لەسەر كێشەی پارەیە.. هاوڵاتییەك بە دەستی ئامۆزاكانی كوژرا

‌وێنەی قوربانی
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، چەند كەسێك كە ئامۆزای یەكترن، ئامۆزایەكی خۆیان بە چەقۆ و گوللەیەك كوشتووە و مامێكیشیان زامدار بووە كە دوو گوللە لە دەستی دراون، ئێستایش تۆمەتباران ڕایان كردووە و پۆلیس سەرقاڵی دەستگیركردنیانە.
 
ڕائید (كاروان خۆشناو) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتی، سەعات (٦:٣٠)ی ئێوارەی دوێنێ، پۆلیس لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی مەلایان لە هەولێر ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداو و دەركەوت كە چەند كەسێك كە ئامۆزای یەكترن، ئامۆزایەكی خۆیان بە ناوی (ا.ك.ح) تەمەن (٣٩) ساڵ بە چەقۆ و گوللەیەك كوشتووە، مامێكیشیان زامدار بووە كە دوو گوللە لە دەستی دراون.

ڕائید (كاروان) ڕوونیشی كردەوە، ئەمڕووداوە لەسەر كێشەی پارە بووە و پاش ئەوەی تۆمەتباران كە ئامۆزای كوژراوەكەن، دێنە سەر ماڵی ئامۆزاكەیان دەبێتە دەمەقاڵەیان، لە ئەنجامیشدا شەڕ ڕووی داوە و ئەم رووداوەی لێ كەوتووەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەشڵێت، لە لایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە كرایەوە و تۆمەتباران لە شوێنی تاوان رایان كردووە، ئێستایش پۆلیس سەرقاڵی دەستگیركردنیانە.


ئومێد پشدەری



PM:04:24:03/01/2015