تایبەت.. ژمارەیەک لەو راوێژکارە سەربازیانەی ئەمەریکا کە دەچنە بەغدا لە کوردستانیش دەبن

‌هێزی تایبەتی ئەمەریکا دێتە کوردستانیش
لەو ٣٠٠ راوێژکارە سەربازیانەی ئەمەریکا کە دەنێردرێن بۆ عێراق ژمارەیەکیان دەنێرێنە هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کورد. 
سەرچاوەیەکی تایبەت بە سپی میدیای راگەیاند کە ژمارەیەک لەو هێزە سەربازییەی کە لەژێر ناونیشانی (راوێژکارانی سەربازی) دا ئەمەریکا رەوانەی عێراقی کردوون و کەژاوەکەی گەیشتوونەتە بەغداو پێکهاتوون لە دەستبژێرێکی  هێزەکانی ئەمەریکا، لەو ٣٠٠ سەربازە تایبەتە ژمارەیەکیشیان دێنە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ئەمەریکاو پانتاگۆن( وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ) و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەمیدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەو ٣٠٠ پسۆرە سەربازییە، هێزێکی زۆر تایبەتی ئەمەریکین، کارەکانیان بریتی دەبێت لەهەڵسەنگاندنی تواناکانی سووپای عێراق و هەڵسەنگاندنی شەڕەکە بەواقیعی و لەسەر زەوی. 
وەک سەرۆکی ئەمەریکاش بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند کە یەکێک لەکارەکانی تریان " دامەزراندنی ناوەندی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانە لە بەغداو لە باکوری عێراق ( مەبەست لە باکوری عێراق هەرێمی کوردستانە).
هەروەها یەکێک لەکارەکانی تری ئەم هێزە بەپێی راگەیاندنی میدیا جیهانییەکان گۆڕینەوەی زانیاری ئیستخباراتی و هەماهەنگیکردن و دانانی پلانە بۆ روبەروبوونەوەی چەکدارە ئیسلامییەکان.
هاوکات وەزارەرتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند کە فرۆکە سەربازییە چاودێرەکانی ئەمەریکا رۆژانە ٣٠ تا ٣٥ گەشتی چاودێری و دەستنیشان کردن بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەکەن.
لەساڵی ٢٠٠٣ لەسەرەتای شەڕی دووەمی کەنداو ئەو دەمەی تورکیا رێگای بەهێزی پیادەی سەربازی ئەمەریکا نەدا لەو وڵاتەوە هێرش بکاتە سەر عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا هیزێکی تایبەتیان ناردە هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزە کوردییەکان و وەشادندنی گورزی سەربازی دژی چەکدارەکانی ئەنسار ئیسلام لە هەورامان لەباکوری هەڵبجە و هەروەها هەماهەنگیکردن لەدژی سوپای رژێمی پێشووی عێراق.
ئەم هەماهەنگیەی کە لەرۆژانی داهاتوودا لەنێوان ئەو هێزە تایبەتەی ئەمەریکاو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمدا دورست دەبێت، بەپێی چاودێران متمانەی هێزەکانی ئەمەریکایە بە حکومەتی هەرێم.    




PM:02:25:25/06/2014