د. دارا محەمەد: ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت


د. دارا محەمەد، هەڵگری دكتۆرا لەبواری فەلسەفەی سیاسی توێژەر لە زانكۆی لەندەن، دەڵێت "ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت".

د. دارا محەمەد هەڵگری دكتۆرا لەبواری فەلسەفەی سیاسی توێژەر لە زانكۆی لەندەن لەو چاوپێكەوتنەدا كە بەشێوەی لایڤ لە تاراوگەوە لەگەڵ پەیجی "سپی میدیا" ئەنجامی داوەو تیشك دەخاتە سەر دۆخی ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان و بەتایبەت عەفرین.

سەبارەت بە دۆخی عەفرین ئەوەی خستەڕوو "لەئێستادا ڕۆژئاوا لەبەردەم هێرشێكی فراوانی توركیادایە، بەڵام وابەستەیە بە ململانێكانی ئەمیركا و ڕووسیا، ئەگەر جۆرێك لە سازش هەبێت لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ئەوەی عەفرین لەدەست بدرێت ئەوە بەدڵنیایەوە نایەوێت منبج لەدەست بدات".

ئەو پسپۆڕەی بواری فەلسەفە پێشیوایە ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدات گرنگیەكی گەورەی بۆ ئەمریكا نییە، بەڵام ئەو بەرگری و بەرخودانەی یەپەگە پیشانی دەدات جێگای شانازیە بێگومان كاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی دەرەوە.

سەبارەت بە داهاتووی سوریاش ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "ئەمریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان دەیەوێت بوونی خۆی بهێڵێتەوە لە سوریا ئەوەش لە ڕێگەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە، بەتایبەت كە كورد لە ڕۆژئاوا پڕۆژەیەكی سیاسی و فكری هەیە دەیەوێت جێبەجێی بكات لە سوریا ئەمە بە تەواوی لە هەرێمی كوردستان وونە".

د. دارا محەمەد دەربارەی بە دۆخی باشوری كوردستانیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە "هەرێمی كوردستان بە بوونی تەواوی هێزە كۆن و نوێكانەوە بە تەواوی خاڵین لە پڕۆژەیەكی  سیاسی فكری"، پێشیوایە ئەوەی ئێستا لە باشور ڕوودەدات "پەیوەندی بەو ڕیفراندۆمەوە هەیە كە دەرئەنجامەكەی داگیركردنی ناوچە جێناكۆكەكان بوو ئەوەشی تا ئێستا وایكردووە ئەم ناوچانە وەك خۆی بمێنێتەوە ئەو سەودایەیە كە هەردوو هێزی یەكێتی و پارتی بە دۆزی كوردەوە كردوویانە".

سەبارەت بەو هەڵبژاردن و گۆڕانكاریانەش كە ئەگەر هەیە ڕووبدات وتی "هەڵبژاردن لە ژینگەیەكی باشوری كوردستان كە سیستمێكی دیموكراسی نیە  جگە لە شتێكی ڕەمزی هیچیتر ناگەیەنێت، ئەگەر لە ڕوی ڕێژەی دەنگیشەوە هێزە بەدیلەكان بەهێزبن ئەوە لە واقعدا مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دەنگانە و دەستاودەستكردنی دەسەڵات نایەتە كایەوە".

ئەوەشی ڕوونكردەوە كە "دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆڕانكاری پێویستی بە كاركردن هەیە بە پرۆسێسێكی فراوان و درێژخایەن لەسەر ئاستی خوارەوە نەك تەنیا بیر لەوە بكرێتەوە سەرەوە بگۆڕدرێت، چونكە ئەمە خەیاڵە و بەخێرایی بەدەست نایەت".



AM:11:49:13/02/2018