ئاسایشی سلێمانی چەند كەس دەستگیر دەكات

بەتۆمەتی تەقەكردن لەنزیك گەڕەكێكی سەرچنار، ئاسایشی سلێمانی چەند كەسێكی دەستگیر كردووەو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكات، لەوبارەیەشەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

بەپێی روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، شەوی دوو شەممە 30/5/2016، لەسلێمانی تەقە كراوەو بەو بۆنەیەشەوە چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەستپێكردون.

لەو رونكردنەوەیەدا ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لەگەڕەكی سەرچنار لەپڕۆژەی نیشتەجێبونی پاك سیتی، چەند كەسێك بۆ نانەوەی پشێوی تەقەیان لە چەند ماڵێك كردووە، چەند كەسێكیان دەستگیر كردوەو روبەڕوی یاسایان دەكەنەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەمو لایەك ئاگاداردەكەنەوە هەركەسێك بیەوێت تەقە بكات و پشێوی دروست بكات بەمەبەستی بەجێگەیاندنی مەرامی تایبەتی خۆی یان هەر هۆكارێكی تر دەستگیر دەكرێت و لێپێچینەوەی بەرامبەر دەكرێت.



PM:05:54:31/05/2016