لە پەیامێکی نوێیدا کە ئەمشەو ١٩ ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت " پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت".
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایدگەیەنێت " پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات".
لەو پەیامەدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی دەڵێت " خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن."
دەقی پەیامەکە..
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت.
ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و دروستکردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە.
ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە.
ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بەهەمووشێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە.
یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات.
سیاسەت بۆ ئێمە بریتی بووە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم رێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین.
دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی.
دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین.
پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات.
خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن.
دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان