سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن

 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د.یوسف محەمەد سادق، دەڵێت"بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، بڕیاری دادگایە و نابێت لەژێر هیچ فشار و پاساوێکدا هیچ کەس و لایەنێک، داڵدەی ئەو جاش و مستەشارانە بدات کە تاوانبارن لە کارەساتی ئەنفالدا.

ئەمڕۆ ٣ شەممە ١٢ی ئایار، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیکرد لە کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال و جینۆساید لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.

 لە کۆبوونەوەیەکدا نوێنەری ڕێکخراوەکان و چالاکوانان داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد، لەڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانەوە بەدواداچوون بۆ بڕیاری دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەنفال بکەن و ڕێگە نەدەن ئەو تاوانبارانە لەدادگا هەڵبێن.

لەبەشێکی تری وتەکانیاندا، نوێنەری ڕێکخراوەکانی ئەنفال، ڕەخنەیان لەو لایەنانە گرت لەژێر پاساوی جۆراوجۆردا، داڵدەی ئەو تاوانبارانەیان داوەو ئامادەنین بیانێرنە بەردەم دادگا.

سەرۆکی پەرلەمان وتی "دەبێت بڕیاری دادگا و دادوەران رێزی لێبگیرێت، ئەو جاش و مستەشارانەی تاوانبارن بە تاوانی بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفالدا بچنە بەردەم دادگا و دادگایی بکرێن.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، وتی " پشوو درێژبن،  چونکە ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال، بڕیاری پەرلەمان و دادگای باڵای تاوانەکانی هەیە و پێویستە ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ‌ تۆمه‌تباران ده‌ستگیر بكات و دادگا بڕیار بدات کێ تاوانبارە و کێ بێ تاوان".





PM:06:31:12/05/2015