وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ژمارەیەک هەلی کاری بەشێوەی گرێبەست بۆ دەرچوانی دانەمەزراو ڕاگەیاند دەڵێت" سەرجەم ئەو کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن پێویستە دانیشتوی شاری هەولێر بن".
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" رەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک لە دەرچووانی دانەمەزراو رادەگەیەنین بە شێوەی گرێبەستی نا حکومی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە کار و چالاکی ھاوبەش لەگەڵ وەزارەتمان ئەنجامدەدەن لە خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان و سەنتەرەکانی منداڵان و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی ھەڕەشەلێکراو و سەنتەرەکانی راھێنان بۆ زیاتر خزمەت کردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتییەکان".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، پاش دیاریکردنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی فۆرم و چاوپێکەوتن بە مەبەستی دامەزراندن، لە کۆبونەوەی رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە بە میکانزمێکی گونجا و ڕون بڕیاری لەسەردرا تا شایستەترین دیاریبکرێت.
مەرجەکان:
یەکەم:
پێویستە خوازیار تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر نەبێت.
دووەم:
پێویستە خوازیار دانیشتوی (سەنتەری شاری ھەولێر) بێت.
سێیەم:
پێویستە خوازیار زانیاری ڕاست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە.
چوارەم:
نابێت خوازیار موچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت.
پێنجەم:
ئارەزومەند پێویستە بەڵگەنامەکانی ( ئەێڵی و کۆپی کراو) لە ڕۆژی سەردانکردنی ئامادەبکات ( کارتی نیشتیمانی ، کارتی زانیاری ، پشتگیری موختاری گەڕەک ، بڕوانامە یان پشتگیری دەرچون) .
شەشەم:
پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای (نوسین، خوێندنەوە، قسەکردن) ھەبێت.
حەوتەم:
پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت.
هەشتەم:
پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندن (سیڤی) بە چەند قۆناغێک دەبێت .
قۆناغی یەکەم:
دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندن ڕاستەوخۆ دەبێت لە نوسینگەی تایبەتی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی یەک هەفتە پاشان بەڵگەنامەکانی لەگەڵ هاوپێچ بکرێت لە ناو دۆسێیەک لەئەمڕۆ سێشەممەوە لە کاتژمێر ٨:٣٠ تا ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ــ شەقامی گشتی شۆرش وەرگرتنی داواکاری دەستپێدەکات.
قۆناغی دووەم:
لەلایەن لیژنە تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵ بەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.