسەری سیاسی باشترینیانە ، دوای فەشەلهێنانیان لە چارەسەری سەربازی و ئەمنی و جەنگی ئابووری و جەنگی نەرم . بەرانبەر یەکتری و گەلەکانیان و بەرانبەر گەلانی ژیردەست و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ لەدایک بێت !

03/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر