کەنەکە: بڕیارەکەی دادگای ئەنقەرە لە کۆشکی ئەردۆغانەوە دراوە

کەنەکە لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی دادگای ئەنقەرە کە دژی سەرکردەکانی هەدەپە بڕیاریدا دەڵێت" بڕیارەکەی دادگای تورکیا لە کۆشکی ئەردۆغانەوە دراوە، ئەردۆغان نەیتوانی کۆبانێ بخات". 

کۆنگرەى نەتەوەى کوردستان - کەنەکە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ لەسەر ئەو دۆسێیەیەی کە ناوی (دۆسیەی کۆبانێ) بوو، لە دادگای ئەنقەرە دانیشتن کرا و بڕیاری کۆتایی دەرچوو، ئەم دادگاییکردنە ٥ ساڵە بەردەوامە و ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد بە هاوسەرۆکانی هەدەپەشەوە دادگایی کران، بەگوێرەی ئەو بڕیارە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە، سزایەکی زۆر قورسیان بەسەردا درا". 

دەشڵێن" وەک دەزانرێت لە پاییزی ساڵی ٢٠١٤ بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک داعش هێرشیکردە سەر شاری کۆبانێ و شەڕێکی قورس و بەرفراوان لەو ناوچەیە ڕوویدا، گەلی کورد و ئازادیخوازان و دۆستانی کورد بەرەنگاری هێرشکاران بوونەوە و لە ئەنجامدا دەسەڵاتی ڕەش داعشیان تێکشکاند، لەو شەڕە قورسەدا، کاتێک هێزەکانی داعش لە پێشڕەویدا بوون، ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا چووە سنووری سووریا و بە دڵێکی خۆشەوە وتی: کۆبانێ کەوتووە، لەو سەردەمەدا کورد و دۆستی کورد لە هەموو کوردستان و لە جیهاندا لەسەرپێ بوون". 

باس لەوەشکراوە، وتارەکەی ئەردۆغان کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و گەلی کورد لە باکوری کوردستان راپەڕی، لەسەر داوای حکومەتی ئەردۆغان هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیانکردە سەر خەڵک و زیاتر لە ٥٠ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد.

ئەوەش هاتووە" حکومەتەکەی ئەردۆغان بەرپرسیار بوو لەو تاوانانە، بەڵام لە تۆڵەی تێکشانی داعش و بە مەبەستی پشتگیری ئەوان، تاوانەکەیان خستە ئەسۆی سیاسەتمەدارانی کورد، دوای شکستی داعش، حکومەتەکەی ئەردۆغان ویستی تۆڵە لە کورد بکاتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دوای چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە، ئەم مەحکەمەیەیان دەستپێکرد". 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم حوکمە یاسایی نییە، حوکمێکی سیاسییە، بڕیارەکە لە کۆشکی ئەردۆغانەوە دراوە، ئەردۆغان نەیتوانی کۆبانێ بخات، داعش دۆستی ئەردۆغان شکستی هێنا، هەر بۆیە ئێستا تۆڵەی خۆی دەکاتەوە.

کەنەکە دەشڵێت" بڕیارەکەی دوێنێ بڕیارێکی سیاسی و پلان بۆ داڕێژراوە، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەزاران دۆسێیەی لەم جۆرە لە دژی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد کراونەتەوە، ئەمە یەکێکە لەوانە ١٠٠ ساڵە رێبەر و سەرکردەکانی کورد لە دادگاکانی تورکیادا دادگای دەکرێن و سزا دەدرێن، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی بێتاوانی لەو دادگایانە دەرنەچووە و لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەشدا بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد زیندانی کراون، دادگا و دادگاییکردنی دوێنێش هەمان ڕێگای گرتەبەر". 

ئەوەش هاتووە" ئەم دادگاییکردنە، سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کورد دیاری دەکات، پێویستە هەموو کورد ئەم ڕاستییە ببینن و بە پێی ئەم ڕاستییەش هەڵسوکەوت بکەن، سیاسەتمەدارانی پشتگیرى کورد بەرخۆدانی کۆبانێیان کرد، ئێمە ئەم بڕیارە ترسناک و ناڕەوایە قبوڵ ناکەین، ئێمە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کوردداین و حکومەتی تورکیا شەرمەزار و ریسوا دەکەین و تا کۆتایی دژی ئەم نادادپەروەرییە دەوەستین". 

لە کۆتایدا هاتووە" داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد دەکەین لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەدا بێدەنگ نەبن و مافە ڕەوا و دیموکراسییەکانی خۆیان بەکاربهێنن، هاوکات داوا لە هاوپەیمانی دژە داعش و جیهانی دیموکراسیش دەکەین کە گەلی کورد بە تەنیا بەجێ نەهێڵن و پاڵپشتی سیاسەتمەدارانی کورد بکەن". 


AM:10:39:17/05/2024