رێنماییەكی گرنگ بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دەركرا


نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ سەرەڕای دانانەوەی وانەبێژانی پێشوو،  دەرفەتی كار بۆ 25 هەزار مامۆستای دیكەی وانەبێژ هەیە.  

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، میكانیزمی دانانەوەی وانەبێژان و دانانی وانەبێژی تازە، دەبێت لەسەر بنەمای رەچاوكردنی چەند خاڵ و رێكارێك بێت.  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان دبلۆمن، لە كۆلیژ و بەشە جیاوازەكان، وەكو خۆیان دادەندرێنەوە، دوای دانانەوەی ئەو وانەبێژانەش، ئەو كات ئەگەر بۆشایی هەبوو و پێویستی بە وانەبێژی زیاتر هەبوو، دەبێت پەروەردەكان فۆڕمی وانەبێژی دابەش بكەن".  

هەروەها كارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ بە میدیای پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەو ڕێنماییەی وەزیری پەروەردە بووەتە جێگای ڕەزامەندیی زۆرینەی وانەبێژان، بەتایبەت ئەوانەی لادرابوون.   

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەهۆی ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی وەزارەتی پەروەردە دەریكردوون، نزیكەی 25 هەزار وانەبێژی دیكە لە ناوەندەكانی خوێندن وەردەگیرێن، ئەو پەروەردانەی پێوستیان بە وانەبێژە، دوای دابەشكردنی فۆڕم، وانەبێژی تازە دادەنێن".  



PM:02:04:15/08/2022