بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆی دروستبوونی لافاو بەشێک لە رێگای سەرەکی هەولێر - شەقڵاوە داڕماوە، هۆشداریان دەداتێ لە رێڕەوی فسفۆرەکان دەرنەچن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە " بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی ئەمڕۆ و دروستبوونی لافاو بەشێک لە رێگای سەرەکی هەولێر - شەقڵاوە لە پشت کوڕێ لە بەرامبەر شێرەسوار داڕماوە و مەترسی دروستکردووە".
هەروەها هاتووە" ئێستا تیمەکانی هاتوچۆ لەو شوێنەندان و خەریکی دروستکردنی رێڕەوێکی سەلامەتن بۆ ئوتومبێلەکان و بەدرێژایی ئەو شوێنەی داڕوخاوە فسفۆڕ رێژدەکەن."
هاتوچۆ ئەوەش دەخاتەڕوو "داوا لە شۆفێران دەکەین لە رێڕەوی فسفۆرەکان دەرنەچن و لە شۆلدەرەکەی لای راستی رێگا نزیکمەبنەوە، چونکە ئەگەری داڕوخانی زیاتر هەیە."
شەپۆلێکی باران بارین دوو رۆژە زۆربەی شارەکانی هەرێمی گرتۆتەوە، لە شاری هەولێر لافاو دروستبوو و بەشێک لە هاوڵاتیانیش زیانی ماددیان بەرکەوت.