پێشمەرگەی سلێمانی سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا



لە درێژەی ركابەرییەكانی خولی پلە یەكی كوردستان و لە یارییەكانی جەولەی پێنجەمی خولەكەدا , یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریگای ئاشتی و لەیاریەكی كۆمەڵەی دووەم پێشوازی لە یانەی هەڵەبجەی شەهید كرد .

لە سەرەتای یاریەكەوە یاریزانانی هەردوو یانە بە شێوازی هێرشبردن دەستیان پێكرد , تا لە دەقیقەی 5 دا جوتیار جەزا گۆڵی پێشكەوتنی یانەی پێشمەرگەی تۆمار كرد , دوا بەدوای ئەو گۆڵەش یاریزانانی پێشمەرگە جڵەوی یاریەكەیان گرتە دەست و دوای چەند هێرشێكی یەك لە دوا یەكیش , سەرەنجام لە دەقیقەی 18 دا دیار عەلی عارف گۆڵی دووەمی پێ بەخشین , هەروەها لە ناوەراستی گێمی یەكەمی یاریەكەشدا یاریزانانی پێشمەرگە فشارێكی زۆریان خستە سەر گۆڵی یانەی میوان و هەر بەو هۆیەشەوە لە دەقیقەی 30 دا رێكان رزگار گۆڵی سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد , هەرچەندە پێش تەواو بوونی گێمی یەكەمی یاریەكە یاریزانانی هەڵەبجەی شەهید هەموو هەوڵێكی خۆیان خستە كار گۆڵی یەكەمی خۆیان تۆمار بكەن , بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەرەنجام ئەو گێمە بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگە تەواو بوو .

لەگەڵ دەستپێكردنی گێمی دووەمی یاریەكە یاریزانانی میوان گوشارێكی زۆریان لەسەر گۆڵی یانەی بەرامبەر دروست كرد و هەر بەو هۆیەشەوە لە دەقیقەی 47 دا ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ هەژمار كردن و بەهادین بەكریش توانی گۆڵی یەكەمی یانەكەی پێ تۆمار بكات و جیاوازی گۆڵەكان كەم بكاتەوە , دوای ئەو گۆڵەش یاریزانانی هەڵەبجە هەموو هەوڵێكی خۆیان خستە كار گۆڵی دووەمی خۆیان تۆمار بكەن , بەڵام سەرجەم هەوڵەكانیان بێ سوود بوون و ئەنجامی یاریەكەش هیچ گۆرانكاریەكی بەسەردا نەهات , سەرەرای ئەوەی لە دوا دەقیقەكانی یاریەكەدا و بە دیاری كراوی لە دەقیقەی 84 دا ناوبژیوان سەرمەند كەریم یاریزانی هەڵەبجەی شەهیدی بە كارتی سوور كردە دەرەوە , بەڵام یاریزانانی یانەی پێشمەرگە سوودیان لە كەمی یاریزانانی یانەی بەرامبەر وەرنەگرت و نەیانتوانی گۆڵی زیاتر تۆمار بكەن , لە كۆتاییشدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك یانەی هەڵەبجەی شەهیدی دووچاری شكست كرد ,بەو بردنەوەیەش پێشمەرگە بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەكە بەهێز تر كرد .


spee-kfa


PM:08:03:12/02/2018