بڕی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە زیادیکردووە

حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوەی) هەرێمی کوردستان رایگەیاند،" ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی ٥٥٢ ملیار دینارە".

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییە، کە لە ڕێگەی گلدانەوە و پاڵاوتن و ناردنەوە، ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، ئێستا ٨١ پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، ڕۆژانە لەسەر ڕووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە ١١ پرۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە ڕێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە پێی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا ٢٥٠ لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک ٥٠٠ لیترە، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن.

ساڵانە پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا تا ئێستا هەندێک لە کۆڵان وقەزاکانی کوردستان بەهۆی نەبونی ئاوەوە دووچاری کێشەی کەم ئاوی دەبن، و لە ئێستادا تەندروستی هۆشداری داوە لە بەکارنەهێنان ونەخواردنەوەی ئاو تا لەسەرچآوەکەی دڵنیا نەبیت چونکە یەکێکە لەهۆکارەکانی نەخۆشی کۆلێرا .


PM:08:38:16/09/2023