هەریمی درۆن، یان هەرێمی کوردستان

محەمەد شەریف

من نازانم سەروەری خاکی هەرێم و پاراستنی سنورەکانی لە دەستی کێ یە ؟ هەرێم خۆی یان تورکیا یان ئێران یان عێراق؟؟ 
پرسیارێکی سەختە بەڵام وەڵامەکەی ئاسانە، سەروەری و پاراستنی خاک و سنوری هەرێمی کوردستان تەنها لەدەستی خودی هەرێمی کوردستاندا نییە!! بەڵکو هەرسێ دەوڵەتی دراوسێ بە ئارەزوی خۆیان وەکو مشکی ناو ماڵێکی چۆڵ تەراتێنی تێدا دەکەن و هیچ تەڵەو داو و فاقەیەک نایان گرێت.

درۆنەکان حشدی شەعبی عیراق و ئێران و تورکیا زۆر بێباکانە و بە ڕۆژی روناک هەر چیەکیان بوێت ئەیکەنە ئامانج و تەنانەت حسابی ئەوەندەش بۆ سەرۆکەکان و سەرکردە و بەرپرسەکانی ناو هەرێم ناکەن،  بۆیە گرنگە لە ئێستاوە خەڵک و ئەندامانی هەموو پارتە کوردیەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان خۆیان بیر لە چارەسەری خۆ پاراستنی خۆیان بکەنەوە، بەتایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان چونکە ئەوان زۆر بێ ئاگاو وخەمساردن لە چۆنیەتی بە ئامانج گرتنیان و پێ دەچێت لە بواری تەکنلۆجیا و پاراستنی خودی کەسی خۆیان زۆر لاواز بن چونکە هەفتانەو ڕۆژانە ئۆتۆمبیل و کەسایەتیەکانیان دەکرێنە ئامانجی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەمەش جێگای گومانە چونکە دەوڵەتی تورکیا ئەو کارە تەنها بە دوو ڕێگە ئەتوانێ ئەنجام بدات.

١-لە ڕێگای سیخورێکەوە جی پی ئێس ی لەزگەیی بلکێنرێت بە ئۆتۆمبیلەکانیانەوەو ئەوانی لێ ی بێ ئاگا بن، کە ئەمکارە بۆ یەکەم جار ئاساییە بەسەرتا تێپەڕێت، بەڵام ئەگەر دووبارە بوەوە کەواتە تۆ گەمژەی سیاسیت و ناتوانی خودی کەسایەتی خۆت و ئۆتۆمبیل و ناو ماڵ و بارەگاکەی خۆت بپارێزیت.

٢- لە ڕێگای تەلەفۆن و مۆبایلی زیرەکەوە ئەنجام ئەدرێت و ئەگەر هێڵ و ژمارەی مۆبایلەکەت ناسراو بێت ئاوا زۆر بەئاسانی ئەتوانرێت شوێن و جێگات دیاری بکرێت و لە ڕێگای درۆنێکەوە بکرێیتە ئامانج.. ئەم کارەش بۆ جارێک ئاسایی یەو خوا بیانگرێت، بەڵام ئەگەر دووبارە بوەوە کەواتە ئاسایی نییەو، خوا خۆتان بگرێت کە تەلەفۆنی زیرەک بەکارئەهێنیت. 

لە کۆتا دێڕدا ئەتوانم داوا لەهەموان بکەم خۆیان بپارێزن لە درۆنەکانی دوژمن، چونکە لە ئێستادا درۆن لە ڕوداوێکی کتوپڕەوە بۆتە دیاردە و چیتر هیچ کەس و شوێن و بارەگایەک پارێزارو نییە و پێویستە هەرێمی کوردستان سنورێک دابنێ بۆ ئەم دیاردەیە چونکە لە زاخۆ وە تاکو کەلار سەری کێشاوە و زوو چارەسەر نەکرێت دور نییە درۆنەکان سەری خاوەنداریەتی و سەرکردەکانی هەرێمیش بکاتە ئامانج و پاشانیش بە داوای لێبوردنێک دەوڵەتی خاوەن درۆن پۆزش بۆ ئەو ئامانجە پێکراوەیان بهێننەوە.


17/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر