وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینی بەهۆى زۆری ڕێژەى توشبوون بە کۆرۆنا بڕیارى داخستنى مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانیدا.
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێکەوتی ٣٠⁄ ٣⁄ ٢٠٢١، لەبەر زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، وە لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان بڕیار درا، سەرجەم شوێنە ئاینیەکان لە (مزگەوت و تەکیە و کلێسا و پەرستگا و هەموو شوێنە ئاینیەکانی تر) لە ڕۆژی پێنجشەممە ١ی نیسان تاوەکو ڕۆژی شەممە ١٠ی نیسان پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دابخرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕێگە بەھیچ بۆنە و کۆبوونەوەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوە و دەرەوەی ئەم شوێنانە نادرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە" ھاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنەکانی تر کەماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە داخراون، داوا لە مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نوێژخوێنان و ئاینەکانی تر دەکەین، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی ھاوڵاتیان بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن".