خەریکە خەڵک بەرگە و تووڕەیی لەدەستدەدەن!!

محەمەد خۆشناو
ئێستا قسەی سەرزاری خەڵکی هەمووی لەسەر بابەتی مووچەیە ، ئەوبابەتە لەو ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین زۆر بەئازارە ، بەئازارە چونکە بژێوی ژیانە ، ژیانێک لەنێو بێکاری و بەرزی نرخ و بێبازاڕی و گوشاری ئەملاوئەولای ئابووری ، هەر باسی خەراپی کوالێتی خۆراک و شتومەک مەکە ، ئەگەر ئەو بایەعەی حکومەتی عێراق نەبا کارەسات ڕوویدەدا ؟! ئەوەی کە زۆر بەئازارە بۆیان دڵەڕاوکێیانە لەسەر هاتونەهاتی مووچە کە کاریگەریەکی خەراپی لەسەر چینی کەمدەرامەت و فەرمانبەرانی داهات جێگیر هەیە …..،چۆن دەتوانریت پارێزگاری لە هەردوو چینی هاژار و فەرمانبەرانی داهات جێگیر لەنێو پەرتبوونی نیو ماڵی کورد و دابەشبوونی ئەو گەلە بکەیت ؟!

لەودۆخە خەراپەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا ، خەریکە ژیان شیرینیی خۆی بەهۆی بێزاری و تووڕەیی و دڵەڕاوکێ و نادیاری چارەنووس لەدەستدەدات ، ئەوە نزیکەی سی ساڵە هەرگیز هەرێمی کوردستان شەپۆلی وا بێزاری و تووڕەیی بەرانبەر حزبەکان و دەسەڵات بەخۆوە نەدیتووە ، خێرا بەشەڕ دێین و هاتوهاوار دەکەین و  تاوان لەسەر شتێکی زۆر بچووک ئەنجامدەدەین ، هەموو دیدگاکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دیاردەی هەڵچوون و تووڕەبوونی خێرا و ناڕازیبوونی تووند دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گووشارانەی ژیان کە دەکەوێتە سەر هاوڵاتی لە خەراپی بژێوی و بێکاری و بێبازاڕی و نەبوونی پارە ، بەیانیان کە باوک لەخەو هەڵدەستێت ، دەیان چەقۆ بەروەڕووی دێن ، پارەی ڕۆژانەی منداڵەکانی نیە بیدات ، پارەی کارەبا ، پارەی مولیدە ، پارەی ئاو ، پارەی نازانم چی و چی و…تاد ، پاشان لەگەڵ ژنەکەی دەبێتە شەڕی و بەتووڕەیی و هەناسەسوارەوە دەچێتە دەرەوە ، مرۆڤی کورد دەرەنجامی ئەو هەموو ئازارانەی میژوو و ئێستای بۆتە بونەوەرێکی مازۆخی !! ناتوانرێت ڕۆلی جیهانی ئەلکترۆنێک وەک هۆکارێکی تر نادیدە بگرین ، کە ژیانی ماندو و وشکوبرینگ و میکانیکی کردووە .

بەقسەی هەندێک لە پسپۆرانی ئابووری «ئابووری و دراو» وەک ئۆکسجینە کە دەتوانرێت بازاڕ ببوژێنێتەوە و ، جارێکی تر هاوسەنگی و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ، خەریکە ئەو ئۆکسجینە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو چینەکە بەرەو کەمی دەچێت ، کەچی لەکن هەندێکان بێخەوشە ، ئەمەیە هۆکاری سەرەکی تووڕەیی و بێزاریی و نەمانی متمانە بە دەسەڵات و حزبەکان .

خەراپترین شت کە نەتەوەیەک یان گەلێک لە گەلان دووچاری دەبن ، بریتیە لە ونبوونی هیوا لە روحی گەنج و لاوانمان ، بەتایبەتی لە دۆخێکی خەراپی ئابووری و بژێوی و بێمتمانەیی و جیاوازیدا  ، کە هەموو شتێکت لەبەرچاو ڕەش دەبێت و هەناسەسارد دەبیت ، بەجۆرێک نەک سووت لە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبێت بەلکە دەوڵەتی کوردیشت بۆ دروست بکەن شتێک نیە لای تۆ ، ئەمەیان لە ڕقانە ڕقی بەرپرسان نەک داواکاری ناو دڵ !! ئا ئەمەیە دوژمنانی نیشتیمان هەوڵی بۆ دەدەن و بەدوایدا دەگەڕان بە گرتنەبەری سیاسەتی « پەرتکە زاڵبە » و ، لە ناوخۆش هەندێک لایەن بە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان و ڕێنوێنی دەرەوە ، ئەو دۆخەیان قۆستۆتەوە بۆ ڕەشبینیی و بێهیواکردن بە ئایندە دەخەنە نێو دەروونی خەڵکی و ، گومان دەخەنەسەر هەموو شتێک و ، بە پلان ئەم کارە دەکەن و ، داوای بریقەداری وا بەرزدەکەنەوە وەک ئەوەی ئەوان فریادڕەس و خەخۆری ڕاستەقینەی چینی بەشمەینەتی هەژار و فەرمانبەران و گەلی هەرێمی کوردستان بن ؟! 

دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانرێت کە دەبێت حکومەتی هەرێم بەدیلێکی دڵخۆشکەر بۆ ئەو کێشە خنکێنەرەی ئابووری و ناڕازبوونی سەرتاسەری خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە و ، هەر لە چاوەڕوانی «گۆدۆ» ی بەغدا نەبێت و لەسەر بورجی عاجی بێتەخوارەوە  ، حکومەت کیانێکی سەربەخۆ نیە لە کۆمەڵگە ، بەڵکە دەزگایەکی خزمەتگوزاری گشتیە لەسەر ڕازیبوونی خەڵک دەژیت و هەقیشی بەسەر خەڵکەوە هەیە ، تاکە ئەرکی حکومەت بریتیە لە باشترکردنی خزمەتکردنی کۆمەڵگا نەک سەپاندن لە ڕیگەی هەندێک بڕیاری تووند و گووشاری ئابووری ، حکومەت بەرلەوەی سیاسەتێک پەسندبکات ، دەبێت ڕاوێژ بە کۆمەڵگا بکات ، کە هەندێک خەڵک یان هەندێک کەس ئەو بڕیارە ببینن کە زەرەر لە کەسایەتیان نەدات ، ڕاوێژکردن بەشێکی جەوهەریە لە چەمکی هەڵسان بە دادپەروەری ، ئێمە دەزانین ئەستەمە بە حکومەت هەموو تاکێکی کۆمەڵگا ڕازیبکرێت ، بەڵام دەبێت حکومەت سیاسەتەکانی لەسەر خەڵک تەرح بکات بۆ ئەوەی بزانیت هەر تاکێک چەند زەرەر دەکات و چەند قازانج دەکات ، سەرکەوتنی هەر حکومەت و دەسەڵاتێک بەوە دەپێورێت کە نابێت گەلەکەی بە تاقیتەنیا بەجێبێڵێت و «با»یەکان گەمەی پێبکەن و بەرەو ئاراسەی خۆی ببەن و ، نابێت وا مامڵە لەگەڵ  گەل بکرێت وەک مێگەل بۆ هێنانەدی تموحات و ئامانجی حزبی یان کەسی و گەل بکریتە نوسخەیەکی فۆتۆکۆپی خۆیان !! ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە جیهان بۆتە شاشەیەکی بچووک بە ڕەنگی پەلکەزێڕینە ، تۆ ناتوانیت مامڵە بە لۆژیکی سپی و ڕەش یان ڕوانگەیەکی تەسکەوە مامڵەی لەگەڵدا بکەیت ، ئەوەی ئەمەیکرد خۆی لە گۆشەگیریەکی تەواودا دەبینیتەوە .


16/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر