باوكێك دوو كچی خۆی دەفرۆشێتو داوای کاری نایاسائیشیان لێدەکات !
لەشاری هەولێر باوكێك دوو كچی 15و 16 ساڵانی خۆی بە پارە بە دوو پیاو دەفرۆشێت. بەوەشەو ناوەستێتو هەڕەشە لەكچەكانی دەكات ئەگەر پارەی لە هاوسەرەكانیان نەدزن و نەیدەن بە ئەو، ئەوا دایكیان دەكوژێت.
لە راپۆرتێكی وشەدا وردەكاریی رووداوەكە بەم جۆرە هاتووە: "هێرۆ" یەکێکە لەو کچانە، جگە لەو باوکی لە بەرامبەر بە شوودانیدا مارەییی وەرگرتووە، ئێستایش هەر جارەو بە بیانوویەک پارە لە مێردەکەی وەردەگرێت و بۆ باوکی دەبات. ئەو کە ناچار بووە هەموو زێڕهكانی بفرۆشێت و پارەکەی بدات بە باوکی، وای لێهاتووه ئێستا باوکی داوای لێ دەکات مانگانە پارەی پێ بدات بەهەر شێوەیەک بێت، ئەگەرنا دایکیان دەکوژێ. هێرۆ بەسەرهاتی بەشوودانی خۆی و خوشکەکەی بۆ "وشە" باس دەکات و له خهمێكی قووڵهوه نهێنییهكانی ژیانی دهخاته ڕوو.
باوکی هێرۆ هەردوو کچەکەی بە بڕی ٣٥٠٠ی دۆلاری ئهمهریكایی فرۆشتووە، بەڵام بە قسەی کچەکانی بێت، لە ماوەی ژیانی هاوسەرییاندا دوو هێندەی لێوەرگرتوون، جا بەزۆر بووبێت یا ئەوان لە ترسی ئازاردانی دایکیان پێیان دابێت.
هێرۆ ئهوه ناشارێتهوه كه خۆی ١٦ ساڵ و خوشکەکەی به ١٥ ساڵی لە یهك مانگدا بهشوو دراون بە دوو پیاو کە نە بینیبویانن نە ناسیوییانن و گوتی "چونكه خۆی لەگەڵیان ڕێکكەوتبوو هەردووکمانی بە شیربایی دا، من سەرەتا نەمدەزانی بە چەند فرۆشتوومی دوای دوو مانگ لە هاوسەرگیری كه یهكهم جاریش بوو لیچدانم خوارد، (ڕزگار)ی مێردم پێی گوتم بە ١٧٠٠$ تۆم كڕیوه، بۆیه لە قسهم دەربچی دەتنێرمەوە لای باوکە.....".
"بەڵام ئاگاداری خوشکەکەم بووم کە بە ١٨٠٠$ فرۆشتی، ژیانی من و خوشکەکەم لەلای هاوسەرەکانمان زۆر خراپە، بەڵام هێشتا باشترە لەوەی لای باوکم بەسەرمان دێت، بۆیە قبووڵی هەموو شتێک لە مێردەکانمان دەکەین" هێرۆ وای گوت.
هێرۆ خاوەنی منداڵێکە و خوشکەیشی خاوەن دوو منداڵ، هەرچەندە خۆیان باری ئابوورییان زۆرباش نییە، بەڵام لەبەر هەڕەشەی باوکیان ناچارن بەهەر جۆرێک بێت مانگانە و هەرکات باوکیان بیەوێت پارەی بۆ بنێرن، ئهگهرچی چهند جارێک بەهۆی بردنی پارە بۆ باوکی، رزگار سووكایهتی به هێرۆ كردووه.
وهك خۆی دهڵێ "جارێکیان باوکم پێوەندی پێوە کردم و گوتی ئەگەر بۆ بەیانی دوو ملێۆنم بۆ نەهێنی لەگەڵ دایکت یەک گۆڕتان دەبێت، منیش دەمزانی لەدەستی دێت و بەئاسانی ئازاری دایکم دەدات بههۆی بێكهسی دایكم، ناچار بووم لەگەڵ خوشکەکەم قسەم کرد و هەردووکمان بڕیارماندا هەندێک لە زێڕهكانمان بفرۆشین و پارەکەی پێبدهین، من لای رزگار گوتم لێم ون بووە، بەڵام بڕوای نەکرد و دەیزانی باوکم چۆنە، هەفتەیەک منی زیندانی كرد لە ژوورێکدا و کچەکەمی برد بۆ ماڵی دایکی.
"جارێکی تریش ٥٠٠ هازارم بە ناچاری لە ڕزگار دزی، ئەوکات زانی و دەری کردم، كهچی باوكیشم كه ناچاری دزی كردم، نهیگرتمه خۆی، بۆیە چوومه خانهی داڵدەدانی ئافرەتان، خوشکەکهشم بەهەمانشێوە چەندان جار ڕووبەڕووی کێشە بووتەوە بەهۆی دزی لە مێردەکەی". هێرۆ وای گوت.
ئهو كچه دهزانێ كارهكهی ههڵهیه و خوشكهكهیشی بهههمان شێوه، بۆیه تهحهمولی سزاكانی هاوسهرانیان دهكهن، بهڵام كێشهی ئهم دوو خوشكه نهبڕاوهیه و خهریكه ههراسانیان دهكات و چونكه به گوتهی خۆیان "ئهو ههڵهیهی به ئهنقهست دهیكهین و ناچار كراوین پێێ، شایانی ههموو سزایهكه، بهڵام نهیكهین دایكمان دهكهوێته مردن كه دهیشیكهین رهنگه خۆمان بمرین رۆژێك".
ئێستا هێرۆ و خوشکەکەی دەیانەوێت کار بکەن بۆ ئەوەی لە مووچەی خۆیان پارە بدەن بە باوکیان، بەڵام کاریان دەست ناکەوێت، باوکیشیان کە پێشتر کاری بازرگانی کردووە، ئێستا دەستی لە هەموو کارێک هەڵگرتووە و چاوەڕوانی دەستی کچەکانیەتی، تا بە دزی و ئاشکرا پارە لە مێردەکانیان ببەن و پێی بدەن. هێرۆ خۆی دەڵێ، چەند جار ویستویەتی خۆی بکوژێت بەڵام لەبەر دایکی و كچەکەی نەیتوانیووە چونکە دڵنیایە لەوەی باوکی نایهڵێ بژین به ئاسانی.
ئەو دوو خوشکە کە خۆیان بەقوربانی دەستی باوکیان دەزانن، ئێستا خەو بەوەوە دەبینن باوکیان دەست لەو کارەی هەڵگرێت و ڕێگە بدات لەگەڵ ئەو پیاوانەدا بژین کە پێی فرۆشتون.
PM:07:52:18/07/2017