ئامادەكارییەكانی پێش وەرزی باران بارین ڕاگەیەندرا

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت" بەر لەھاتنی وەرزی باران بارین لە سلێمانی ئامادەکاری تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی لافاو روداوی سروشتی بەھانای ھاوڵاتیانەوە بچن و کارەساتە سروشتییەکان نەبنە ھۆی روداوی نەخوازراو". 

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی شارەکە کۆبوەوە و پلان و ھەنگاوەکانی وەرزی سەرما و باران بارین بۆ رێگریکردن لە روداو کارەساتی سروشتی تاوتوێ کرا. 

لە بارەی پلانی ئەمساڵ بەر لە ھاتنی وەرزی باران بارین قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند" وەک ھەنگاوی یەکەم تیمەکانی شارەوانی دەستیان کردوە بە پاککردنەوەی مەنۆڵ و ئاوەڕۆکان بۆ ئەوەی لەکاتی باران بارینی بەخوڕ رێگری بکرێت لە دروستبونی لافاودا و کارەسات و روداوی نەخوازراو".

ھەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بۆ ئەو شوێن و گەڕەکانەی سلێمانی دەکرێت کە لەساڵانی رابردودا بەھۆی دروستبونی لافاو زیانیان بەرکەوتوە
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بۆ ئەو شوێن و گەڕەکانەی سلێمانی دەکرێت کە لەساڵانی رابردودا بەھۆی دروستبونی لافاو زیانیان بەرکەوتوە ئەمەش لەرێگەی گرتنەبەری چەند ھەنگاوێکی پێویست و پێشوەخت بۆ رێگریکردن لە دروست بوونی لافاو زیان گەیاندن بە ھاوڵاتیان. 

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت" دوای ھەڵسەنگاندن بۆ کۆی ئەگەر و پێشھاتەکانی وەرزی زستانی ئەمساڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بە رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن و لەکاتی لافاو کارەساتی سروشتی بەھانای ھاوڵاتیانەوە بچن بۆ ئەوەی روداوە سروشتییەکان نەبنە ھۆی روداوی نەخوازراو کارەسات بار". 


PM:01:05:28/10/2021