سەرۆکایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان لە بەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە".
کەمێک پێش ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان (کاربەڕێکەر) لەبارەی سەردانەکەی برێت مەکگۆرک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئێمە پابەندی و پاڵپشتی خۆمان بۆ پهيوەندی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ حکومەتی وڵاته یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە".
دەشڵێت" هەرێمی کوردستان لە بەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە، ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکگرتووی و هاوکاری نێوان هەموو لایەنەکان، بە تایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لەدەستدایە".
هەر لە بڵاوکراوەکەدا سەرۆکایەتی هەرێم داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسهر بکەن.
دەقی راگەیەنراوەکە:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دهكات بە سەرۆکایەتیی بەڕێز برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و به ياوهريى بەڕێز ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.
ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ پهيوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ حکوومەتی وڵاته یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە.
داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسهر بکەن. ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین.
هاوکات پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی بهردهوامى چارەسهری كێشهكانی نێوان حکوومەتی فيدراڵيى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. وێڕاى سهختييهكانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران بهڕێز محەممەد شیاع ئهلسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین.
سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان
2023/1/18