لەسەر رووداوەكەی هەولێر حكومەتی هەرێم داوای لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەكات


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رووداوی مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تەوەرێكی تایبەت بووە بەو مووشەكانەی ئاڕاستەی شاری هەولێر كران، ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوە، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی كردووە.
  

دەقی راگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیران..

ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێكدا (16-3-2022) ئاماژەی بەوەكرد،  لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا داواكراوە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی كە لە نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان.  


دەقی راگەیەنراوەكە:  

ئەنجومەنی وەزیران بە توندی هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی هەولێر سەركۆنە دەكات و داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان  

ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی داوا وپێداویستییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات  

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆبووەوە.  
 

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، كە تایبەت بوو بە بەرزڕاگرتنی یادی سی و چوارەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، ژمارەیەك پێشنیار و داواكاری  پارێزگای هەڵەبجە خرانەڕوو لە بوارە جیاجیاكانی تەواوكردنی هەیكەلیەتی ئیداریی پارێزگاكە و پڕكردنەوەی پێداویستی میلاك و دامەزراندن بۆ فەرمانگە وبەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكان وبودجەی پارێزگاكە و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندێتی بە پارێزگا لە ڕووی ئیداریی و داراییەوە وەك پارێزگایەكی نوێ، هەروەها بابەتی تێستی دی ئێن ئەی( ( DNAبۆ منداڵە وونبوەكان و چەند داواكاریی وپێشنیارێكی دیكە كە لە لایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرابوون، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای جەختكردنەوە لە پێویستی خزمەتكردنی هەڵەبجە وەك ئەركی لە پێشینەی حكومەت بە شێوەیەك شایستەی هەڵەبجە بێت ، دووپاتیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی كوردستان دەزانێت و ئەركی لەپێشینەی حكومەتە كە خزمەتێكی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەكەی بكات.  

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەك لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕابسپێرێت بۆ بەدوادچوونی خێرا و جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو یادداشتە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان و بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی ئەم پارێزگایە، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە پێویستە حكومەتی عێراق، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و برینداران و زیانلێكەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان و ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دیكەی كوردستان بگرێتە ئەستۆ هەروەك لە ماددەی 132ی دەستوور ئەم بەرپرسیاریەتییە بە ئاشكرا خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان.  
 
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن دەربارەی هێرشە مووشەكیەكەی سەر شوێنی نیشتەجیبوونی هاووڵاتییانی هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022-3-13 و بەسەركردنەوەی شوێنەكە لە لایەن سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری .  
 

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن.  

سەرۆك وەزیران ڕوونیكردەوە كە ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی كوردستان، هیچ بنەمایەكیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، وێڕای دووبارە بە توندی سەركۆنەكردنی ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر،  ئەنجومەنی وەزیران داوای كرد، لیژنەیەكی نێودەوڵەتیش كە لە نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان و ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان.  


لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕابسپێرێت كە پێویستە لە ئێستا زیاتر بە پێی تایبەتمەندێیتیان بەرپرسیاریەتی وەڵامدانەوە و چارەسەركردنی كێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بگرنە ئەستۆ، بە پێی تایبەتمەندێیتی هەر وەزارەتێك و لە چوارچێوەی ئەرك و دەسەڵات وبەرپرسیاریەتیان، كە ئەمە ئەركی وەزارەتەكانە نەك تەنها ئەنجومەنی وەزیران، لەم ڕووەشەوە وەزارەتەكان پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لە ڕووی پێدانی دەسەڵاتی پێویست پێیان و برەودان بە میكانیزمیی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان بە شێوەیەك پێویستە چالاكتر لە ئێستا بە دەنگ داواكاریی و پێداویستیەكانی هاووڵاتییانەوە بچن، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەكانی وەزارەت لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆكان و قەتیسنەكردنی دەسەڵات لە دیوانی وەزارەتەكان.  

لە دوابڕگەشدا ئەنجومەنی وەزیران، دڵنیایی دا بە مووچەخۆران كە پارەی پێویست دابینكراوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابووری ،لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە.  





PM:06:34:16/03/2022