ژنێک لە هەولێر: مێردەکەم پەیوەندی لەگەڵ کچە پورەکەمدا بەست

بەڕێوەبەری توندوتیژی خێزانی لە شاری هەولێر لە وتاری ئەم جارەیدا باس لە ژنێک دەکات کە لە لایەن کچە پورەکەیەوە فریودراوە و "ماڵی کاولکراوە".

ڕائید ژیلەمۆ بەڕێوەبەری توندوتیژی خێزانی لە شاری هەولێر نوسیویەتی "ئافرەتێك بۆی گێڕاینەوە كە تووشی نەخۆشییەك ببوو، بەڵام هاوژینەكەی لە جیاتی ئەوەی چاودێریی بكات و ئاگای لێی بێت، رۆژ بە رۆژ هەڵسوكەوتی بەرامبەری خراپتر بووە، تاوەكو كار گەیشتووەتە ئەوەی رۆژێك تەڵاقنامەی بۆ هێناوەتەوە و پێیگوتووە بڕۆ لە دادگا مافی خۆت وەربگرە،چیرۆكێك لە پشت تەڵاقدانی ژنەكەوە هەبوو. ئەو ژنە دەڵێت زۆر هەوڵی داوە لە بەرامبەر مێردەكەی خۆی بەهێز نیشان بدات و مێردەكەی هەست بەبێتاقەتییەكەی نەكات، بەڵام نەخۆشییەكەی تینی بۆ هێناوە و نەیتوانیوە بەرگە بگرێ‌ و چیدی نمایش بۆ مێردەكەی بكات."

بەڕێوەبەری توندوتیژی خێزانی لە شاری هەولێر دەڵێت "ئەو ژنە رۆژ بە رۆژ لەلایەن مێردەكەیەوە فەرامۆش كراوە و لێی دووردەكەوتەوە. تاوەكو رۆژێكیان كچە پوورێكی ژنەكە بە كێشەی نێوانیانی زانیوە. بەڵێنی بە ژنەكە داوە، كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات.
كچە پووری ژنەكە بۆ ماوەی سێ‌ مانگ قسەی لەگەڵ پیاوەكە كردووە، هەر جارێكیش ژنەكە لێی پرسیوە ها چیت كرد، پێیگوتووە هێشتا ماویەتی، تاوەكو رۆژێك بڕیاری دادگا بۆ ژنەكە چووە كە لە دەرەوەی دادگا تەڵاق دراوە. كاتێكیش تەلا‌َقنامەكەی پێشانی كچە پوورەكەی داوە، پێیگوتووە: وازی لێ بهێنە، پیاوێك تۆی نەوێت، تۆش ئەوت نەوێ. بەڵام پاش ماوەیەك بۆی ئاشكرا بووە كە مێردەكەی، ئەو كچە پوورەی مارە كردووە.ئەو ژنە بە پلەی یەك لە كچە پوورەكەی تووڕە بوو، دەیگوت لە جیاتی ئەوەی كێشەكەی بۆ چارەسەر بكات، ماڵی وێران كردووە، بۆیە دەیویست سكاڵای لەسەر تۆمار بكات و هاوژینەكەشی دەستگیر بكرێ‌، چونكە ژنی دووەمی بەسەردا هێناو".

ڕائید ژیلەمۆ عەبدولقادر بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ژنە و نوسیویەتی "لەبەر ئەوەی ئافرەتەكە هیچ بڕیارێكی دادگای پێ نەبوو، بۆیە پەیوەندی بە هاوژینەكەیەوە كرا و بانگ كرا بۆ لێپرسینەوە. پیاوەكە یەكسەر بڕیاری دادگای دەرهێنا كە ژنی هێناوە. بڕیارەكەش پلەی بنبڕی وەرگرتبوو، چونكە سێ‌ مانگ بەسەر بڕیارەكەی دادگادا تێپەڕیبوو، ناوی ژنە كۆنەكەی لەسەر ناسنامەی نەمابوو، ناوی ژنە نوێیەكەی خستبووە سەر ناسنامەكەی، بۆیە بەپێی یاسا نەتوانرا هیچ رێكارێكی یاسایی لەگەڵ ئەو ژن و پیاوە بكرێت، تەنیا ئەوە مابوو بە ژنەكە بگوترێ كە دەتوانێت بچێتە دادگای باری كەسی و داوای مارەیی و مافە داراییەكانی خۆی بكات، چونكە هاوژینەكەی بەبێ‌ هۆكار تەڵاقی داوە"

لە کۆتایی وتارەکەیدا کە بۆ ڕووداوی نوسیوە دەڵێت "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یاسای باری كەسی ژمارە (188)ی ساڵی 1959ی هەمواركراو، ژمارە (15)ی ساڵی 2008 ، لە ماددەی سی و نۆیەم، بڕگەی سێدا هاتووە "ئەگەر پیاوێك ژنەكەی تەڵاق دا، لە دادگا ساغ بووەوە كە پیاوەكە خەتابارە لە تەڵاقدانی و ژنەكەی بەو هۆیەوە زیانی پێكەوتووە، ئەوا دادگا بەپێی ئەو داوایەی ژنەكە لە دژی تەڵاقدانەكەی پێشكەشی كردووە، حوكم دەدات. ژنەكە لەلایەن پیاوەكەوە قەرەبوو دەكرێتەوە بە مەرجێك بڕی قەرەبووەكە لە نەفەقەی سێ‌ ساڵ كەمتر نەبێ‌ و لە نەفەقەی پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت. جگە لەو مافانەی دیكەی كە سەلمێنراون".



PM:07:47:22/10/2016