سپی ناوەرۆکی پرۆژەی چارەسەکردنی کێشەی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی بلآودەکاتەوە

‌فۆتۆ : لەئەکاونتی فەیسبووکی چەتۆ ساڵح ەوە وەرگیراوە
ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی پرۆژەیەک ئامادە دەکەن وەک دەرچەیەک بۆ چارەسەکردنی قەیرانی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی‌، (سپی)ش ناوەرۆکی ئەو پرۆژەیە بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەبەست لەو پرۆژەیە کە لیژنەیەکی٨ کەسی کاری لەسەر دەکەن و رەشنووسەکەی لەلایەن ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، فەرید ئەسەسەردەوە ئامادە کراوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە لەلایەن یەکێتییەوە بە یەکگرتووی، تا سازدانی کۆنگرەی گشتی حیزبەکەیان.

پرۆژەکە ناوی ( پڕۆژه ی پێكهێنانی - ده سته ی سه رۆكایه تی ) له ناو یه كێتی نیشتمانی كوردستاندایە، ناوەرۆکەکەی، دروستکردنی دەستەیەکی سەرۆکایەتییە تا سازدانی کۆنگرە. پرۆژەکە لەسێ لاپەڕە پێکدێت و سەرەتاکەی بە پێشەکییەک دەست پێدەکات، وەک خاوەن پرۆژەکە ئاماژەی بۆ دەکەن "بەشێوەیەک نوسراوە کە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا بگونجێت".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، شێوازای سەرکردایەتیکردن لەناو یەکێتیدا بەپێی ئەو پرۆژەیە دەستەیەک لە هەردوو جێگری سکرتێرو کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی و هێرۆ ئیبراهیم کەئەندامی مەکتەبی سیاسیە پێکدێت، واتە دەستەکە لە ( کۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح، هێرۆ ئیبراهیم، مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، قادر حەمەجان ) پێکدەهێنرێت، بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکیش، پرۆژەکە پێشنیاری سیستەمی هاوسەرۆکی، یان هەر ماوەیەکی دیاریکراو یەکێکیان سەرۆک بن، یان ئەو شەش کەسە ببنە دەستەیەکی سەرکردایەتی کاتی یەکێتی تا سازدانی کۆنگرە. سەبارەت بەدابەشکردنی کاریش هەر کەسێک لەوان دۆسیەیەک بەڕێوەبەرێت و بڕیار وەرگرتنیش بە کۆمەڵ دەبێت.

وەک سپی زانیویەتی خاوەنەکانی ئەو پرۆەژەیە دەیانەوێت ئەو دابەشبوونەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بەسەر هەردوو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم کە ١٧ بە ٢١ ئەندامن، تێپەڕێنن و کۆدەنگییەک لەناو سەرکردایەتییدا دروستبکەن کەسەرەتا داوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکەن، پاشان لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر پرۆەژەکە بدەن.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە پرۆژەکە ئاراستەی هەردوو جێگرەکەو دەستەی کارگێری و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەند کراون.
   
ئەو لیژنەیەی کار بۆ ئەو پرۆژەیە دەکات لە ٧ کەس پێکدێت کە لە هەردوو باڵەکەی تێدایەو پێکدێن لە" فەرید ئەسەسەرد، سامان گەرمیانی، سیروان کوێخا نەجم، بەرزان ئەحمەد کوردە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو عەلی عەسکەری، شێخ لەتیف، کادیری پێشکەووتووی یەکێتی".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو لیژنەیە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەماڵی چەتۆ ساڵح لەگەرەکی بەکرەجۆی سلێمانی کردووە، وەک بنەماڵەی چوار شەهیدی یەکێتی، دووەم کۆبوونەوەی خۆشیان لە ماڵی شاڵاو کوڕی سەرکردەی ناسراوی شەهیدی یەکێتی، عەلی عەسکەری لە شوقەکانی بەهاران لە سلێمانی سازکردووە.

ئەو لیژنەیە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی ناو یەکێتیدا ئەنجامداوە، هەنگاوی یەکەمیشیان سازدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتییەو دواتری دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیە بەهەموو ئەو چاکسازیانەی دەکرێت، دواتر وەک نەخشە رێگایەک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا کاتی سازدانی کۆنگرەی گشتی یەکێتی.

فۆتۆ : لەئەکاونتی فەیسبووکی چەتۆ ساڵح ەوە وەرگیراوە

   
 
 



PM:10:31:23/12/2015