لەژێر سایەی جیهانێکدا کە پڕە لە گرژی و پشێووی سەخت لەنێو وڵاتان و زۆر شوێندا ، هەروەها لەنێو تێکچوونێکی تووندی ئابووریدا ، کە ئەمە وایکردووە تەشقەڵە و پشێووی جیۆسیاسی جیهان بگریتەوە ، ئا لەنێو ئەو دۆخە نالەبارەدا کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن 2024 بەسترا ، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداربوو ، بایەخی ئەم کۆنفڕانسە لە ڕاپۆرتەکەیدا بەدیارکەوت ، کە باس لەوەدەکات لەو دۆخە خەراپەی ئابووری و جەنگ و پشێویەدا زیانەکان هەموو گەمەکەرەکانی گۆڕەپانی جیۆسیاسی و ئابووری و تکنیکی گرتۆتەوە و ، جیهانگەرایی و نیولیبڕالی پێنج دەیەیە تەحەکومی کردۆتەسەر ڕێڕەوی سیستەمی ئابووری جیهانی و ، ئەو پێشبڕکێیە چڕە جیۆسیاسیەی ئێستا کۆتایی بەو پڕنسیپە هێنا کە داوای دابەشکردنی عادیلانە بۆ خیروبێرەکان دەکرد و ، هەر ئەمە وایکردووە کە نایەکسانی مێژوویی لەهەموو شوێنێکدا ببێتە مایەی سەرهەڵدانی تووندوتیژی ، بەشداربوونی
هەرێمی کوردستان لەمیانی سەرۆکەکەیدا ، بایەخ و فورسەتێکی باشە بۆ بەشداربوون لەو چوارچێوە هزریەی کە کۆنفڕانسەکە دایناوە و ، هەروەها ئاگاداربوون لەو گۆڕانکاریە ئەمنی و ئابووری و سیاسیەی کە جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت و ، بەشداربێت لە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەشی ئاسایش و سیاسی و ئابووری بۆ بڕیارە نێودەوڵەتیەکان و کاریگەریان لەسەر ناوچەکە و کوردستان ، ئێستا جیهان بەگشتی دووچاری تەحەدایاتی چارەنووس بۆتەوە ، نەک لەسەر ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵیەکتری و ، نەک بۆ ئەو قەیران و تەحەدیانەش کە بەروەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە ، بەڵکو هەروەها لەسەر ئاستی پەیوەندیەکان ، هەر لە پەیوەندی بچووکەوە بگرە تا دەگاتە پەیوەندی نێوان حکومەتەکان و گەلەکانیان و پەیوەندیە نێودەڵەتیەکان ، بڕواناکەم لە کوردستان کەس بەقەد سەرۆکی هەرێم بایەخی گەورەی کرانەوەی سیاسی و پەیوەندی لەو قۆناخەی کە ئێستا کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت بزانێت و «ئەو » هونەری کاریگەری و توانایەکی باشی هەیە بۆ مامڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر.
ئەمە پردی ڕیزگرتن و بەرپرسیارێتی و بونیاتنانی پەیوەندیەکانە کە لە پەیوەندی لقەکانی یەک دەرەخت دەچێت کە لەمەکۆ نێودەوڵەتی و کۆنفڕانس و کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانیی خستۆتیەگەڕ ، کۆبوەنەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان لەو کۆنفڕانسە و کردنەوەی کەناڵی کراوە و بەردەوامی پەیوەندی بریتیە لە زامنکردنێکی ڕاستەقینە بۆ تەجاوزکردنی ئاڵۆزی و قەیرانی ئابووری و سیاسیەی کە بەردەوام لەزیادبووندایە و ئەم کۆنفڕاسە ئامادەکردنی کەشەهەوا و ژینگیەکە کە ڕێگەدەدات ئەوەی سەرۆکی هەرێم بۆیدەچێت بیخاتەڕوو بۆ خزمەتی کوردستان ، بەشداربوون لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ، بۆ ئەوەبووە کە چۆن ئەو تەحەدی و تەنگوچەلەمانە بکریتە فورسەتێک و بیرکردنەوەیەکی ئیجابیانە لە لای بەشداربووان لەسەر هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و باوەڕبوون بەوەی کە چارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان بە سەربازی ناکرێت بەڵکو بە دایەلۆگ و هێزی نەرمی دبلۆماسی و ئابلوقەی ئاشتی بۆ ناحەزان و چەسپاندنی بنچینەی ئاشتی لەنێوان هەموو گەل و نەتەوەیەک بێجیاوازی .