ئەندامانی داواکاری گشتی سلێمانی پاڵپشتی لەداواکارییەکانی فەرمانبەرانی سلێمانی دەکەن و دەڵێن" ئێمە وەك ئەندامانی داواكاری گشتی سلێمانی پشتیوانی لەداواكاری هاوڵاتیانو فەرمانبەرانی هەرێم دەكەینو داواكارین لەلایەنه سیاسیەكان ڕێگری بكەن لەزیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی هەرێم".
هەروەها لە راگەیاندنەکەی داواکاری گشتی سلێمانیدا کە بۆ سەرجەم میدیاکان نێردراوە هاتووە"پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسیەكان ئەگەری پێشهاتی كارەساتبار لەبەرچاوبگرن كە نەتوانرێت جڵەوی بارودۆخەكە بگیرێتەوە".
بۆ/ ڕای گشتی لەهەرێمی كوردستان
بابەت/ یاداشت
فەرمانگەكەمان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لەئێستادا بە بەردەوامی كاری كردووە بۆ چەسپاندنی یاساو ڕێگری كردن لەهەر گەندەڵیو بەهەدەردانێك كە لەسامانی گشتیو لەداهاتی هەرێمدا دەكرێت، وە لەدیارترینیان:-
1- دۆسێ ی خانەنشینان كە بەنایاسایی چەندین كەس بەپلەی وەزیرو جێگری وەزیرو ڕاوێژكارو پلەی سەربازیو.. هتد خانەنیشن كراون 2- دۆسێ ی بردنی نەوتی خاو لەڕێی قاچاغەوە.
3- دۆسێ ی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی.
4- دۆسێ ی موڵكە داگیركراوەكان لەلایەن حزبو لایەنەكانەوە وە چەندین دۆسێ ی تر.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئەم بەرواره هیچ یەك لەم دۆسێیانە نەگەیەنراونەتە ئەنجامو لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنو یاسادانانەوە وە كاری جدی لەسەر نەكراوەو پشتگیری لەكارەكانمان نەكراوە، سەرەڕای بەدواداچوونو سكاڵا تۆماركردن لەسەر ئەوانەی كە كەمتەرخەم بوون، وە سكاڵاكانیش بەبێ هیچ ئەنجامێك لەدادگاكاندا ماونەتەوەو بەتایبەت ئەو سكاڵایانەی كە لەسەر بەرپرسە كارگێڕی حكومیی یە باڵاكان جوڵێنراون.
هەربۆیە ئێمە وەك ئەندامانی داواكاری گشتی سلێمانی پشتیوانی لەداواكاری هاوڵاتیانو فەرمانبەرانی هەرێم دەكەینو داواكارین لەلایەنه سیاسیەكان ڕێگری بكەن لەزیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی هەرێمو ڕێگەنەدان بەسیاسەتی دەرەكی بۆ قۆستنەوەی بارودۆخەكە بۆ لەناوبردنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵبدرێت بۆ یەكخستنەوەی هەڵوێستە سیاسی یەكانو دابین كردنی مافە سەرەتاییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم تا بتوانین بەیەك ڕیزو بەیەك هەڵوێست ڕووبەڕووی كێشە دەرەكی یەكانو شەڕی داعش ببینەوەو پشتوان بین بۆ برا پێشمەرگەكان لەبەرەكانی جەنگدا، وە داوا لەدەسەڵاتی یاسادانان دەكەین كە چاو بخشێنێتەوە بەو یاسایانەدا كە ڕێگرن لەچاكسازی لەهەرێم وە ڕێخۆشكەرن بۆ گەندەڵی وەك (یاسای وەبەرهێنان وە یاسای شارەوانی یەكانو یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 1992 وە یاساكانی لێبوردنی گشتی) كە فەرمانگەكەمان لەكاتی خۆیدا هەڵویستی هەبووە، بەڵام وەڵام نەدرایەوەو بەوەش زۆرێك لەدۆسێكانی گەندەڵی بەلێبوردنە گشتیەكان كۆتاییان پێهات، وە داوا لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكەین كە جێبەجێ كاربن بۆ كارەكانی داواكاری گشتیو بڕیارەكانی دادگاو دەستەی نەزاهەو چاودێری دارایی نەك ڕێگر بن بۆ هەوڵەكانی ئەو لایەنانە وە هەوڵبدرێت سەرجەم داهاتەكانی نەوتی هەرێمو داهاتەكانی تر ئاشكرا بكرێتو پرۆژەی چاكسازی بەكردار دەستیپێبكرێت.
وە لەكۆتایدا پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسیەكان ئەگەری پێشهاتی كارەساتبار لەبەرچاوبگرن كە نەتوانرێت جڵەوی بارودۆخەكە بگیرێتەوەو هەموو لایەكیش دڵنیادەكەینەوە كە فەرمانگەكەمان بەردەوام دەبێت لەبەدواداچوونی هۆكارەكانی گەندەڵیو ئەگەر لەئێستاشدا هەوڵەكانمان پشتگوێ بخرێت لەداهاتوودا سەروەری هەر بۆ یاسا دەبێت.
لەگەڵ ڕێزدا....
ئەندامانی داواكاری گشتی
لەفەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی