"دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێت"

سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنیت" دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و ئه‌وه‌ش ڕۆڵی گرنگی له‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه‌". 

سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" یەکێک لە پێشینەی کارەکانمان لە ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە، بە ئەلیکترۆنی کردنی دۆسیەی فەرمانبەرانە، ئەو کارەش بۆ شەفافکردن و ئاشکراکردنی ناڕێکییە کارگێڕییەکانە، بەم هەنگاوە فەرمانبەری بندیوار و فەرمانبەری شایستە لێک جیا دەکرێنەوە و زۆر شتی دیکەش لێک جیا دەکرێنەوە".
ڕوونیشیکردەوە، ئەو پەڕاو و بەڵگەنامانەی لە دۆسیەی کەسی فەرمانبەراندا هەیە، لەسەر تۆماری ئۆنلاینی فەرمانبەر تۆماردەکرێت و هەر فەرمانبەرێک شوێنی تایبەتی خۆی هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا، زانیاری زیاتریش لەو دۆسیە ئەلیکترۆنییە تۆماردەکرێت، بەپێی ئەو زانیارییانە، دەتوانین فەرمانبەری زیادە میلاک و فەرمانبەری راستەقینە دەستنیشان بکەین. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە جەختیشیکردەوە، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران ئێستا لەسەر خشتەی ئەکسێلی ئۆنلاین دەستیپێکردووە و خەریکین ئەو خشتانە دەگۆڕین بۆ خشتە ئۆنلاینەکە، کارەکەش بە هاوکاری فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەم کارەوە، ئەو دۆسیەیانەی ئێستا لە فەرمانگەکان هەیە، وەکو ئەرشیفێکی کارەکانی فەرمانبەرە، بەڵام ئەو ئەلیکترۆنییە لە ئەرشیفێک زیاترە و فۆڕمێکی تێدایە بۆ هەڵسەنگاندنی فەرمانبەر و کارەکانی و شتی تریش لە خۆ دەگرێت.

سیراج بارزانی دوپاتیشیکردەوە، ئەو کارە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پرسی پلەبەرزکردنەوە و گواستنەوەی فەرمانبەرانیش.


AM:11:41:09/08/2022