"بابەتی وەرگرتنی پۆستمان لا گرنگ نییە،گرنگ چارەسەرکردنی کێشەکانە"

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بابەتی وەرگرتنی پۆست لای گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەسەسەرد ئەندامی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بەمیدیاكانی حیزبەكەی راگەیاند: پێدەچێت لەم ھەفتەیەدا یاخود سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، دانیشتن و گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ بکەینەوە، لەئێستاشدا ئامادەکاریی دەکرێت و کە ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامبدرێت .
 
لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، فەرید ئەسەسەرد روونکردنەوەیداو ئەوەشی ڕاگەیاند: تائێستا پێشنیازی لەو شێوەیە بۆ یەکێتی نەکراوە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بابەتی وەرگرتنی پۆست لای گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمە.

لەبارەی دەستپێشخەریەکەی یەکێتیش بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستانکار ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لەو دەستپێشخەریە، ئاشتبوونەوەی لایەنەکانە.

ئەوەشی وت:"ئەگەر مەبەستمان وەرگرتنی پۆست بوایە درێژەکێشانی ئەو گرژیە باشترین دەرفەت بوو بۆ وەرگرتنی پۆستەکان".

جەختیشیکردەوەو، ئەوەی ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانە لەم قۆناغەدا.



PM:02:43:03/01/2016