بڕیاری دابەزاندنی نرخی نان و سەمون لە هەولێر جێبەجێدەکرێت

پارێزگاى هەولێر ڕایدەگەیەنێت" بڕیارى هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون دەچێتە بوارى جێبەجێکردن و هەرکەسێکیش پابه‌ندی بڕیارەکە نه‌بێت رووبه‌روی یاسا ده‌بێتەوە". 

پارێزگاى هەولێر ئەمشەو دووشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکى حکومەت کە ١٠ نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار، قایمقامى هەولێر بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى، لەگەڵ نوێنەرى سەندیکاى کرێکاران و ئەنجومەنى نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتى ١٨٠٠ نانەواخانە و سەموونخانەى شارى هەولێریان دەکرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا". 

ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە وەک پاڵپشتى و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لە مەودوا نرخى هەر لیترێک غاز ٥٠% داشکاندنى بۆ بکرێت و رۆژانە بە زیادەوە بە بڕى (٣٠٠) دینار بۆ هەر لیترێک غازیان بۆ دابین بکرێت کە خۆیان پێشتر بە (٦٠٠) دینار بۆ هەرلیترێک غازیان کڕیووە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە نرخى (٣٠) هەزار دینار بۆ هەر فەردەیەک ئاردیان پێ بفرۆشرێت و لە هەر تۆنێکیش فەردەیەک بە خۆڕایى پێیان دەدریت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر ئەمڕۆ تەواوى ئەم بڕیارانە چوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و نرخى فرۆشتنی (١٠) نان و سەموون بە هەزار دینارە، هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەکیش پابەندی‌ بڕیارەکە نەبێت ڕووبەڕووی‌ ڕێکاری‌ یاسایی دەبێتەوە.

"بڕیارەکە لە پێناوى چینى هەژار و خاوەنکارەکانە، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ روویدا کە هەندێک کەس بە ناوى خاوەن سەموونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرامبەر بریارەکە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنى بارودۆخەکە هیچی تر نەبوو، بەڵگەش بۆ ئەوە هەندێک لەوانەى لە نێو گردبوونەوەکەدا بوون بە دوور و نزیک پەیوەندیان بە سەموونخانە و نانەواخانەکان نەبووە". (لە ڕوونکردنەوەکەی پارێزگاى هەولێر ئاماژەی پێکراوە)


PM:10:01:08/01/2024