بەرپرسێكی هەرێم: داعش لەهەولێر نزیك بووەتەوە

بەوتەی سەرۆکی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، "تیرۆریستانی داعش خۆیان خزاندۆتە ناو کەمپی ئاوارەکانی سنوری پارێزگای ھەولێرەوە".

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 17/8  لەشاری ھەولێر، دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ئاشکرایکرد، "چەکدارانی داعش لەنێو ئەو ھاوڵاتیانەدان کە خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، لەو ڕێگەیەشەوە دزەیان کردۆتە ناو کەمپەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر بەتایبەت کەمپی دیبەگە".

ئەو بەرپرسەی حکومەتی ھەرێم ئاشکراشیکرد، تیرۆریستانی داعش لەنێو کەمپی دیبەگە ئازاری ژنانی ئاوارەیان داوە.

سەبارەت بەمەترسی دزەکردنی تیرۆریستانیش، دیندار زێباری ئەوەیخستەڕوو، بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانرێت بەخێرایی تیرۆریستان لەھاوڵاتیانی ئاوارە جیا بکرێنەوە.

کەمپی دیبەگە بەدوری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای شاری ھەولێرەوەو تایبەتکراوە بەئاوارەکانی سنوری مەخمورو گوێڕ.



PM:01:25:17/08/2016