وەزیرێكی هەرێم: گەشبینین بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان


وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "گەشبینن بەوەی دوای سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق و هەرێم، هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەكاتەوە".

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاندووە "سەردانەكەی هاكان فیدان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە زۆر گرنگ بوو و لەرووی ئابووری، بازرگانییەوە، سیاسی و دیپلۆماسییەوە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا باشتر بكەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك پابەندبووە بە رێككەوتنە سیاسییەكانی لەگەڵ بەغدا، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵیش جیددی بێت لە چارەسەركردنی كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، كە مافێكی یاسایی و دەستووریی هەرێمە".

سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، ئایدن مەعروف وتویەتی "گەشبینم دوای سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك دەستپێدەكاتەوە، چونكە ئەمە مافێكی دەستووریی و یاسایی خەڵكی هەرێمی كوردستانە".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2023، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ كرا و دواتر لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكی عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و حزبی كۆبووەوە، دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە.



PM:01:25:27/08/2023