یۆنامی: دەبێت ئەو هێرشانەی سەروەری عێراق پێشێل دەکەن ڕابگیرێن

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر هەولێر هاتە دەنگ و داوا دەکات ئەو هێرشانەی کە سەروەری عێراق پێشێل دەکەن بوەستێنرێن. 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی ئێران دەکەین بۆسەر هەولێر کە قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە". 

یونامی دەشڵێت" پێویستە ئەو هێرشانەی کە سەروەری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی پێشێل دەکەن ڕابگیرێن، ئیتر لە هەر لایەکەوە بکرێت"، جەختیش دەکاتەوە کە" پێویستە پرسە ئەمنییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن نەک هێرش". 

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک ناوچە مەدەنییەکانی شاری هەولێری کردە ئامانج و بەو هۆیەوە (١٠) هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی. 


AM:10:31:16/01/2024