"دوو تەقەکەرەکەی شەوی رابردووی شەقامی سالم دەستگیرکران"

کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکەی درەنگانی شەوی ڕابردووی شەقامی سالم بڵاوکردەوە. 

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی هاتووە" کاتژمێر (١١:٤٠)ی خولەکی شەوی ڕابردوو لە شەقامی سالم بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان شۆفێرێکی تاکسی و دوو کەسی ماتۆڕسوار شەڕ دروست دەبێت و لە شەڕەکەدا بە چەکی (دەمانچە) تەقە لە یەکتری دەکەن و دواتر هەڵدێن، بەمەش دەبنە هۆکاری پشێوی و نائارامی بۆ هاوڵاتییان، پاش رووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیان هەردوو تەقەکەرەکە بە ناوەکانی (ئەحمەد محەمەد مستەفا) و ( شاباز محەمەد مستەفا) دەستگیربکەین". 

ئاماژە بەوەشکراوە، دەست بەسەر ئەو چەکەدا گیراوە کە تەقەیان پێکردووە و دەرکەوت ئەم دوو کەسە لەناو شاری سلێمانیدا پێشینەی کێشە و نانەوەی پشێویان هەیە، هەردوو تۆمەتبار لە ئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر راگیراون. 

هەر لە بڵاوکراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات، هەرکەس سکاڵای لەسەر ئەو دوو کەسە هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بکات بە مەبەستی رێکاری یاسایی زیاتر بەرانبەریان.


PM:04:11:16/09/2022